ئەی پڕیشکە تیشکی خۆرەتاوی خۆڕاگری و هەرمان
تۆ زادەی هزری بەرزی پێشەوایت و
لە داوێنی بلاوێنی کۆماردا لە دایکبوویت
تۆ ئەستێرەکەی گەلاوێژی بە ئاسمانی خەبات و خوێنەوە
تۆ بوویتە سەرماوەز و ئاڵات تێدا شەکایەوە و
بوویتە ڕێبەندانی گلێنەی چاو و سەربەخۆییت تێدا جاڕ دراو
بوویشتە چوارچرا و بە دەم شینی سێ چرای هەمیشە شەهیدەوە دڵۆپە فرمێسکی وەفات داباراندن!
ئەی پێشمەرگە
تۆ لە چاوی کوردانەی ئەحمەد تۆفیقەوە کەوتیتە چیا و لە گەڵ مەلا ئاوارە و شەریفزادە و موعینیەکان شۆڕشت کرد و پاشان بوویتە هاوبەندی عەزیزی یوسفیان و لەملاشەوە تەرمی سەر بڕاوی سەدیقی ئەنجیری بوویت و گۆڕێکی بێ ناو نیشانی شەهیدانی شوێنە ون!
تۆ هەیبەتی بە سامی کاک هەژار و نیشانە تۆپەکەی فەقێ حەوڵاو قەڵافەتی شێرانەی شاپوری فیروزی بوویت و پەنجەکانت بە بەرزی داڵاهۆ برینەکانی شاهۆیان دەپێچان!
ئەی پێشمەرگە
تۆ داستانی قارەمانانی داشکستانی و ئێواران بە فەرمانی حمەدەمینی ملا عەزیزو وەستا حمەد و رەسولی عزیزی و خدرە سووران دەخەویت و سپێدان نارستی و شیوەسەڵی وبهنام هەڵتدەستێنن! تۆ دەبیتە چەک و تا ئێوارێ لە مەتەرێزی شەڕەف و شانازیەوە مێژوو دەنووسیتەوە! تۆ باڵ بەرەو گەرمێن لێدەدەیت و لە دەشتەکەی کۆیەدا لانە دەکەیت و دەبیتە حەوت دیلکراوی دەستی پیسی ئیسلامیەکان و لە کۆمارێکی پیستری ئیسلامی تربە ناو ئێران لە سێدارەت دەدەن! دەبیتە ساماڵ و مەنسورەکان و لە دەروازەی کۆیە نیشتیمانیەکان لە خوێن و خۆڵی نیشتیمانت وەردەدەن و بۆ هەتا هەتایە دەتکەنە میوانی دڵدار و حاجی و مەلای گەورە.
ئەی پێشمەرگە
تۆ پێشەوایت و دەبیتە سەرکۆمار و بە پێشوازی دارەوە دەچیت! قاسملوویت و دەبیتە ڕێبەر و لە پێناو ئاشتیدا کفنی سوورت لە بەر دەکەن و دەبیتە شەڕەفکەندی و زەفەر بە بیری بەرزت دەبەن و دەتکەنە مێژوویەک لە میکوونووس و بۆ ئەبەد دەبیتە میوانی پیرلاشێز. تۆ پێنووسی پاراوی پەنا حەمەدۆک و دان چەرمۆی!
تۆ لە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتدا لە دایک بوویتەوەو بوویتە کەماڵی سیاچاڵەکان و شێخ غەریبی حەسەنی و لە ئێوارەیەکی خوێناوی گردێنەدا بە دیار تەرمی هەمزە سارکەیی قارەمانەوە گریاییت و کۆتا دیمەنی قادر نەزمیت بۆ چاوەڕێی کچی بردەوەو پەیامی قالە سوورت گەیاندەوە یاری نازدار و ڕەشپۆشی! تۆ بوویتە زامی ئاویەر و شاهۆ و حەمەی نەدیمی و بێهروزت پێشکەشی کاروانی سوورخەڵاتان کردن… باڵات کرد و بوویتە هەژاری قاسمی و ڕەسووڵ لیلانەیی و ئێستاش وەک شەبەقی خۆرەتاو بێ پسانەوە ئەدرەوشێیتەوە! تۆ هەتاوێکی بێ ئاوا بوون! بەفرێکی بێ توانەوەو سەنگەرێکی بێ گیران و ترپەیەکی بێ وەستانی!
ئەی پێشمەرگە
تۆ سەرۆکی وەک پێشەوا و ڕێبەری وەک قاسملوو و مەزنی وەک شەڕەفکەندی و شەهیدی وەک هەموان!
تۆ پێشمەرگەیت و باڵات هێندەی باڵای فیداکاری و نەسرەوتن و نەبەزینە.
ڕۆژتان پیرۆز ئەی پیر و لاوانی سەنگەرەکانی هەرمان.
ڕۆژتان پیرۆز