
دوای ئەوەی بۆ هەمیشە رۆیشت، ژیان بە لامەوە وەك كابووسێكی لـێهاتبوو. ناسیاویی ئەو بۆ من پڕ بوو لە دەرسو پەیامی جوان. یەكەمجار مانای خەباتو راسانم لەو بیست. ئەویش ئەوكاتەبوو دایكم وەزاڵە هاتبوو لەدەست ئەجوولییەكانی منی سیانزە ـ چواردە ساڵا. بە دایكمی وت لێی گەڕێ، ئەمە دەبێ بۆ خەباتو راسان پەروەردە بكرێ.
.....
لەبیرمە پێی وتم .... رووناكیو ژیانەوە لە چاوەكانتا دەبینم! بۆیە ناوت دەنێم "هەتاو"! وتم نا نا، من رەشم هەتاوم لـێنایە! پێكەنییو وتی كچەكە تۆ بیركردنەوەكانت رووناكن! پاشان ئەمە ناوێكی نهێنییە، هەر منو تۆ دەبێ بیزانین كە بۆ چ كاتێك بەكاری بێنین. وتی باشە ناوێكی دیكەت بۆ دادەنێم بەڵام لەمەیانا مەلـێ نابێ! ...."باران".
وتم ئاخ¬ چ خۆشە باران!
بەڵام بۆ باران؟! وتی لەبەر ئەوەی هەر لە تنۆكی باران دەچی، بەڵام بارانێكی بەخوڕو تووڕە! ئەو رۆژەش باران دەباری. هەناسەیەكی هەڵاكێشاو وتی: ئەی خوا چەندەم باران خۆش دەوێ.... !
ئەم دێڕە، خۆشەویستییەكی پاكی تێكەڵاوی كارە نهێنییەكانم كرد. لە دوای بەخشینی ئەو ناوە بە من، تەنیا جارێك دیتمەوە، ئەو پەیامانەی كە دەبوو بە ناوی "باران"ەوە بۆ من هاتبان، قەتم گوێ لـێنەبوو، چونكە بارانی لەگەڵا خۆی بردە بن گڵەوە.
ماوەیەكی دوورو درێژ باران لە ژیانی مندا بە پێچەوانەی ئێستام خەمەكانمی دەگەیاندە لووتكە. تا لە ماڵەوە بووم هەركات باران دەباری دەچوومە ژوورێكەوەو چاوم لە شووشەی پەنجەرەی ژوورەكە دەبڕیو لەگەڵا نمە نمەی بارانەكە كە بە پەنجەرەكەدا دەهاتەخوارو، منیش لەگەڵا هەڵدانەوەی لاپەڕەی بیرەوەرییەكانم تنۆك تنۆك فرمێسكم دەباراند. بارانو شووشەی پەنجەرەكە نەبێ كەس فرمێسكەكانمی نەدەدیت، دایكم هەستی بە دڵتەنگی من دەكرد. دەیزانی خەمێكی قووڵا لە ناخمایە، بەڵام قەت فرمێسكەكانمی نەدیت.
خۆ ئەگەر پەیامە بەجێماوەكانی ئەو نەبووایە، خەمی ئەو كۆچەی زوو لە ریشەوە هەڵی دەكێشام.
ئێستاكەش بارانێكی بەخوڕو موچوركەی ژانێك هەر لە ناخمایەو تا ئێستاش ئارامم نەگرتوە! كە باران دەبارێ حەز دەكەم لەناویا بتوێمەوەو ئارام بگرمو تێر بۆنی خۆڵی تەڕ بكەم، ئاخر هەست دەكەم بۆنی رۆحی ئەوی لـێ دێ. " ئەی خوا چەندم باران خۆشدەوێ" ئێستاش خۆشەویستیی ئەو لە تنۆكی باراندا بەدی دەكەم. ئاخر باران پەیامەكانی ئەوم بیر دێنێتەوە، كە دەیوت لە كاتی هەرە ناخۆشییا خۆت ون مەكەو بیر لە مردن مەكەرەوە، ژیانت خۆش بوێ, قانع مەبە، بۆ ئەوەی هەمیشە هەوڵا بدەی بۆ ژیانێكی باشتر. دەیوت یاخی بە لەو دابونەریتەی بەبێ بایەخی، چاو تۆ دەكا. مەترسە ملكەچی یاساكانی باوكو براكانت مەبە، ژیانت لە پێناوی ئازادی دابنێی باشترە، نەك ستەم لە نێوت بەرێ.
لەبیرمە شەوێك لەگەڵا شاهینی هاوڕێی هاتنو بە پەلەش بوون بۆ رۆیشتن، بارانیش دەباری. لە كاتی رۆیشتنا چەترێكو چرا قووە (لایت)ێكم بۆ هێنا، وتی چەترەكەت لـێوەرناگرم، حەز ناكەم چەتر هەڵادەم، پێم خۆشە باران تەڕ تەڕم كا. چراقووەكەش پێویست ناكا، بەڵام ئەمیانت لێ وەردەگرم. بە شۆخی وتی مەترسە چاوو دڵی ئێمە تێشكێكی تیایە لە تاریكەشەویشا رێگەی خۆمان ون ناكەین! زۆر بیرم لە مانای ئەم وشانە نەدەكردەوە. پاش چەند ساڵێكو هەڵدانەوەی دەفتەری بیرەوەرییەكانم، بە دەركێكی كراوەتر بیرم لە قسەكانی دەكردەوەو، دەموت ئەو راستی دەكرد چونكە لە پەیامەكانیا ئەو تیشكەم بەدی كردو بوو بە رووناكیدەری رێگام.
تازە ئاشنا ببووم لەگەڵی، جارێكیان لە كاتی ماڵاوایی¬دا، پێی وتم تۆ كچێكی زیرەكو ئازای، بۆیە زۆرم شایی پێتە، ئاگات لەخۆت بێ! چەند دڵم خۆش بوو بەو قسەیەی. دوای ئەویش زۆر كەسیتر وایان پێوتووم، بەڵام بەقسەی كەس ئەوندە دڵخۆش نەبووم هێندەی ئەو! ئاخر یەكەم پەیامی راسانو خۆشەویستییم لەو وەرگرت. ئەو پەیامەو ئەو خۆشەویستییە ئێستاش لە دەمارەكانما دێنو دەچن، بۆیە هەنگاوەكانم بەردەوامن بۆ بڕینی ئەو رێگەیەی یەكەم جار ئەو نیشانی دام. رێگەیەكی سەختو پڕ لە ژان، ئەو پێی وتم سەختە بەڵام كۆڵا نەدەی هەر دەگەی بە ئامانج.
ئای ئامانج! ....
پاكییو جوانیی سروشت لە بوونی باران دایە، باران رۆحی سروشت پاك دەكاتەوەو دەیژێنێتەوە. " ئێمە وەك باران واین بۆ كۆمەڵگەی خۆمان". بەڵـێ دەبێ ببینە باران ، ئەو بارانەی ئەو دەیوت.
دەی گوت بە هاورەگەزەكانت بڵـێ مەبنە سایەی ئەو پیاوانەی رێزێك بۆ هەستەكانتان دانانێن، بڵـێ بەها جوانەكانی ژیان مەخەنە ژێر پێی عەقڵی پیاوە دڵا رەقەكان، بڵـێ مەیەڵن وشیاریتان سنوورداربكەن، بە رووناكیی ناختان دڕ بە تاریكیی رێگای ژیان بدەن. لە سواڵا كردن شەرم مەكەن، سواڵی زانین دەڵێم! ئەو سواڵە هەمیشە پێویستە بۆ گەیشتن بە دنیایەكی پڕ لە ئاسوودەیی. تێگەیشتنو زانینە مرۆڤەكان دەگەیەنێتە دنیایەكی جوانو ئارام.
ئێستاش یادەكانی ئەو لە خەیاڵو رۆحما دێنو دەچن. هەر ئەوەیە وام لـێدەكا تا پەیامەكانی ئەو، كە لە پێناویدا سەری نایەوە، وەدی نەهێنم، واز لەم رێگایە ناهێنم. هەرچەند ئێستاش كەمێ بەترسەوە هەنگاو هەڵادێنمەوە. لەبیرمە دەی وت ئەم ترسەیە بۆتە گرێیەك لە دڵی منا، دە واز لەم ترسە بێنە، تۆ بەتەنیا نیت. ئەم كچانەت دیوە؟ ئەوانە دیوارو بەربەستەكانی ژیانیان رووخاندووەو دەیانەوێ بناغەیەكی جواتر بۆ ژیان دابنێن. راستی دەكرد، هەر ئەمەش بوو وای كرد منیش چاو لەوان بكەم. بەڵام بە تێپەڕینی ئەم هەموو رۆژگارە ترسێك هەر هەیە لە رۆحی مندا، ئێستاش لە دەوروبەرم كەسانێك هەن كە قسەكانیان لە ژەهر تاڵترە.
....
ئاخ منیش چەندەم شایی بەو بوو، ساڵێك نەبوو هاتوچۆی ئێمەی دەكرد، زۆر شتی لە ماڵی ئێمەدا گۆڕی. جارێكیان باوكمو دایكم دەمەقاڵەیان بوو، گوێم لـێبوو دایكم زۆر ئازایانە بە باوكمی دەوت هیچ فەرقمان نیە، وەك یەكین، هەردووكمان ئینسانین! منیشی فێری یاخی بوون كرد، یاخی لەو دابونەریتەی منیان دەكردە كۆیلە. ئەو فێری كردم قەت گورەوییەكانی كاكم نەشۆم. براكانمیشی فێر كرد كە بە یاخی بوونی من ئەونە هەست بە شەرمەزاری نەكەن. هەرچەند ماوەیەكی دوورو درێژ ئەوان لێم دڵگیر بوون. دڵنیام ئەو مابایە نەیدەهێشت ئەو ماوە ئەونە بكێشێ. دەچووە هەر ماڵێك پەیامێكی پێ بوو بۆ هەموو ئەندامانی ئەو بنەماڵە. هیچ پیاوێكم نەدیبوو ئاوا دەرك بە ئازارەكانی ئێمە بكا. خۆزگە هەموو تێكۆشەرانی رێگای ئازادی وەك ئەو لە مانای یەكسانی گەیشتبان.
...
نەمدەویست ئەم رازە قەت بدركێنم، چونكە "باران" پەیامێك بوو تەنیا بۆ من. بەڵام پاش ساڵانێكی زۆر، شەوێك خەونێكم بینی، ... بێدەنگ چاوی لـێدەكردم، پێم وابوو لێم توورەیە، سەرم داخست، وتی: "سەردامەخە با چاو لە چاوەكانت بكەم، رێی خۆت ون نەكردوە، نەموت زۆرم شایی پێتە! خەبات لە رێی ئامانجێكی پیرۆز، منیش هەر ئەوەم دەویست. دەی ئەم جار ئەو نهێنییە بدركێنە، پاش ئەو هەموو ساڵە ئەو ئازایەتییەت نیە؟ بڵێ كێ ناوی لـێنای باران!" فریا نەكەوتم وڵامی بدەمەوە بە دەنگی بارانێكی بەخوڕو تووڕە وەخەبەر هاتم.