
هه‌موو ساڵێك له نێوان پۆله‌كانی 2 تا 5ی هه‌موو قوتابخانه‌كانی شاری لینشۆپینگ دا كێ‌به‌ركێ‌یه‌ك له نووسینی كورته رۆمانی منداڵانه دا له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌یێکی نێونه‌ته‌وه‌یی له وڵاتی سوئێد که له زۆربه‌ی کۆمۆنه‌کانی سوئێد دا بنکه‌یان هه‌یه به ناوی "SCIRA" (Swedish Council of the International Reading Association) بۆ قوتابی‌یه‌كان ساز ده‌كرێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مامۆستاکانی پۆله‌کان ناوی چه‌ند كه‌س له نووسه‌ره به ناوبانگه‌كانی كتێبی منداڵانه بۆ قوتابی‌یه‌كان باس ده‌كه‌ن و منداڵه‌كان بۆ خۆیان ده‌بێ به زمانی سوئێدی و به بیر و هزری خۆیان كۆرته رۆمانێك بنووسن و دوای ته‌واو بوون و دارشتنی كورته رۆمانه‌كه، قوتابی‌یه‌كان كورته رۆمان و نووسینه‌كه‌ی خۆیان پێشکه‌ش به مامۆستای پۆله‌كه‌یان ده‌که‌ن. دوای كۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو كورته رۆمانه‌كان، هه‌ئیه‌تێكی پێداچوونه‌وه له هه‌موو پارێزگای شاری لینشۆپینگ دا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێداچوونه‌وه دیاری ده‌كرێ. دیاره ئه‌وه جێگای ئاماژه‌یه كه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ هه‌ئیه‌تی پێداچوونه‌وه دیاری ده‌كرێن پسپۆری تایبه‌تن له بواری نووسینی ڕۆمانی منداڵانه و هه‌روه‌ها بارهێنانی منداڵان و ئه‌زموونێكی دوور و درێژیان هه‌یه له‌م بواره دا. ئه‌وان ته‌نیا ناروانه نووسینی منداڵه‌كه به‌ڵكوو ده‌روانه بیر‌و هزر و توانای ئه‌و منداڵه كه چۆن به خه‌یاڵی خۆی ڕۆمانه‌كه داده‌ڕێژێ و چۆن له‌و ته‌مه‌نه دا ده‌یهه‌وێ به نووسینی خۆی قه‌ره له قه‌ره‌ی نووسه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی كتێبی رۆمانه‌كانی مناڵانه بدات.
دوای ئه‌وه كه هه‌موو رۆمانه‌كان خوێندرانه‌وه، له لایه‌ن هه‌ئیه‌تی پێداچوونه‌وه و هه‌ڵبژاردن له هه‌ر یه‌ك له پۆله‌كان 2 مندال وه‌ک باشترین نووسه‌ری کورته رۆمان هه‌ڵده‌بژێرن و سه‌رجه‌م له سه‌ر یه‌ك به هه‌موو قوتابخانه‌كانی به‌شدار بوو 40 كه‌س دیاری ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵات و ناساندنیان وه‌ك باشترین نووسه‌ری ساڵ له بواری نووسینی كورته ڕۆمانی قوتابخانه‌كان له پارێزگای لینشۆپینگ دا و دوایه ناوی قوتابی‌یه هه‌ڵبژێردراوه‌کان به گشت قوتابخانه‌كانی ئه‌م شاره ده‌ناسێندرێن و بۆ ماوه‌ی یه‌ک حه‌وتوو کورته رۆمانه هه‌ڵبژێردراوه‌کان له کتێبخانه‌ی گشتی شار داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی بیان خه‌نه به‌رچاوی خوازیارانی کتێب و کورته رۆمان.
دوای ده‌ست نیشان كردن و هه‌ڵبژاردنی قوتابی‌یه نموونه‌كان له بورای نووسینی كورته رۆمان دا، ئێواره‌یه‌ك دیاری ده‌كه‌ن و دایك و باوك و كه‌س و كاری منداڵه‌كان و مامۆستاكان بانگ هێشتن ده‌كرێن و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌م كێ‌به‌ركێ‌یه بۆ به‌شدار بووان باس ده‌كرێت، ئه‌وجار هه‌ئیه‌تی پێداچوونه و بریارده‌ر به‌شێك له كورته ڕۆمانه به هێزه‌كانی هه‌ڵبژێردراو بۆ به‌شداربووان ده‌خوێننه‌وه و بواره به هێزه‌كانی ئه‌و كورته ڕۆمانه بۆ به‌شداربووان باس ده‌كه‌ن و هیوای سه‌ركه‌وتنی زیاتر له بواری خوێندن دا بۆ منداله‌كان به ئاوات ده‌خوازن، دوای ئه‌م به‌شه هه‌ر یه‌ك له منداڵه‌كان واته سه‌ره‌تا پۆله‌كانی دووهه‌م بانگ ده‌كه‌ن و دوای ئه‌وان پۆله‌كانی سێهه‌م، چواره‌م و پێنجه‌م بانگ ده‌كرێنه سه‌ر سه‌حنه و خه‌ڵاتیان پێشكه‌ش ده‌كرێ، دیاره خه‌ڵاته‌كان هه‌ر كتێبن، دانی ئه‌و خه‌ڵاته‌ش و پێک هێنانی ئه‌م کۆڕه زۆرتر به مه‌به‌ستی هان دانی منداڵه‌کانه.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌م بێرۆكه‌یه ئه‌وه‌یه كه هه‌ر له سه‌ره‌تای خوێندن را منداڵه‌كان فێر ده‌كه‌ن كه له نووسین و دارشتنی ڕۆمان و نووسینی دیكه نه‌ترسن و توانا و هێزی خۆیان وه‌گه‌ر بخه‌ن بۆ خۆپێگه‌یاندن و هاتنه مه‌یدانی نووسینه‌وه و به‌م شێوه‌یه منداڵه‌كان له بواری نووسینی تاكه كه‌سی و ئه‌ده‌بی دا هان ده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی جێگای سرنجه ئه‌وه‌یه كه دوو كه‌س له منداڵانی كوردی نیشته‌جێ له شاری لینشۆپینگ، له قوتابخانه‌ی به‌ک سکوولان(Bäckskolan) به ناوه‌كانی باوان كه‌ریمی له پۆلی ("2"ب) و دیمه‌ن ئه‌بووبه‌كری له پۆلی ("2" ئا) وه‌ك باشترین نووسه‌رانی ئه‌م كێ‌به‌ركێ‌یه دا هه‌ڵبژێردرا بوون و هات بوونه ریزی پێشه‌وه‌ی ئه‌م كێ‌به‌ركێ‌یه و به نووسینه‌كانیان توانیبوویان بگه‌نه پله‌ی یه‌كه‌م، ئه‌وان له کۆتایی خوێندنی پۆلی دووهه‌م دا ئه‌و كورته رۆمانانه‌یان نووسی بوون و ئه‌مسال دوای کرانه‌وه‌ی قوتابخانه، پێداچوونه‌وه به کورته رۆمانه‌کان ته‌واو ببوو، دیاره ئێستا باوان و دیمه‌ن قوتابی پۆلی سێهه‌می سه‌ره‌تایین.