( ئەم وتارە کاتی خۆی له رێوره‌سمی شه‌وی یه‌لدای 1391 دا، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب لە لایەن منەوە پێشکه‌ش کراوه. من بۆ ئەوەی خوینەر تووشی هەڵە و گومان نەبێ، تەنیا دەستم لە ساڵگەردەکان داوە و لە ٢٣وە کردوومن بە ٢٦)
خوشک‌و برایانی بەڕێز!
هاوڕێیانی خۆشەویست!
خۆشحاڵم که هەمووتان بەتایبەتی کچان و کوڕانی لاو و تەنانەت مێرمنداڵانیش ئاوا به ئیشتیاقەوه لەم بۆنەیەدا بەشداریتان کردوه.
ئەمشەو، شەوزستان یان یەکەم شەوی زستانە. شەوی یەلدایه، شەوی یەلدا له نێو ئەو نهتهوانەی له ئێران دا دەژین و نەتەوەکانی دەوروبەر، له نێو زۆربەیان دا به دەلایلی ئوستوورەیی و ئەو ئهفسانانەی که له بارەیەوه هەن و ئەو باوەڕه کۆنانەی که لەم پێوەندییەدا هەن، جێگای خۆی هەیه. دەکرێ بڵێم له بەشه جۆراوجۆرەکانی ئێران و له نێو نەتەوه جیاوازه کاندا لەم شەوەدا جێژن و رێوڕەسمی تایبەتی بەڕێوه دەچێ. بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئێمه حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی یەلدا مانایەکی دیکەشی هەیه،تایبەتمەەندییەکی دیکەشی هەیه که دڵنیام بەشی زۆری ئەو کەسانەی ئاوا به گەرم و گوڕییەوه ئەمشەو لێره کۆبوونەتەوه و یان له شوێنی‌تر ئه‌مشه‌و رەنگه ئاهەنگ و رێوڕەسم پێک بێنن، بۆ ئەوەیه که شەوی له دایکبوونی رێبەری ناودار، رێبەری حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی گەلی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان دوکتور عه‌بدولره‌حمانی قاسملوویه.
دیاره من له سەرەتادا له مەحزەری تێکۆشەرانێک، کەسایەتییەکانی وەک مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زاده، کاک جەلیل گادانی، کاک فەتاح کاویان و زۆری دیکەتان که تەشریفتان لێرەیه، به راستی ئیجازه دەخوازم .چونکه ئه‌وان به چەندین ساڵ بەر له من له خزمەت دوکتور قاسملوودا و له ئاستی به‌رز دا تێکۆشان و کاری حیزبی و سیاسی‌یان کردوه. رەنگه له حوزوری ئەوان دا ئاسان نەبێ بۆ من باس له دوکتور قاسملوو بکەم، که باسیش له کەسایەتیی دوکتور قاسملوو و ئەم بۆنەیه دەکەم دەمهەوێ پێتان بڵێم ئه‌مشه‌و وەکوو 22ی پووشپەڕ نییه که باسی بۆنەی شەهید بوونەکەی بێت. پێم خۆشه لایەنێکی دیکه ، رەهەندێکی دیکه له ژیانی دوکتور قاسملوو، له خەبات و تێکۆشانی ئەو باس بکەم. چونکه وەک کوتمان ئەمشەو شەوی له دایکبوونیەتی و ئێمەش قەراره جێژن بگرین.
له راستیدا زۆر کارێکی به جێیه که لاوەکانمان و بەتایبەتی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان که خانەخوێی ئەم بۆنەیەن، ئاهەنگێکی وایان پێک هێناوه، که من سپاسیان ده‌که‌م. رێز گرتن له کەسایەتییەکانی مێژوومان جا چ کەسایەتیی سیاسی بێت چ کەسایەتیی فەرهەنگی بێ،یا کەسایەتیی زانستی، له جێی خۆی دایه، بەتایبەتی کەسایەتییه سیاسییەکانمان که رێبەرایەتیی خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکەمانیان کردوه . بۆ ئەوەی بزانن که بایەخی ئەو ئینسانانه چەنده (نموونه‌یه‌ک دێنمه‌وه تا ئێمه ده‌رکی رۆڵی که‌سایه‌تییه‌کان له مێژوودا و له نێو میلله‌ته‌که‌یان و ده‌وروبه‌ردا بکه‌ین. (هەر ئەم رۆژانه هەواڵی نەخۆشکەوتنی بەڕێز مام جەلال بڵاو بۆوه. دڵنیام، به بڵاو بوونەوەی هەواڵی نەخۆشیی مام جەلال به میلیۆنان کەس نیگەران بوون و کاتێکیش به خۆشییەوه هەواڵ بڵاو بۆوه که نەخۆشییەکەی باشتره، به میلیۆنان ئینسان گەش بوونەوه و دڵخۆش بوون. ئه‌مه دەگەڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که کەسایەتییەکان له نێو نەتەوەی خۆیان دا جێگای تایبەتیان هەیه.) جا دوکتور قاسملوو به داخەوه نەگەیشته ئەو سهردەمەی که نەتەوەکەی ئازاد بێت تا له هەلومەرجێکی باشتردا رێبەرایەتیی خەباتی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکا، ئەگەر ئەو هەلەی بۆ هەڵکەوتبایه باشتر ئەبعادی توانا و لێهاتووییەکانی ئەومان دەرک دەکرد. به‌ڵام لەگەڵ ئەوەش که نەگەیشت ئه‌و ده‌ورانه ببینێ دیسان هه‌ر له سه‌رده‌می ژیانی خۆی دا نیشانی دابوو که چ که‌سایه‌تییه‌کی گرینگه، چه‌نده توانیویه‌تی له‌سه‌ر حیزبه‌که‌ی، له‌سه‌ر خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی، له‌سه‌ر خه‌باتی گه‌لانی ئێران شوێندانه‌ر بێ. بۆیه ئێمه ده‌بێ رێزی که‌سایه‌تییه‌کانمان، تێکۆشه‌رانمان، رێبه‌رانمان بگرین، چ ئه‌وانه‌ی له ژیان دا نه‌ماون، بۆ ئه‌وه‌ی له ژیانیان فێر بین، ئه‌زموونه‌کانی ژیانیان و بیر و باوه‌ڕه‌کانیان، رێ‌نوێن و هانده‌رمان بێت، چ ئه‌وانه‌ش که له ژیان دان. به راستی به تایبه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌و رابردووه دوور و درێژه‌یه‌وه به ده‌یان و سه‌دان تێکۆشه‌ر و که‌سایه‌تیی هه‌یه که هه‌ر یه‌که‌ی شایانی ئه‌وه‌یه به چه‌ندین بۆنه رێزیان لێ بگیرێت. چونکه ته‌مه‌نی خۆیان، تواناکانی خۆیان، هه‌موو ژیانی خۆیان ته‌رخان کردوه بۆخزمه‌تی میلله‌ته‌که‌یان. دوکتور قاسملوو یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تییانه بوو که له بواری جۆراوجۆر دا خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌یان کرد.
بۆ من زۆر جێگای خۆشحاڵییه که دوکتور قاسملوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی 2٦ ساڵ به سه‌ر شه‌هید بوونی دا تێپه‌ڕ بووه، به‌ڵام ئه‌فکار و بیر و باوه‌ڕه‌کانی ئێستاش له جاران زیاتر بۆ لاوه‌کانمان، بۆ نه‌سله نوێیه‌کانمان جهزابیهتیان هه‌یه. ئه‌فکار و بیر‌و باوه‌ڕی دوکتور قاسملوو ئه‌و جهزابیهتهیان هه‌یه که‌خه‌ڵک له ده‌وریان کۆ بێته‌وه، بیانکات به رێنوێنی ژیان و تێکۆشانی سیاسیی خۆی. ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و راستییه که بیر و باوه‌ڕی دوکتور قاسملوو ئینسانی بوون، پێشکه‌وتنخوازانه بوون، دژی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه، دژی ئایینێکی دیکه، دژی ره‌گه‌زێکی دیکه نه‌بوون. له خزمه‌ت پێکه‌وه ژیان به ته‌بایی، له خزمه‌ت ئاشتی، له خزمه‌ت به سه‌ربه‌رزی و به ئازادی ژیانی ئینسانه‌کان دا بوون. ئه‌و بیر و باوه‌ڕه کۆن نابێت و دڵنیام نه‌ک دوای 2٦ ساڵ،(به‌ڵکوو) به ده‌یان ساڵی دیکه‌ش ئه‌گه‌ر لێی ورد بینه‌وه ده‌توانین ئیلهامیان لێ وه‌رگرین، ده‌توانین بیانکه‌ینه رێنوێنی ژیانی خۆمان. نه‌ک هه‌ر ئه‌فکاری دوکتور قاسملوو، به‌ڵکوو خه‌بات و تێکۆشانه‌که‌شی بۆ ئێمه جێگای لێ فێر بوونن. چونکه ئه‌و خه‌باته‌ی که دوکتور قاسملوو به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و خه‌بات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پڕن له شتی پیرۆز، پڕن له ئه‌رزش و به‌های به‌رز. له خه‌باتێک دا که دوکتور قاسملوو و حیزبی دوکتور قاسملوو به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، جێگایه‌ک بۆ تێرۆریزم و رهشەکوژی نه‌بوو، جێگایه‌ک بۆ په‌ره‌پێدانی دوژمنایه‌تیی قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ره‌گه‌زی نه‌بوو. به پێچه‌وانه‌وه ئهفکارێک و رێگایه‌ک که دوکتور قاسملوو و حیزبی دوکتور قاسملوو هه‌یانبوو، بۆ ئه‌وه بوون که نه‌ته‌وه‌کان، ئینسانه‌کان له په‌نای یه‌ک دا به یه‌کسانی، به مافی وه‌ک یه‌که‌وه به رێز گرتن له یه‌کتره‌وه بژین. نه‌ک هه‌ر ئه‌فکاری دوکتور قاسملوو، به‌ڵکوو تێکۆشانه‌که‌شی، چۆنیه‌تیی رێبه‌ریکردنی بزووتنه‌وه‌که‌شی و حیزبه‌که‌شی زۆر شتیان تێدا هه‌یه که ده‌توانن بۆ ئێمه هانده‌ر بن، رێ‌نوێن بن و ئێمه له ژیانی خۆمان دا به کاریان بێنین.
له خه‌باتێک دا که دوکتور قاسملوو و حیزبی دوکتور قاسملوو به‌ره‌و پێشی برد رێز گرتن له ژنان هه‌بوو، رێز گرتن له منداڵان هه‌بوو، رێز گرتن له ئایینی جۆراوجۆر هه‌بوو، رێز گرتن له جۆراوجۆرییه‌کان هه‌بوو. بۆیه ئێستاش که بیر له هه‌ڵسوکه‌وتی دوکتور قاسملوو، له ئه‌فکاری دوکتور قاسملوو، له تێکۆشانی وی ده‌که‌ینه‌وه زۆر شت هه‌یه که ده‌توانێ بۆمان رێ‌نوێن بێ و به خۆشییه‌وه حیزبی دێموکراتی کوردستان له تێکۆشانی خۆی دا ئه‌وانه‌ی په‌یڕه‌و کردوون و ئه‌وانه به‌ڕێوه ده‌بات و پێیان وه‌فاداره.
پێم خۆشه لایه‌نێکی دیکه که بۆ ئه‌مشه‌و گونجاوتر بێ باس بکه‌م،ئه‌ویش تێگه‌یشتنی دوکتور قاسملوو له ژیان بوو. ئه‌وانه‌ی که به ساڵانی زۆر له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ دوکتور قاسملوو ژیاون و ئێمه‌ش ئه‌و نه‌سله‌ی که له دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له دوای ساڵی 57 ه‌وه دوور و نزیک له‌گه‌ڵی ئاشنا بووین، ده‌زانین که دوکتور قاسملوو ئینسانێک بوو که روانینێکی تایبه‌تی هه‌بوو بۆ ژیان. پێی وابوو ده‌بێ ئینسانه‌کان چێژ له ژیان وه‌ربگرن، قه‌دری موسیقا قه‌دری فیلم(قه‌دری هونه‌ر) بزانن، له‌گه‌ڵ جوانییه‌کانی سروشت تێکه‌ڵاو بن. بۆیه له حیزبه‌که‌شی دا له نێو تێکۆشه‌رانی حیزبه‌که‌شی دا هه‌میشه رێ‌نوێن و هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که خه‌ڵکه‌که‌مان شادی بکا، گه‌شبین بێ. دژی ره‌شپۆشی و دژی ماتهمداگرتن و دژی یه‌ئس و ناهومێدی بوو. ئه‌و که‌سانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مدا پێشمه‌رگه بوون و شانازیی ئه‌وه‌یان هه‌بووه له نزیکه‌وه بیبینن ده‌زانن که هه‌میشه خۆشی له‌و هاوڕێیانه ده‌هات که به جلوبه‌رگی خاوێنه‌وه، دێن و ده‌چن. گه‌ش و زیندوون، چ له باری بایه‌خدان به وه‌رزش ، به خوێندنه‌وه، به روانینی گه‌شبینانه بۆ ژیان، نه‌ک که‌سانێکی ناهومێد و ماته‌م داگرتوو. بۆیه ئێستا که ئێمه ئه‌و شه‌و کردوومانه‌ته ده‌رفه‌تێک تا یادی ئه‌و بکه‌ینه‌وه، باشیشه له‌م روانگانه‌وه سه‌یری دوکتور قاسملوو و ئه‌و که‌سایه‌تییه بکه‌ین که له مێژووی حیزبی ئێمه و نه‌ته‌وه‌ی ئێمه دا ئه‌و جێگا و بایه‌خه‌ی هه‌یه. با لێی فێر بین که ژیانمان خۆش بوێ و ئه‌گه‌ر خۆشمان به‌خت ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ئێمه‌ش دا خه‌ڵکه‌که‌مان له خۆشییه‌کانی ژیان بێ به‌شه، به خه‌بات و تێکۆشانی خۆمان بۆ داهاتوو ئه‌و خۆشیانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. وا بکه‌ین نه‌ته‌وه‌که‌مان وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به سه‌ربه‌ستی و به ئازادی بژی و ژیانی پڕ بێت له خۆشی و له چێژ وه‌رگرتن له ژیان و له‌و شتانه‌ی که شایانی ئینسانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ن.
وه‌ک باسم کرد ره‌هه‌ندی جۆراو جۆر له ژیانی دوکتور قاسملوو دا هه‌یه. ئه‌و جگه‌له‌وه‌ی که رێبه‌رێکی لێوه‌شاوه بوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی و حیزبێک که خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه بردوه، کۆمه‌ڵێک لایه‌نی دیکه له ژیانی دا هه‌یه. ئه‌و که‌سێک بوو که مێژوونووس بوو، که‌سانێک که کتێبی 40 ساڵ خه‌باتیان خوێندبێته‌وه که‌سانێک که هێندێک به‌شی کتێبی کوردستان و کورد که لایه‌نی مێژوویی هه‌یه، خوێندبێتیانه‌وه، ده‌زانن که ئه‌و له بواری مێژوویی دا چه‌نده جوان ته‌جزیه و ته‌حلیلی رووداوه مێژووییه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی کردوه، که ده‌توانن بۆ ئێمه جێگای لێ فێر بوون بن. جگه‌له‌وه‌ی که مێژوونووسێک بوو، تهدوینگهرێکی سیاسی بوو. ئه‌و ئوسووله‌ی که هه‌ر ئێستاش حیزبه‌که‌مان له سه‌ریان ده‌ڕوا، زۆربه‌یان له سه‌رده‌می ژیانی دوکتور قاسملوو دا و له سه‌رده‌مێک دا حیزبی دێموکرات به هه‌وڵی ئه‌و و هاوسه‌نگه‌ران و رهفیقهکانییهوه، رێکخرایه‌وه، ئه‌و ئوسووله له حیزبی ئێمه دا جێگیر بوون. ئه‌و توانی بیر و باوه‌ڕێک، به‌رنامه و په‌یڕه‌وێک له حیزبی دێموکراتی کوردستان دا جێگیر بکا که ده‌توانێ نه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه به‌لکوو بۆ ساڵانێکی زۆری دیکه‌ش به ده‌رد بخوات و به که‌ڵکمان بێت. له لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیانی دوکتور قاسملوو به هۆی ئه‌و توانا جۆراوجۆرانه‌ی هه‌یبوو خزمه‌ته دیپلۆماتییهکانیهتی، ناساندنی بزووتنه‌وه‌ی کورده به گه‌لانی دیکه، به رۆژئاوا و ئه‌و دۆستانه‌ی که له‌و رێگایه‌وه بۆ بزووتنه‌وه‌ی کوردی په‌یدا کردن، و تا ئێستاش ئه‌و دۆستانه هه‌روا یار و یاوه‌ر و پشتیوانی حیزبی دێموکرات و خه‌ڵکی کوردستان و بزووتنه‌وه رهواکهین. له هه‌مووی ئه‌وانه گرینگتر وه‌ک له سه‌ره‌تاوه عه‌رزم کردن ئه‌فکارێکی به‌رز بوو که ده‌توانن بۆ ده‌یان ساڵی دیکه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شایانی لێ فێر بوون و که‌ڵک لێ وه‌رگرتن بن. دوکتور قاسملوو دژی هه‌ر چه‌شنه چه‌وسانه‌وه‌یه‌ک بوو، دژی ژیان به کۆیلهیهیی و ژێرده‌ستی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو که ئینسانه‌کان، نه‌ته‌وه‌کان، جۆراوجۆرییه‌کان له په‌نای یه‌ک دا به رێز گرتن له یه‌کتر، به حورمه‌ت دانان بۆ یه‌کتر و به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و مافانه‌ی که هه‌موو ئینسانێک حه‌قیانه هه‌یانبێت، بتوانن به خۆشی و به شانازییه‌وه بژین. بۆیه ئه‌فکاری دوکتور قاسملوو، ژیانی دوکتور قاسملوو، هه‌مووی ده‌توانێ بۆ ئێمه جێگای لێ فێر بوون بێ. ئه‌من خۆشحاڵم که له نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان و له نێو نه‌ته‌وه‌ی کورددا ساڵ به ساڵ زیاتر بایه‌خ ده‌درێت به ئه‌و یادانه‌ی که پێوه‌ندییان به دوکتور قاسملووه‌وه هه‌یه، بایه‌خ ده‌درێت به ناسینی ئه‌و که‌سایه‌تییه بۆ ئه‌وه‌ی لێی فێر بین. ئێمه مێژووه‌که‌مان به رێبهرانمانهوه، به تێکۆشه‌ره‌کانییه‌وه، به‌و ئینسانه به نرخانه‌ی که توانیویانه خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه تا ئێره بێنن، به‌وانه‌وه جوانه. ئه‌وانه سامانی نه‌ته‌وه‌که‌مانن، ئێمه ده‌بێ رێز له‌و سامانه بگرین. بۆیه جارێکی دیکه وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م یاده له هه‌موو ئێوه و له هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که به‌م بۆنه‌یه‌وه شادی ده‌که‌ن و خۆشحاڵن، سپاسی یه‌کیه‌تیی لاوان ده‌که‌م و سپاسی ئێوه ده‌که‌م که ته‌شریفتان هه‌یه له‌م بۆنه‌یه‌دا و هیوا ده‌خوازم که ئێمه بتوانین رۆژێک له نێو نه‌ته‌وه‌که‌مان دا له هه‌لومه‌رجێکی باشتر دا ئه‌م جۆره یادانه بکه‌ینه‌وه و هه‌ر له‌و کاته‌ش دا ئه‌و راستییه‌مان له بیر بێت که ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێت زۆر بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆمان وه‌کوو تێکۆشه‌رێک به سوود بین، ده‌بێ له ژیانی دوکتور قاسملوو فێر بین. ده‌بێ وه‌ک ئه‌و فێر بین خۆمان له باری فکرییه‌وه، له باری رێبهریکردنهوه، له باری باره جۆراوجۆره‌کانی تێکۆشانه‌وه به هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین زۆرترین خزمه‌تمان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان له ده‌ست بێت.
به‌و هیوایه‌ی که له نێو حیزبی ئێمه و له نێو نه‌ته‌وه‌ی کورد دا که‌سانێک که ئه‌و توانا جۆراوجۆرانه‌یان هه‌بێ زۆر بن. هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی که رێگای دوکتور قاسملوو به‌رز رابگیرێت، پیرۆزه، ئه‌و هه‌وڵه هه‌ر له زیادبوون دابێت. به‌و هیوایه‌ی هه‌موومان به یه‌که‌وه وه‌دیهاتنی ئه‌و ئاواتانه ببینین که دوکتور قاسملوو گیانی له سه‌ر دانان. جارێکی دیکه رێز و سڵاو بۆ هه‌موو لایه‌کتان و سپاس بۆ گوێگرتنتان.