خەڵکی رزگاریخواز و نیشتمانپەروەری کوردستان!
لاوان و ژنانی ئازا و بەهەڵوێست!
ئەمرۆ ٦٩ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری میللی دێموکراتیکی کوردستان لەشاری مەهاباد تێدەپەرێت، کۆمارێک بەتەمەن ساوا، بەڵام هەتاکوو ئێستاش و نەوەکانی داهاتووش لەهەر چوارپارچەی کوردستان بە بەرهەمەکانی باڵا دەکەن.
هاوڕێیان!
ئەگەر ئاوڕێکی ئاکەزایی لە وتارەکانی پێشەوامان قازی محەمەد لە رۆژنامەی کوردستان بدەینەوە، بەروونی دەردەکەوێت، کەمەبەستی حزبی دیموکراتی کوردستان و پێشەوا لەو کۆمارە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بووە. نیشتمان لای کۆماری کوردستان تەنانەت سنووری رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبرێت و لەرووی خاک بۆ هەموو پارچەکان و لەرووی خەڵکیش بۆ هەموو مرۆڤێکی کوردی سەر گۆی زەوی بووە.
بەڕێزان!
لەگەڵ کۆماری کوردستان ناسیۆنالیزمی مۆدێرن و زانستی کوردیش لەدایک دەبێت، ناسیۆنالیزمێک کە هەرگیز لەپێناو بەرژەوەندی کاتیدا خۆی ناخاتە بازنەی ئایدۆلۆژیاییەکی تایبەتی فیکری، جا ئەگەر بلۆکبەندی ١٩٤٦-ی نێوان سۆڤییەت و رۆژئاواش بێت. ناسیۆنالیزمی کۆمار لەسەر بنەمای جوغرافیا و مێژوو و کەلتووری هاوبەش دامەزراوە و لەوانەش گرنگتر پێشەوا و حیزبی دیموکراتی کوردستان بەپێچەوانەی زۆر جەریانی سیاسیی هەرگیز تیئۆری راست و چەپ بەسەر جەماوەردا تاقی ناکەنەوە، بەڵکو لەو سەردەمەدا تیئۆری دەوڵەتی کوردی لەسەر بنەمای ویستی مێژوویی هەرچوارپارچەی کوردستان دەکەن بەکردار و یەکەم هەنگاو بۆ دەوڵەت نەتەوە دەهاوێژن، هەربۆیەش رۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستان سەربەرزە بەوەی کە کانگای ناسیۆنالیزمی مۆدێرن و تاقیکردنەوەی دەوڵەت نەتەوە لەسەر بنەمای خاک و خەڵکی کوردستان بووە.
ژنان و لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەم سەردەمە ئەوەی لەگەڵ تێپەربوونی کات لە تەمەنی کورت دەبێتەوە، ئەخلاقی سیاسییە. کەم نین ئەو هێزانەی لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی و حزبیدا خۆیان لەگەڵ واقیعێکی نەخوازراوی گەلەکەیان دەگونجێنن، بەڵام حزبی دێموکراتی کوردستان و پێشەوا قازی محەمەد، رەستەیەکی نەگۆڕی خستە ناو قامووسی ئەدەبیات و کرداری سیاسیی، رەستەیەک کە سەدان ساڵە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشوێنیدا وێڵە، ئەویش ئەوەیە کە “خوێنی سەرکردە لەهی خەڵکەکەی کە سەرۆکایەتی دەکات سوورتر نییە.” کۆماری کوردستان لەدایکبوونەکەی چەندە گرانبەها بوو، بە نەمانیشی سەد هێندە بەنرختربوو، چونکە جارێکیتر ئەخلاقی لەگەڵ سیاسەت ئاشتکردەوە و پێشەوامان بەپێچەوانەی ئەوەی لەئازەربایجان روویدا، خۆی فیدای خەڵکەکەی کرد. هەربۆیەش ئێستاش دوای ٦٩ ساڵ تاکە شانازی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت هەبوونی کاریزمایەکی ئەخلاقییە، کەنەبوونی یەکجار زۆر واتادارە.
هاوڕێیانی خۆشەویست!
٦٩ ساڵ لەمەوبەر کۆماری کوردستان لەگەڵ هەموو بەها نەتەوەییەکانی، کۆمارێکی دێموکرات بوو. باس لەو هەموو دەستکەوتە فیکری و کلتووری و کۆمەڵاتیی و هونەریانەی کۆمار ناکەین، هەر ئەوەندە دەلێین کە هەموو کوردستان و بگرە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بەشێک لە ئورووپای شەرقی ئەوکاتیش لەسەر دوو چەمکی “ژن” و “لاوان” قەرزداری کۆماری کوردستانە. ژنان لەکۆماری کوردستاندا مافی خوێندن و بەرێوەبەریان هەبوو، بەدڵنیاییەوە ئەگەر گەلەکۆمێی دوژمنان رێگەیدابا وکۆمار بەردەوام با، ژنان لەهەڵبژاردنەکاندا نەتەنیا هەر مافی دەنگدانیان دەبوو، بگرە مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەموو پۆستەکانیشیان دەبوو، چونکە لەو ١١ مانگەی کۆماردا کارێکی زۆر بۆ خوێندنی ژنان کرا، هەندێک نەریتی کۆنی وەکوو ژن بەژنێ قەدەغەکرا، هاوکاتیش ژنان پەروەردەی سەربازیشیان دەبینی و بۆ بەکردارکردن و بەدواداچوون بۆ ئەوانەش یەکێتی ژنان دامەزرا، لەو سەردەمەدا ئەوە دەستکەوتێکی جیهانی بۆ یەکسانی جێندەری بوو، چونکە ئەوکات بەریتانیا هەر ٢٠ ساڵ دەبوو مافی دەنگدانی بەژنان دابوو و هەندێک وڵاتی پێشکەوتووی ئێستا، ئەوکات نەک هەر رێکخراو و سەندیکای تایبەت بە ژنانیان نەبوو، بگرە ژنان خۆیان هیچ مافێکی ئەوتۆی رۆژانەشیان نەبوو.
لەلایەکی دیکەشەوە دامەزراندنی یەکێتی لاوان لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا زۆر واتادار بوو، واتای بەردەوام لەجووڵەدابوونی کۆمەڵگا و پەروەردەی نەوەی نوێ بۆ داهاتووی گەل و نیشتمان و ئامادەکردنی کادری لاو بۆ ئەوەی لەداهاتوودا خاوەندارێتی کرداری لەکۆمارو دەستکەوتە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی بکەن.ئەو کاریگەرییەی کۆماری کوردستان لەسەر لاوانی کوردستانی دانا، وایکرد کە هەر ئەو لاوانە دوای چەندین ساڵ هەر لەسەر ئەوبنەمایە حزبی دیموکراتی کوردستان ببوژێننەوەو، بەڵێنیش بدەن کە هەر نەوەکەی جارانی کۆمارو پێشەوان.
هاورێیان!
بە وەبیرهێنانەوەی راستییەکی حاشاهەڵنەگر کۆتایی بەو پەیامە دەهێنین، ژنان و لاوانی رۆژهەڵات دەبێ بەردەوام لەسەر سێ بنەما پەیمانی خۆیان لەگەڵ کۆماری کوردستان نوێ بکەنەوە. یەکەم: نابێ هەرگیز خەونی پێشەوامان و کۆمار بۆ دەوڵەتی کوردی لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەبیربکەین، بۆ ئەو ئامانجەش خۆڕێکخستنەوەی لاوان و ژنانی پارێزەر لەناوخۆی وڵات پێویستییەکی مێژوویی و ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. دووەم: ئەو کۆمارە بەیەک حزبی دێموکرات دامەزرا و واتا راستەقینەکەشی هەر بەو یەکدەنگی و یەک دێموکراتییە مانای دەبێت، دەبێ لاوان و ژنان دوای تێپەربوونی ٦٩ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا پێداگربن لەسەر یەکگرتنەوەی ناوماڵی حزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای کۆماری کوردستان و حزبی دێموکراتی ئەو سەردەم. سێیەم: ئەخلاقی سیاسیی بنەمای کۆماری کوردستان و سەرۆکەکەی بوو، هەربۆیەش نابێ هیچکات و لەهیچ چرکەساتێکدا لەبیری بکەین کە ئێمە درێژەپێدەری کێ و پەروەردەکراوی چ مەکتەبێکین.
نەمری بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان
سەرکەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی کورد
بەرز و پیرۆز بیت ٢ی رێبەندان
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی رۆژهەڵاتی کوردستان
٢ی رێبەندانی ٢٧١٤