به‌ڕێز مه‌ده‌نی: ده‌لیلێك بۆ پاشه‌كشه و شكسته ستراتیژییه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا نابینم. گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه به هێمنی و له سه‌ره‌خۆیی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چن.
ئاماده‌كردنی: حه‌سه‌ن شێخانی
ئاماژه‌یه‌كی كورت:
دوای یازده‌ی سێپتامبری 2001، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌رانبه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕانی به سه‌ردا هات. ئه‌مریكا بۆ دابینكردنی ئه‌منییه‌تی وڵاته‌كه‌ی و له راستای خه‌بات دژی تیرۆریزم سیاسه‌تی دێمۆكراتیزه‌كردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره و باكووری ئه‌فریقای گرته پێش. له‌م پێوه‌ندی‌یه‌دا ئه‌مریكا بۆ له نێوبردنی بنه و باره‌گای تیرۆریستان هێرشی كرده سه‌ر ئه‌فغانستان و ئه‌لقاعییده و تالیبانی له‌و ناوچه‌یه هه‌ڵته‌كاند. پاشان له رێگای هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر عێراق، رژێمی دیكتاتۆری به‌عسیشی رووخاند، به سه‌رنجدان به‌و قه‌یرانه‌ی كه ئێستا له وه‌زعی ناوخۆی عێراق دا ده‌یبینین، به‌شێك له توێژه‌رانی سیاسی باس له شكستی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه و نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن، ئه‌م بۆچوونه تا چه‌ند راسته؟ له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌دا كوردستان چ جێگه و شوێنێكی هه‌یه؟ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له لایه‌ن یه‌كێك له وڵاته نادیمۆكراتیكه‌كانی ناوچه‌دا واته ئێران داگیرا كراوه له چوارچێوه‌ی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا چ ده‌ره‌تانێكی پۆزه‌تیڤی بۆ ده‌ڕه‌خسێ؟ بۆ زانینی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه و تاوتوێ كردنی هێندێك له لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه، دیمانه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك حوسێن مه‌ده‌نی، سیاسه‌تمه‌داری ناسراو پێكهێناوه كه ئه‌مه ده‌قی ئه‌و وتووێژه‌یه:
پرسیار: لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره بریتیی له چییه؟
حوسێن مه‌ده‌نی: پرسیاره‌كه گشتی‌یه، ده‌كرێ له ته‌وه‌ری ده‌سته‌واژه‌ی "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره" دا شڕۆڤه‌ی بكه‌ین. جیهانبینی‌یه‌كی مۆدێرنمان له ئاستی ژێئۆستراتیژی و ژیئۆپولیتكی ناوچه و ئه‌ویش له قه‌باره‌یه‌كی كه له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش باڕستایی زیاتره، ئاراسته ده‌كات. موناسه‌باتی سیاسی و پێوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای بازاڕی ئازاد و، په‌ره‌سه‌ندنی بنه‌ما ئابوورییه‌كان و زه‌قبوونه‌وه‌ی بایه‌خه دیمۆكراتیكه‌كان به كۆ، ده‌سه‌ڵاتدارێتیی حوكمڕانانی وڵاتانی ناو بازنه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه كه له ژێر ته‌وژمی ترادیسیۆنه ره‌هاكاندا چه‌قبه‌ستوو ماونه‌ته‌وه، ده‌یانشڵه‌قێنێ. قاوغه‌كه‌ی، به گشتیی باكووری ئه‌فریقا و ناوچه‌ی باشووری رۆژئاوای ئاسیا وه‌به‌رخۆی ده‌دات. ره‌هه‌ندی جوغرافیایی ئه‌و وڵاتانه وه‌كوو، هه‌ڵكه‌وت، ره‌گه‌ز، ئایین یان لێك جیاواز و ناسازگارن. ته‌نیا به حوكمی وه‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی ستراتیژیكیی وڵاتانی رۆژئاوا هاتۆته گۆڕێ.
ئامانجه ستراتیژییه‌كانی ئه‌مریكا له هێنانه گۆڕێی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه به بڕوای من ده‌كرێ له سێ خاڵ دا پۆلێنه‌به‌ندی بكه‌ین:
یه‌كیان: بێگومان نه‌وت و وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت مژاری سه‌ره‌كی‌یه بۆ دارێژه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره. به واته‌یه‌ك له‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌دا نه‌وت قسه‌ی یه‌كه‌م ده‌كات. هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌شه دوو حه‌وزه‌ی گرینگی نه‌وتی كه‌نداوی فارس و حه‌وزه‌ی حه‌زه‌ر لێك ده‌به‌سترێن.
دووه‌میان: گرێدانی باكووری ئه‌فریقا به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێزكردنی سنووری نێوان دوو قارره‌ی ئورووپا و ئه‌فریقا كه به‌رگری بكات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دژبه‌ره شارستانییه‌كان له مابه‌ینی دوو دونیای كلاسیك و مۆدێرنیزم دا و به تایبه‌تیی له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه روواڵه‌تی ئایینی (ئیسلام – مه‌سیحییه‌ت) هه‌ڵدێنی، ئاوری كێشه‌كان به‌تین تر ده‌كه‌نه‌وه. ئورووپاش كه له خێر و بێری نه‌وتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره سوودمه‌ند ده‌بێت، هێوری و پێكه‌وه‌سازان و قه‌ناعه‌ت هێنانی جێگای رژدییه‌كان بگرێته‌وه.
سێهه‌م: وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست كه پێشتر ئه‌ندامی بلووكبه‌ندیی یه‌كیه‌تیی سۆڤییه‌ت بوون بۆ ئه‌مریكا و رۆژئاوا گرینگه. ئه‌مریكا له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌توانێ رووسیا و چین و هیند له ژێر چاوه‌دێریی وردی خۆی‌دا رایان گرێت. ئه‌م سێ وڵاته به خێرایی له په‌ره‌سه‌ندنی ئابووریدان و خه‌ریكن ده‌بنه زلهێزی جیهانی، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێ بۆوه‌ی ره‌خنه نه‌كه‌نه ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جڵه‌ویان بگرێ. ئه‌و كێ‌به‌ركێ‌یه بێ‌شك له دوا رۆژدا زیاتر ده‌ور هه‌ڵده‌گرێ و به ته‌وژمتر ده‌بێت.
پرسیار: دێمۆكراتیزه‌كردنی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه ده‌ژمێردرێ، به بڕوای ئێوه ئاسۆیی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م مژاره تا چ راده‌یه‌كه؟
له راستی‌دا ئه‌مریكا بۆ سه‌رخستنی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه به درووشمی خه‌بات دژی تیرۆر، په‌ره‌پێدانی ئازادی و دیمۆكراسی له ناوچه‌كه‌دا هاتۆته مه‌یدان. ئاماژه‌كردنی ئه‌مریكا به‌و درووشمانه و به‌رزكردنه‌وه و ریزبه‌ندییان به دووی یه‌كتری‌دا، به ته‌واو درووست و له جێی خۆیان دان. چونكه ناوه‌ڕۆكی حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتداریتی له نێوخوی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا ئه‌غڵه‌ب كلاسیكی و دواكه‌وتوو و دیكتاتۆرانه و بێدادانه‌یه.
هیچ كام له‌و وڵاتانه بێجگه له‌وه‌ی كه حه‌ز له هیچ ئاڵوگۆڕێكی سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تیی ناكه‌ن، به‌ڵكوو به چه‌كی تیرۆریشه‌وه هاتوونه‌ته مه‌یدان و له دژی راوه‌ستاون. گه‌لانی ناوچه‌كه به‌داخه‌وه رۆژێك تامی ئازادی و دێمۆكراسی‌یان نه‌چێشتووه و ترادسیۆنی خێڵه‌كی و هۆزایه‌تیی ناو بازنه داخراوه‌كان چه‌ندین فۆڕماسیۆن، له سه‌ر یه‌ك كه‌ڵه‌كه كراون و نه‌گۆڕ هێشتوویاننه‌وه و به نه‌ریتێكی بێ وزه و تێك ته‌پیو له كش و ماتی و بـێ‌جووڵه‌دا رایان هێناون. زۆریش ئاسته‌نگه ئه‌و شێوه راهێنانه‌یان له مێشك و ده‌ماره‌كانیان دا بشۆردرێته‌وه. نه‌ریت شكێنی كاری به‌رده‌وامی په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی جه‌سته‌یی ده‌وێ. ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ئێستا له وه‌زعی ناوخۆی عیراق دا ده‌یبینین، دوای هه‌موو ئه‌و خۆ ماندوو كردنه‌ی كه ئه‌مریكا و هێزه‌كانی هاوپه‌یمان بۆ سه‌قامگیركردنی ئازادی و دێمۆكراسی و فیدرالی ده‌یكێشن، ئێستاش مه‌ودایه‌كی دوور و درێژی له پێشه‌وه بۆ دابینكردنی ئه‌منییه‌ت له‌و وڵاته‌دا. با ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌مریكا بۆ رووخاندنی قه‌ڵای دیكتاتۆرییه‌تی سه‌ددام حوسێن و هێنانه سه‌ر كاری حكوومه‌تێكی دێمۆكراتیك خزمه‌تێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی به رزگاریی گه‌لانی عیراق و یه‌ك له‌وان گه‌لی كوردستان كرد. ئه‌مریكا له به‌رده‌م تاقیكارییه‌كی یه‌كجار گرینگی گۆڕانكاریی ناوچه‌كه‌دایه، به‌ر له هه‌موو شتێك پێویسته به زووترین كات به هه‌ڵه سیاسی – نیزامی‌یه‌كانی‌دا بچێته‌وه، ئه‌زموونی لێك به‌ستنی زۆره‌ملی سێ قه‌واره‌ی سووننه و شێعه و كورد، كاره‌ستانه نگریسه‌كانی ئه‌نفال و كیماباران كردن وه‌بیردێننه‌وه كه به‌ڕاستی رابردوویه‌كی پڕ له مه‌ینه‌ت و شكست خواردووی 80 ساڵه‌ی مێژووی گه‌لانی عێراق به دووی خۆی‌دا ره‌كێش ده‌كات. هه‌ر ئێستاش ئه‌و سێ قه‌واره‌یه زیاتر لێكتڕ بڵاوبوون و هه‌روا به یه‌كه‌وه ناڕێك و نامۆ به یه‌كترین، ته‌نیا له نیزامێكی كۆنفێدراڵی و له سێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا ده‌توانن له قه‌باره‌ی عیراق دا بمێننه‌وه. له‌و رێگه‌وه ئه‌مریكا ده‌توانێ ئۆلگوویه‌كی باش له نیزامێكی دیمۆكراتیك و هێمایه‌كی به‌وه‌ج له عێراق دا بخاته ڕوو و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش ده‌توانن وێنه‌ی لـێ هه‌ڵبگرنه‌وه. كه‌واته قسه‌كردن له شكستی پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره كه هێشتا قۆناغه‌كانی نه‌بڕیوه به درووستی نازانم. یارییه دیپلۆماسی‌یه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وڵاته عه‌ره‌به‌كان كه زۆربه‌یان دۆستی ستراتیژیكیی ئه‌مریكا بوون تا ئێستاش نادیاره، ده‌كرێ ئه‌و بۆشاییه به وه‌رچه‌رخانێكی پۆزیتوانه‌ی سیاسی له نێوان ئه‌مریكا و ولاته عه‌ڕه‌به‌كان دا پڕ ببێته‌وه و یارمه‌تیده‌رێكی به‌هێز بێ بۆ سه‌رخستنی گه‌ڵاڵه‌كه.
پرسیار: له نێو ئه‌م پڕۆژانه‌دا كه له چوارچێوه‌ی "رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره‌دا" به ئه‌نجام ده‌گه‌ن، كوردستان چ جێگه و شوێنێكی هه‌یه!
حوسێن مه‌ده‌نی: بێگومان ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین سه‌ركه‌وتنی گه‌ڵاڵه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره له سه‌ر یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورددایه. نه‌ته‌وه‌ی كورد له ژێر قه‌مچی سته‌مكاری نیزامه دیكتاتۆره‌كان چه‌میوه‌ته‌وه و له به‌ر نه‌بوونی ئازادی و دێمۆكراسی جه‌سته‌ی ماندوو و شه‌كه‌ت بووه. سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیی و ناعه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی پرزه‌یان بڕیوه. خاكی كوردستان له نێوبه‌ندی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره هه‌ڵكه‌وتووه، نرخ و بایه‌خی ستراتیژكی و ژێئۆپۆلیتیكیی خۆی هه‌یه. هه‌ر چه‌شنه ریفۆڕمێك بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌ی ئازادی و دێمۆكراسی و داكۆكی له مافی مرۆڤ بێته ئاراوه كوردستان ده‌بووژێنێته‌وه.
پرسیار: رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له لایه‌ن یه‌كێك له وڵاته نادێمۆكراتیكه‌كانی ناوچه‌دا واته "ئێران" داگیركراوه له چوارچێوه‌ی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌دا چ ده‌ره‌تانێكی پۆزه‌تیڤی بۆ دڕه‌خسێ؟
حوسێن مه‌ده‌نی: ئێرانیش یه‌كێك له‌و ولاتانه‌یه كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره ده‌یگرێته‌وه. بێجگه له‌وه‌ش یه‌كێك له‌و وڵاته ده‌وڵه‌مه‌ند و گرینگانه‌یه كه "رۆژئاوا" قه‌ت ناتوانێ سێره‌ی له سه‌ر سه‌ری هه‌ڵبگرێ. چونكه وڵاته‌كه هه‌ڵكه‌وتێكی شازی ژیئۆپولتیكی و ژیئۆستراتیژیكی له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه به تایبه‌تیی له باكوور و باشووری ئێران دا.
كاربه‌ده‌ستانی ئێران، چ له ئاستی گه‌ڵاڵه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره و چ له به‌رامبه‌ر حزووری راسته‌وخۆی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا زۆر زیره‌كانه و بێ سڵه‌مینه‌وه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و خه‌ریكی "فرافكنی"یه. له سووریا و لوبنان و فه‌له‌ستین و عیراق، له رێگای حه‌ماس و حیزبووڵڵا و شیعه‌كان و عه‌له‌وییه‌كانه‌وه قورسایی سیاسی و ئایینی و ملیشیایی هه‌یه و بۆته یه‌كێك له فاكتۆره به‌هێزه‌كانی ناوچه‌كه، كه‌وانه‌یه‌كی یه‌كڕیز و پته‌وی له ناوچه‌كه‌دا رێكخستووه. بوونی ئه‌و وه‌زعه‌ی ئَێران وای له ئه‌مریكا كردوه بۆ رێگه‌گرتن له زێده خوازییه‌كانی عه‌ڕه‌بی سووننه و هێوركردنه‌وه‌ی باری ئه‌منیی عێراق، پێویستی به هاوكاریی ئێران هه‌بێ وم "مێحوه‌ری شه‌راره‌ت" و شه‌یتانی گه‌وره! به‌یه‌كه‌وه دانوستان بكه‌ن. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ئه‌وه ئێرانه جارێ مه‌ترسیی هێرشی ئه‌مریكای له سه‌ر خۆی به لانیكه‌م گه‌یاندووه. ئه‌مریكاش به ته‌جرووبه‌ی ئێستای عێراق، حازر نابێ وه‌زعه‌كه له خۆی ئاڵۆزتر بكات، ئه‌م سێناریۆیه هه‌روا هاسان گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. له به‌رامبه‌ردا ئێرانیش ئه‌و وڵاته نیه خۆی بكاته كه‌وا سووری پێش له‌شكه‌ر و هه‌موو ریسكێك قه‌بووڵ بكات، له هه‌لومه‌رجی ناسك دا ناتوانێ له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا پڕ كێش بكات.
هه‌رچه‌ند وه‌زعی ئێران نادیمۆكراتیكه، به‌ڵام له چاو وڵاتانی ناوچه‌كه، له نیزامی حوكمڕانی‌دا هه‌نگاوێك له پێشتره، له‌وه‌ش گرینگتر فه‌رهه‌نگ و شارستانییه‌تی پێشكه‌وتووی گه‌لانی ئێران له‌چاو گه‌لانی ناوچه‌كه هه‌ڵگری په‌یامی چاكسازی له هه‌موو بواره‌كانی ژیان دان زۆر له سه‌رترن و به باوه‌شێكی ئاواڵه‌وه به پێشوازیی ئازادی و دێمۆكراسی‌یه‌وه ده‌چن.
پرسیار: هه‌نووكه به‌شێك له توێژه‌رانی سیاسی باس له شكستی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه و نه‌گونجانی له‌گه‌ڵ بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن، پێتان وایه ئه‌م بۆچوونه تا چه‌نده راسته؟
حوسێن مه‌ده‌نی: هه‌موو گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان ئه‌ویش له ئاسته‌مترین شوێنی ئه‌م جیهانه كه زه‌مینه‌ی ره‌خسانیان تێدا لاوازه كردێكی پڕ له كه‌ند و كۆسپه، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ناوخۆی وه‌كوو ستراكتۆری كۆمه‌ڵگاكان، ده‌سه‌ڵاته دواكه‌وتووه‌كان، كێشه‌ی هێزه‌كانی ئیقلیمی(ناوچه‌یی) له سه‌ر خاك و سنوور و ده‌ستێوه‌ردانیان له كاروباری یه‌كتری له‌وانه‌ش گرینگتر، كێ‌به‌ركێی زلهێزه جیهانی‌یه‌كان بۆ سه‌یته‌ركردن به سه‌ر وڵاته‌كانیان دا كه ده‌وڵه‌مه‌ندن و بازاڕیان گه‌رمه، بازاڕی سیاسه‌ت و دیپلۆماسییه‌تی ناوچه‌كه‌یان كردۆته گه‌رده‌لوولێك كه خۆ لـێ ده‌ربازكردنی بۆ لای ده‌راوێكی روون پڕ ئاڵۆزه و ناكرێ هه‌روا به سه‌ریان دا قه‌ڵمباز بده‌ین.
پێویسته له‌و فۆرموله ئاگادار بین، هه‌ر هێزێكی جیهانی بتوانێ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره بخاته ژێر چاوه‌دێریی خۆی، قه‌باڵه‌كه‌ی به ناوی "تاكه زلهێزی جیهانی" لانیكه‌م بۆ دوو ده‌یه‌ی‌تر، تۆمار ده‌كرێ. كه‌واته نابێ هه‌روا زوو و به خێرایی له سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ی جیهانی كه چاره‌نووسی سیاسیی – ئابووری دوارۆژی زۆر وڵات به لایه‌ك دا ده‌خات، قسه له شكست یان سه‌ركه‌وتنه‌كانی هه‌روا سووك به كۆتایی نایه‌ن. ده‌بێ ورد و پارێزه‌ر بۆی بچین. با ئه‌وه‌ش بڵێم بۆ سه‌رخستنی گه‌ڵاڵه‌یه‌ك مه‌رج نیه هه‌موو به‌نده‌كانی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه هاوكات و به یه‌كه‌وه وه‌دی بێن. ره‌وتی هه‌نگاو به هه‌نگاو و له لایه‌ك، گشت و خاوكردنه‌وه‌ی خاڵه‌كه‌كان و یه‌كده‌نگی و بلووك به‌ندیی وڵاتانی رۆژئاوا ده‌توانێ رێگا بۆ سه‌رخستن گه‌ڵاڵه‌كه خۆش بكات. به گشتیی و به تایبه‌تیی، چاره‌نووسی داهاتووی ئورووپا به ئه‌مریكا گرێدراوه. ئورووپا له شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌مریكادا شه‌ریكه. به‌ڵام ئه‌مریكا وه‌ك "ئه‌به‌رقودره‌تی(زلهێز) ئه‌م جیهانه بارقورساییه‌كی زۆری كه‌وتۆته ئه‌ستۆی، رێگای پاشه‌كشه‌كردنی نه‌ماوه، ناچاریشه، پێچ و قۆرته‌كانی ئه‌م ئه‌زمه‌یه‌ی كه تێی كه‌وتووه بیبڕێ. هێزی ماڵی، نیزامی و تێكنۆلۆژیای ئه‌مریكا له ئاستی جیهانی و ناوچه‌یی‌دا بێ هاوتایه.
ده‌لیلێك بۆ پاشه‌كشه و شكسته ستراتیژییه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا نابینم. گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه به هێمنی و له سه‌ره‌خۆیی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چن.