مه‌حموود شیرزاد: هیوادارم هه‌موو مرۆڤێك تا ئه‌وكاته‌ی كه هه‌یه گه‌نجانه بژیت!!
لاوان: به‌ڕێز شێرزاد، ئیزن بده‌ن له خاڵێكی سه‌ره‌تاییه‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌و پرسیاره فه‌لسه‌فی‌یه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین كه ده‌پرسێ لاو كێ‌یه؟ بۆ وه‌ك توێژێكی كۆمه‌ڵگا پێناسه ده‌كرێ كه ره‌نگه ریشه‌ی پێناسه‌كردنی لاو وه‌ك توێژێكی كۆمه‌ڵگا، ریشه‌ی له ره‌هه‌ندی ته‌مه‌ن دا بێ؟ بۆ ده‌بێ لاوان به پێی ته‌مه‌نیان پێناسه بكرێن؟
و: دیاره پێناسه‌كردنی لاو له كۆمه‌ڵێك رووه زۆر سانایه‌و له هه‌ندێ رووی دیكه‌شه‌وه لاو شتێكه زۆر دره‌نگ خۆی به ده‌ستی پێناسه‌كردنه‌وه ده‌دا، یا باشتره بڵێین سنووره‌كانی به سانایی ده‌ست نیشان ناكرێت. بۆ نمونه له روانگه‌ی فیزیولۆجییه‌وه لاو به قۆناغێك له ته‌مه‌نی مرۆڤ ده‌گوترێ كه ئه‌و مرۆڤه له‌و قۆناغه‌دا له رووی فیزیولۆجییه‌وه جیا ده‌كرێته‌وه له مناڵی‌و دواتریش له پیری، واته ئه‌ندامه‌كانی له‌شی گه‌شه‌یان كردوه، ماسولكه‌كانی له به‌هێزترین قۆناغی خۆیان ده‌ژین، له رووی جنسی‌یه‌وه ئاماده‌یه بۆ پێوه‌ندی جنسی‌و مناڵداربوون‌و پێكه‌وه نانی خێزان، هه‌روه‌ها هه‌ستی سه‌ربه‌خۆبوون‌و خۆده‌ربازكردن له ژێر چه‌تری ئه‌وانی دیكه‌ش تێیدا به‌هێزه‌و...هتد. به‌ڵام له روانگه‌ی فكریی‌و كلتوورییه‌وه پێناسه كردنی گه‌نج زۆر دژواره، چونكه مرۆڤ به‌گشتی‌و گه‌نج وه‌ك نمونه هه‌ر به‌ته‌نیا دیارده‌یه‌كی عه‌ینی‌و هه‌ست پێكرا‌و نیه به‌ڵكوو بوونێكی كلتووری، فیكری‌و حاڵه‌تێكی شاراوه‌و ژێر ستراكتۆریشی هه‌یه. واته گه‌نج له‌و روانگه‌وه شوناسی خۆی له ئه‌ندامه‌كانی له‌شی وه‌رناگرێ، به‌ڵكوو گه‌نج‌و گه‌نجێتی ده‌به‌سرێنه‌وه به چۆنییه‌تی بیركردنه‌وه‌و سه‌رمایه‌ی كلتووری تاكه‌كه‌سی‌و كرده فكری‌و كلتوورییه‌كانی له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه تێیدا ده‌ژی. لێره‌وه هه‌ردوو پێناسه‌كه هه‌ریه‌كه‌و له‌روانگه‌كه‌ی خۆیه‌وه پێناسه‌یه‌كی لۆژیكین، به‌ڵام ئه‌و پێناسه‌یان كه رووبه‌ری گه‌نج ته‌نیا به تایبه‌تمه‌ندییه فیزیولۆجییه‌كان ده‌پێوێ، پێناسه‌كردنێكی سه‌رده‌می خوێنده‌واری "عه‌ینی"یه، واته ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی مروڤه سه‌ره‌تاییه‌كان به چاو به‌ده‌ستیان دێنا. ئه‌و پێناسه‌یه له‌و سه‌رده‌مه‌شدا‌و له نا‌و خه‌ڵكی سه‌رجاده‌دا هه‌یه‌و هه‌رده‌مێنێ‌و هه‌میشه‌ش له‌نا‌و ئه‌و چینه‌دا پێوه‌ر ده‌بێت بۆ جیاكردنه‌وه‌ی چینێك به ناوی گه‌نج له‌وانی دیكه. به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی جه‌سته‌یی به تایبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌شێكی زۆر په‌راوێزی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه كه گه‌نجی له‌سه‌ر پێناسه ده‌كرێت. چونكه جیا له‌لایه‌نی فكریی‌و سه‌رمایه‌ی فه‌رهه‌نگی تاكه‌كه‌سی، ئه‌مرۆ لێهاتووییه تكنیكییه‌كانیش بنه‌مایه‌كی گرینگن بۆ پێناسه كردنی مرۆڤ وه‌ك كائینێكی هاوچه‌رخانه، بۆ نمونه ئه‌مرۆ كه‌سێك نه‌توانێ به ئامێره مودێڕنه‌كان ئیش بكا(دیاره نه‌ك به‌مه‌به‌ستی فه‌نده‌مێنتالیستانه به‌ڵكوو به‌شێوه‌یه‌كی مودێڕن‌و له‌روانگه‌ی فكریشه‌وه به شێوه‌ی ئاسۆیی) مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه نیه، كه‌وابوو مادام مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه نیه‌و ناشتوانێ مرۆڤی داهاتووش بێت، واته مرۆڤی رابردوویه و مرۆڤی رابردووش به تایبه‌ت له‌رووی هزرییه‌وه جگه له هه‌ندێ بژارده‌و كه‌سی ناوازه یانی مرۆڤی پیر. بۆیه وه‌ك خۆم هه‌ر به‌ته‌نیا گه‌نج وه‌ك جه‌سته نابینم به‌ڵكوو گه‌نج وه‌ك به‌شێك له مه‌عریفه‌و كلتووری هاوچه‌رخ‌و لێهاتوویی تكنیكی سه‌یر ده‌كه‌م‌و پێم وایه باشترین گه‌نج ئه‌و گه‌نجه‌یه كه هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ی تێدابێت.
لاوان: به پێی ئه‌و پێناسه‌گه‌له‌ی كه له لاوان ده‌كرێ و به پێی چاوه‌ڕوانی‌یه‌كان كه له لاوان ده‌كرێ، ئایا له بنه‌ڕه‌ت دا ده‌كرێ ئێمه بڵێین كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان (كوردستان) كۆمه‌ڵگایه‌كی لاوه؟، ئه‌گه‌ر وایه تا چ راده‌یه‌ك كه‌ڵك له لاوان وه‌رگیراوه، هۆكاره‌كانی كه‌ڵك وه‌رگرتن و كه‌ڵك وه‌رنه‌گرتن له لاوان چین؟
و: كۆمه‌ڵگای كوردی وه‌ك جه‌سته كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌نجه، به‌ڵام وه‌كوو فكر‌و كلتوور‌و لێهاتووییه تكنیكییه‌كان كۆمه‌ڵگایه‌یه‌كی پیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستییه كه جگه له ده‌ست پانكردنه‌وه‌و خواردن‌و پیسكردنی ده‌ورووبه‌ر هیچ ئیشێكیتری تا ئێستا له ده‌ست نه‌هاتووه. یانی كۆمه‌ڵگایه‌كی به جه‌سته گه‌نج، به عه‌قڵ‌و كلتوور‌و لێهاتوویی تكنیكی‌و هه‌روه‌ها به رۆڵ‌و كاریگه‌ریش پیره. له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا گه‌نج وه‌ك دیارده‌یه‌كی فیزیولۆجی سه‌یر‌و پێناسه ده‌كرێت، واته دیارده‌یه‌كی به جه‌سته ئاماده به‌ڵام بێ ئه‌زموونی بێ نێوه‌رۆك كه هه‌موو ئه‌ركه‌كانی بۆ ئه‌وه كورتده‌كرێته‌وه كه له خزمه‌ت پیر‌و پیریی دابێت، واته پیری فیزیكی‌و پیری فه‌رهه‌نگی. كه‌واته ئێمه هه‌ر هه‌موومان هه‌ر له مناڵێكی 6–7 ساڵانه‌وه تا پیرترین كه‌سه‌كان رۆژانه خه‌ریكی ئه‌زموون كردنی ژیانێكی پیرانه‌ی بێ كه‌ڵكی پڕوپوچین، كه‌چی له‌ولاوه به‌كۆمه‌ڵێك "وێنا" خۆمان فریو ده‌ده‌ین. لێره‌وه خاڵی هه‌ره‌گرینگی وه‌رچه‌رخان ئه‌وه‌یه خۆمان له خه‌یاڵ‌و وێنا بستێنینه‌وه، واته ده‌بێت خۆمان بڕوخێنین‌و له‌سه‌ر مۆدێله تازه‌كان خۆمان دروست كه‌ینه‌وه. ده‌بێت بزانیین به‌راستی پیرانه ژیانكردن‌و مامه‌ڵه‌كردنی پیرانه ئه‌ویش به‌و شێوه گشگیره‌ی كه لای ئێمه هه‌یه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ته‌نیا گه‌مژییه‌كی ئێستا كوژه به‌ڵكوو كاره‌ساتێكه داهاتووشمان ئیفلیج ده‌كات.
لاوان: به‌ڕێزت پێشتریش سه‌باره‌ت به لاوان، كێشه و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رامبه‌ر به خه‌ون و ویسته‌كانی و ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به سه‌ربزێوی‌یه‌كانی لاوان له كۆمه‌ڵگادا و هۆكاری ئه‌و سه‌ركه‌شیانه نووسین و وتارت هه‌بووه. ئه‌گه‌ر ده‌كرێ له‌و باره‌وه و سه‌باره‌ت به نوێترین رووانگه‌كان و به تایبه‌تی رووانگه‌ی به‌ڕێزت له‌و بواره‌دا بۆمان بدوێی؟
و: دیاره من تا ئێستا له یه‌ك- دوو نوسینی كورت زیاتر شتێكی ئه‌وتۆم له‌سه‌ر گه‌نج نه‌كردوه، هیوادارم له داهاتوودا به حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بوێرم بڵێم خوێندكاری سوسیولۆژیام بتوانم ریسێرچێكم له سه‌ر كۆمه‌ڵناسی گه‌نج هه‌بێت.
به‌ڵام باسی گه‌نج‌و خه‌ون و سه‌ربزێویت كرد، لێره‌وه ده‌بێت بزانیین كه سه‌ربزێوی یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌نجه، واته سه‌ربزێوی له پێنا‌و به‌دی هێنانی خه‌ونه‌كانیدا. یانی به مانایه‌كی دیكه گه‌نج ده‌بێت بوونه‌وه‌رێكی بزۆزی پێكهاته شكێنی دریدایی، مرۆڤێكی سه‌ركه‌شی نیچه‌یی، كائینێكی گومانكاری دیكارتی، گیانله‌به‌رێكی ئیشكه‌ری ماركسی‌و...هتد بێت. به راستی ئه‌و كه‌سه با به‌جه‌سته‌و ته‌مه‌نیش لاو بێت به‌ڵام بۆ گه‌نجه كاتێ ده‌بێته پاشكۆیه‌كی ناشیرینی باوكی یا درێژكراوه‌ی سه‌ركرده‌و نوسه‌ر‌و هونه‌رمه‌ند‌و حیزبێكی خه‌ڵه‌فاو!؟ بۆیه ده‌بێت گه‌نج هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدا بێت، به مانایه‌كی گشتگیرتر تا راده‌یه‌ك ئه‌وتایبه‌تمه‌ندییانه نیشانه‌ی گه‌نجێتین جا له‌هه‌ر ته‌مه‌نێك دا بیت. به‌ڵام گه‌نج له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌موو شتێكه به‌س گه‌نج نیه. بۆیه له چوارچێوه‌ی پێناسه مودێڕنه‌كاندا جێ ناگرێت. به‌س له رێگه‌ی ئه‌و پێناسانه‌وه ده‌توانین گه‌نجی كۆمه‌ڵگای خۆمان باشتر بناسین.
لاوان: گومان له‌وه‌دا نی‌یه كه دیارده‌ی گلۆبالیزم و به‌جیهانیبوون، كار ده‌كاته سه‌ر پێناسه‌ی لاوان، كار ده‌كاته سه‌ر شێوه‌ی گرفت و خه‌ون و ئامانجه‌كانی لاوان و هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و ره‌هه‌ندگه‌له‌ی كه پێوه‌ندی به لاوان و چاره‌نووس و كاریگه‌ری لاوان له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌كرێ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ش شیكردنه‌وه‌ت هه‌بێ.
و: پرسیارێكی سه‌رده‌میانه‌و جوانت وروژاند. به‌ڵام پێویسته سه‌ره‌تا جیاكارێك بكه‌ین له نێوان ئه‌و دوو چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌ی كه باست كردن، واته گلۆبالیزم‌و گلۆبالیزه‌یشن(به‌جیهانیبوون). گلۆبالیزم مێژووییه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساته وه‌ختی له‌دایك بوونی تیۆری سه‌رمایه‌داری ماركس، واته ئه‌وه‌ی كه ماركس ده‌ڵێت سه‌رمایه‌داری بۆ ئه‌وه‌ی بژیت ده‌بێت خۆی به جیهانی بكات، واته ببێت به دیارده‌یه‌كی جیهانی. لێره‌وه گلۆبالیزم دیارده‌یه‌كی جیهانیه، واته سه‌رمایه‌داری گلۆبالیزمه. به‌ڵام گلۆبالیزه‌یشن مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داران‌و خاوه‌ن كۆمپانیا‌و شه‌ریكه‌گه‌وره‌كانی جیهان له ساڵی 1970 له شارۆچكه‌ی داووس له باكوری سوئیسدا، واته له‌و كۆبوونه‌وه‌دا باسی ئه‌وه كرا كه كۆمپانیا‌و شه‌ریكه‌كان لقه‌كانی خۆیان به دنیادا بڵاو بكه‌نه‌وه. لێره‌وه گلۆبالیزه‌یشن به‌مانای به‌جیهانی كردنی دیارده‌كانه، یانی به‌سه‌رمایه‌داریی كردنی جیهان گلۆبالیزه‌یشنه. به كورتی گلۆبالیزم دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌و گلۆبالیزه‌یشن به‌جیهانیكردنی دیارده‌كانه.
لێره‌وه له هه‌فتاكانه‌وه به جیهانیبوون ده‌ستی پێكردووه به‌ڵام تا نیوه‌ی دووهه‌می نه‌وه‌ده‌كان‌و تا ئه‌و كاته‌ی ئینته‌رنێت ده‌گاته كوردستان، ناگاته ئێمه‌و تیشكێكی ئه‌وتۆمان ناخاته سه‌ر، به تایبه‌ت كه ئه‌منییه‌ت نیه‌و ئه‌بزاره‌كانی دیكه‌ی نا‌و ئه‌و پڕۆسه‌یه ناتوانن بێنه كوردستان‌و كاریگه‌ری خۆیانمان له‌سه‌ر به جێ بێڵێن. له دوای 11/9 /2001وه مه‌سه‌له‌كه خێراتر‌و رووخاندنی ئه‌فغانستان‌و به‌عس خێراتری ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك كه ئێستا ئێمه له‌سه‌ر هێڵی خوێناوی وێككه‌وتنی گلۆبالیزه‌یشن‌و فه‌نده‌مێنتالیزمی توندره‌وه‌ی لۆكاڵداین. ئه‌م دۆخه نه‌ته‌نیا له‌سه‌ر پێناسه‌كان به‌ڵكوو له‌سه‌ر هه‌مووی دنیای ماددی‌و مه‌عنه‌ویمان شوێنی داناوه‌و داده‌نێت. ئه‌لێره‌وه‌یه كه گه‌نجیش ده‌كه‌وێته ژێر باندۆره‌وه به‌ڵام زۆر به‌كه‌می، ئێستا ئه‌و ساته وه‌خته‌یه كه گه‌نج ده‌بێت هێلێك له نێوان خه‌واڵویوی دوێنێ‌و خێرایی ئێستادا دابنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و جوڵه‌و پێویستییه مێژووییه له‌لایه‌ن به تایبه‌ت گه‌نجه‌كانه‌وه به‌ده‌گمه‌ن ده‌بیندرێت، بۆ وێنه من زۆر سه‌رسامم به‌و رێژه زۆره‌ی گه‌نجان كه له‌یه‌ك رۆژدا ده‌توان فه‌زا‌و كه‌ره‌سته‌كانی نا‌و كۆفینێت، نا‌و زانكۆ و نا‌و مزگه‌وتیش ئه‌زموون بكه‌ن‌و هیچ پرسیارێكیشان بۆ نه‌یه‌ته پێش، به نیسبه‌ت هیچ یه‌ك له‌و فه‌زایانه تووشی گومان نه‌بن. ئه‌وه یانی زۆرینه‌ی گه‌نجان ناتوانن هه‌ستێكی تاراده‌یه‌ك جه‌وهه‌ری به سه‌رده‌می خۆیان بكه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌گه‌ر ته‌كنۆلۆژیای سه‌ته‌لایت‌و ئینته‌رنێت خێراییه‌كی كه‌میش دروست بكه‌ن ئه‌وه كۆمه‌ڵگا‌و بنه‌ماڵه‌و مزگه‌وت‌و فه‌زا سوننه‌تییه‌كانیتر ئه‌و خێرایه هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه. بۆیه لێره‌وه بژارده‌و ریكخراوه‌و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كان ئه‌ركێكی زۆر قورسیان ده‌كه‌وێته سه‌ر شان.
ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ی ئه‌و دۆخه ئه‌وه‌یه كه تایبه‌تمه‌ندی‌و حه‌ز‌و خه‌ونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه‌مره‌نگ ده‌كاته‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندی‌و خولیای یونیوێرساڵی‌و جیهانییان له جێگه داده‌نێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه زۆر ترسناكه چونكه ئه‌و بابه‌ته بۆ ئێمه كه هێشتا نه‌ته‌وه نین‌و ده‌وڵه‌ت‌و شوناسێكی دیاریكراومان نیه یاریكردن نیه له نێوان دووجه‌مسه‌ری خۆت‌و جیهان، به‌ڵكوو دۆڕاندنی خۆته به كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جیهانی، هه‌ر ئه‌وه‌شه وای كردووه له‌لایه‌ك گه‌نجی ئێمه ته‌نیا گۆڕانی فۆرمیك وه‌ربگرێت له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به نیسبه‌ت تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی ئینتمایه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت. بۆیه من زۆر له‌داهاتووی خۆمان ده‌ترسم چوونكه به‌و هه‌مووه خه‌ڵكه بێ نێوه‌رۆك‌و بێ ئینتمایه‌وه داهاتوویه‌كی ترسناك چاوه‌ڕوانمان ده‌كات، ته‌نانه‌ت شانسی نه‌وه‌كانی پێشووتریشمان نیه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بێ نێوه‌رۆك بوون دۆخه‌كه‌ش دۆخێكی خه‌واڵوو سوننه‌تی بوو، به‌ڵام ئێمه ئه‌گه‌ر بێ نێوه‌رۆكین دۆخه‌كه دۆخی ئاڵۆزیی‌و خیراییه‌كی له وێنا به‌ده‌ره.
لاوان: به بڕوای به‌ڕێزت ره‌وتێك كه زۆرترین رێژه‌ی لاوانی كورد، به تایبه‌تی له به‌شی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له ده‌وری خۆی كۆكردبێته‌وه چی‌یه؟ گوتاره زاڵه‌كانی ئه‌مڕۆكه له لاوان دا چین؟
و: دیاره دروست نیه بڵێین ره‌وت، به تایبه‌ت له رووی عه‌قڵانییه‌تی كلتوورییه‌وه. بۆیه باشتره بڵێن ئه‌و كه‌ره‌ستانه چین كه زۆرترین رێژه‌ی گه‌نجیان له خۆیان كۆكردۆته‌وه؟ ئه‌وكه‌ره‌سته‌و ته‌كنۆلۆژییانه بریتین له سه‌ته‌لایت، ئینته‌رنێت،DVD، موبایل، SMS، بلوتووس‌و كه‌ره‌سته‌كانی یاریكردن، جل‌وبه‌رگ‌و مۆدیله جیاجیاكانی خۆ رازاندنه‌وه‌و...هتد. لێره‌وه ئه‌وه‌ی گرینگه بیزانین ئه‌وه‌یه كه ئه‌و كه‌ره‌ستانه به‌و شێوه‌یه كه لای ئێمه ئاماده‌ن ناتوانن ره‌وتێكی جه‌وهه‌ری دروست بكه‌ن، چوونكه هه‌ر هه‌موویان له خزمه‌ت قه‌ره‌باڵغی‌و رووكه‌شسازیدان. یانی هاوكات كه دونیای ئێمه‌یان ئاڵۆزكردووه‌و سه‌ری ئێمه‌یان به خۆیانه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، له هه‌مان كاتدا رۆژ به رۆژ به‌ره‌و رووكه‌شبوونێكی زیاترمان ده‌به‌ن، یانی ئه‌گه‌ر زۆر بێ په‌رده قسه بكه‌م مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌ره‌ستانه له غیابی عه‌قڵ‌و كلتووری تكنیكیدا خه‌ڵك‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی گه‌مژه‌مان بۆ به‌رهه‌م دێنن، واته ته‌كنۆلۆژیا‌و كه‌ره‌سته‌ی گه‌مژه په‌روه‌رن. به‌ڵام ده‌كرێت به‌رنامه‌مان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له درێژخایه‌ندا ئه‌و هاوسه‌نگییه بگۆرین، واته بیانكه‌ین به كه‌ره‌سته‌ی عه‌قڵ په‌روه‌ر‌و ره‌وتسازی فه‌رهه‌نگی‌و سیاسی. بۆ نمونه یه‌كیه‌تی لاوان ده‌توانێت به‌رنامه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌ی هه‌بێت ئه‌گه‌ر ته‌كانێك له خۆی بدات‌و ده‌ست له كێشه بێ ناوه‌رۆكه‌كانی ده‌ورووبه‌ری هه‌ڵگرێ، ده‌ست بكات به مه‌عریفه‌تی خۆی‌و ده‌ورووبه‌ری‌و ئیشی پراكتیكی بكات، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌سێك سه‌رده‌كه‌وێ یا ده‌سكه‌وتێكی زیاتری ده‌بێت كه به‌رده‌وام تیۆر، عه‌قڵانییه‌تی هاوچه‌رخ، تكنیك‌و پراكتیك جێگۆركێ پێبكات‌و بیانكات به یه‌ك.
لاوان: پێت وایه رێكخراوه سینفی‌یه‌كان به گشتی، بۆ وێنه یه‌ك له‌وان یه‌كیه‌تیی لاوانی دێمۆكراتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ده‌بێ چی بۆ لاوان بكه‌ن؟ ئه‌ركه‌كانیان چین؟ لاوان ده‌بێ له به‌رامبه‌ر ئه‌و رێكخراوگه‌له‌دا چی بكه‌ن و چۆن مامڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن؟
و: ده‌زانی كێشه‌ی سه‌ره‌كی ریكخراوه‌كانی گه‌نجان‌و ته‌نانه‌ت خوێندكارییه‌كانیش ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر مۆدێلی حیزب‌و ریكخراوه كلاسیك‌و پیره‌كان خۆیان مانیفست ده‌كه‌ن. یانی رایه‌ڵ‌و پۆیان یه‌ك شته. ئه‌وه زۆر ترسناكه، ئێوه به‌و شێوه‌یه هیچ ئیشێكی تازه‌تان بۆ ناكرێت. ده‌بێت به كرده‌وه‌و به سیسته‌م‌و ساختار خۆتان بگۆرن، یانی بۆ وێنه له به‌یاننامه‌و راگه‌یاندراوه‌كاندا وه‌ك ئه‌وان مه‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێك خاڵ ریزبكه‌ن‌و پاشانیش تاكه‌دانه‌كیان به قۆناغی كرده‌وه نه‌گه‌یه‌نن. ئه‌وان هه‌ر ده‌ڵێن ئه‌و هه‌نگاوانه هه‌ڵدێنینه‌وه‌و دوایش ده‌بینین هیچ هه‌ڵناهێنه‌وه. ئێوه ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ جیاواز بن هه‌نگاوه‌كه هه‌ڵێننه‌وه ئینجا بڵێن ئه‌و هه‌نگاوه‌مان هه‌ڵێنایه‌وه. وه‌ك خۆم زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و تیۆره‌دا كه ده‌ڵی: ئیشكه‌ت ئه‌نجام بده ئینجا قسه‌و راڤه‌ی بكه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌تان له ده‌ست بێت هه‌م ده‌یسه‌لمێنن كه گه‌نجی سه‌رده‌میانه‌ی ئیشكه‌رن‌و ئه‌ركه‌كانی خۆتان جێبه‌جێ كردووه، هه‌م خه‌ڵكتان له‌ده‌ور كۆ ده‌بێته‌وه.
لاوان: له كۆتایی‌دا ئه‌وپه‌ڕی رێز و پێزانینی خۆمان ئاڕاسته‌ی به‌ڕێزت ده‌كه‌ین كه ده‌ره‌تانی ئه‌و وتووێژه‌ت له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا رێكخست. ئه‌گه‌ر شتێكی تایبه‌تی، په‌یامێك یان وته‌یه‌كت هه‌یه فه‌رموو؟
و: زۆر سپاس بۆ ئێوه‌ش، هیوادارم هه‌موو مرۆڤێك تا ئه‌وكاته‌ی كه هه‌یه گه‌نجانه بژیت.