۲٦ساڵ لەمەوبەر، واتە ۲۲پوشپەری،۱۳٦۸دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی لە کاتێکداسکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری مەسەلەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ “دیپلومات- ترۆریستەکانی” کۆماری ئیسلامی کە سەرقاڵی وتووێژ دەبێ بەداخێکی گرانەوه جەستەی له لایەن هەیئەتی به ناو وتووێژ کاری کۆماری ئیسلامیەوە شەلاڵی خوێن دهکەن ومامۆستاو زانای بلیمەتی گەلەکەمان دوکتۆر قاسملوومان لێدەستێنن.
بەم شێوەیە دڕندەکان وتاریکی پەرەستان جینایهتێکی سامناک دەخولقێنن.
گەلی کورد لە مێژوودا سەلماندوویەتی کە گەلێکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازە. مخابن دۆستی کەم هەبووە، بەڵام دوژمنی زۆر بووە. ئەم گەلە بۆ ئازادی و رزگاری نیشتمان ئەوەندە خەباتی کردوە ئەوەندە قوربانی داوە، نەک لە کوردستانی داگیرکراو کە بست بە بست ئەم خاکە بە خوێنی پاکی ڕۆڵە نیشتیمان پەروەرەکانی، نەخشی سووری مێژووی لە سەر دراوە. تەنانەت داگیرکەرانی کوردستان لە دەرەوەی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەش خوێنی پاکی ڕۆڵە زانا و ڕۆشنبیرو و بلیمەتەکانی ئەم گەلە دەرێژن. بە هەزاران کیلومتر دوورتر لە کوردستان، لە وڵاتانی بە ناو ئازاد و دێموکراتدا، خوێنی سەرکردەو وتێکۆشەرانی، بە فێل و دەهۆ دەرێژن. به ترۆرکردنی قاسملوو، دوژمن توانی گورزێکی قورس و جگەربڕ له بزووتنهوهی کوردو به تایبەتی حیزبی دێموکرات بوەشێنێ. بەڵام مەبەستی کۆماری ئیسلامی له ئەنجامدانی ئەو جنایەته ئەوەبوو که بۆ هەمیشه ئاگری خهبات بۆ رزگاری، دێموکڕاسی و مافەنەتەوایەتیه کان له رۆژهەلاتی کوردستان خەفەبکات. بەڵام ئێستا ئەوه چاک دەرکەوتووه که ئەو ئامانجانەی که قاسملوو خهباتی بۆ دەکردن و ژیان و گیانی له پێناویاندا دانا، بوونەته ئامانجی سیاسیی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کوردو سەرجەم ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان. کۆماری ئیسلامی ئێران کە بۆ تەواوی دونیا بوەتە سەرچاوە و لانەی ترۆر و تۆقاندن و تێکدان، هەر وەها ناتوانی لە دەست ئەم کردەوە ڕەشە کوژیە رزگاری بێ و بۆ هەتا هەتایە لەکەیەکی ڕەشە لە نێوچاوانی کۆماری ئیسلامی و هەر وەها شەرمەزاری بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە تایبەت وڵاتی ئوتریش کە لە ئاست ئەم کارساتە دژە مرۆڤانەیە بێ دەنگیان هەڵبژارد دەمێنیتەوە. پاش نزیک بە سێ دەیە لەم رووداوە، وەزعی ئێستای ئێران ئەوه دەردەخات که کۆماری ئیسڵامی ئێران ئیستبدادیکی مەزهەبییه که هیچ داهاتوویەکی نیه و تەنانت ئەمرۆ ناوی د.قاسملوو بۆته سەرمەشق و ئیلهام بەخشی خەبات بۆ هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری له رۆژهەلاتی کوردستان و ناوی دوکتۆر قاسملوو بیر و ئامانجەکانی هەموو ڕۆژێک وەک تیشکی خۆر لە بەربەیان هەڵدێ و بوەتە هیوا و ئۆمێدیکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و بوەتە بڵێسەیەکی ئاگراوی بۆ داگیرکەران و شەو پەرەستان.
روحی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی شاد و یادیان بەرزو بەرزتر بێ