خهڵکی بهشهرهف و نیشتمان پارێزی کوردستان
لاوانی خۆراگری رۆژھەڵاتی كوردستان
ئەمساڵ لەكاتێكدا بەرەو نەورۆز دەچین كە نەتەوەكەمان لەھەموو لایەكەوە لەلایەن زوحاكەكانی سەردەم گەمارۆ دراوەتەوە و ھێزە داعش سیفەتەكانی ناوچە بۆسییهیان بۆ نهتهوهکهمان ناوهتهوه،
بەڵام دڵنیا بن كورد وەكوو چۆن لەقۆناغەكانی پێشوودا سەربەرز ھاتۆتەدەر، ئەمجارەش سەردەكەوێت.
لاوانی رۆژھەڵاتی کوردستان!
نەورۆز، سیمبوولی نوێبوونەوەی سروشت و ھاتنەوەی ساڵێكی نوێیە، لە رۆژھەڵاتی كوردستان و ئێرانیش لەگەڵ ساڵی نوێ، دەبێ چاوەرێی رووداوی نوێ و ھاوكێشەی نوێ بكەین، ھەربۆیە ئێوەی لاوانی نەبەز دەبێ لەسەر ھێڵ بن. لەلایەك كەمتر لەسێ مانگی بۆ كۆتایی ھێنان بەدانووستاندنەكانی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك ماوە که لەئەگەری ھەر دەرەنجامێكی نێگهتیڤ ئێوەی لاوانی رۆژھەڵات لەناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات، دەبێ دژكردەوەی خۆتان ھەبێت. ئەگەر دانووستاندنەكان لەبەرژەوەندی ئێران كۆتاییان پێھات، لاوانی رۆژھەڵات دەبێ ناوەندە جیھانییەكانی بڕیاردان تێبگەیەنن كە پرسی مافی مرۆڤ و ئەو زوڵمەی لەنەتەوەكانی دیكە و بەتایبەت كورد دەكرێ، زۆر لە چەكە ئەتۆمییەكەی كۆماری سێدارە پیسترە. ھاوكات ئەگەریش دەرەنجامی دانووستاندنەكان بەئاراستەی قووڵتربوونی ناكۆكییەكان بوو، دەبێ ئەمجارەیان بەبێ دوودڵی و محافزەكاری، لەگەڵ ئەو وڵات و بیرۆكانەدا یەكبگرین كە دژایەتی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئێران دەكەن.
لاوانی سەربەرزی كوردستان!
ھاوكێشە و گۆڕانكارییەكانی ناوچە بەشێوەیەكە كە دەبێ بۆ ھەموو ئەگەرێك خۆمان ئامادە بكەین، ھەبوونی ھێزێكی تووندڕەوی پڕچەك و دژە سەفەوی و دژه شیعەی وەكوو داعش لەسەر سنوورەكانی ئێران ئاماژەیەكی روونی پلانی ناوچەییە لەبەرامبەر ئێراندا، لاوانی رۆژھەڵات دەبێ لەساڵی نوێدا لە یەك كاتدا شەری داعشی سووننە و داعشی شیعەی ئێرانی بكەن. لاوانی رۆژھەڵات باش دەزانن كە ماھییەتی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی ئێمە ماھییەتێكی سێكولارە و رێز لەھەموو ئایین و مەزھەبێك دەگرێت، بەڵام سیاسەتیان لەسەر داناڕێژێت، ھەربۆیە نابێ لەگەڵ ھاتنی شەپۆلی شەڕی مەزھەبی نێوان شیعە و سووننە كە لەساڵی نوێدا رەنگە كارەساتی گەورە بخوڵقێنێت، بەشێك لەو مرۆڤ كوژییە كارەساتبارە بین. دڵنیایین كە نهتهوهی کورد ھەروابووە و ھەر واش دەبێ.
ھاوڕێیان!
ھەمووتان بەرپرسن لەوەی لەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵی نوێ ھەموو كایەكانی ژیانتان نوێ بكەنەوە، دەبێ لەناوخۆی رۆژھەڵات وەكوو پارێزەری رۆژھەڵات دژی ئەو كەسانە بوەستنەوە كە ماددەی ھۆشبەر به شێوازی سیستماتیک بڵاو دهکهنهوه و لاوانیش لەمەترسییەكانی ئەو ماددانە ئاگادار بكەنەوە. دەبێ لەھەموو دەرفەتێكی كلتووری و كۆمەڵایەتی و ھونەری و ھەموو بۆنەیەك بۆ گەیاندنی دەنگتان كەڵك وەربگرن. ئێوەی لاو ھەوێنی گۆڕانكارییەكانن، و دەبێ لەئاست بەرپرسیارییەتەكانتان دەربكەون.
دڵنیابن ساڵێكی پڕ لە رووداو و گۆرانكاری نوێ بەڕێوەیە و وەكوو ھەمیشە دهبێ ئامادە و لەسەرپێ بن بۆ ئەوەی ئەمساڵ ساڵی ھەڵھاتنی رۆژی رۆژھەڵاتی كوردستان بێت و دڵنیاین که بە پشتیوانی لاوان و دڵقایمی پارێزەرانی رۆژھەڵات لەھاوكێشەكانی ناوچەدا پشكی رەوای خۆمان وەردەگرین.
نهورۆز و ساڵی نوێی کوردیتان پیرۆز بیت
یهکیهتیی لاوانی دێموکڕاتی رۆژههڵاتی کوردستان
ههیئهتی ئیجرایی
01/01/2715
21/03/2015