حه‌وتوونامه‌ی “رۆژان” کە لە شاری سنەی چاپ دەکرێ له دوایین ژماره‌ی خۆیدا وێرای ئاماژه پێکردن به رووداوه‌کانی شه‌نگال و کۆبانی، هۆکاری دژایه‌تی رێکخراوی ترۆریستی “داعش” له‌گه‌ل کوردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی، بۆ ئیرانی بوونی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه و گرێدراوی جوگرافیایی شاره‌کانی شه‌نگاڵ و کۆبانی به خاکی ئێران زانیوه و له‌و چوارچێوه‌یه‌وه هاوته‌ریب له‌گه‌ل گۆشه‌نیگای کلووپه پان ئیرانیستییهکانهوه سه‌یری کێشه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناڤینی کردووه.
ئه‌م هه‌لوێسته‌ی نووسه‌ر و کارگێرانی ئه‌م حه‌وتوونامه‌یه جیاواز له‌وه‌یکه ده‌ریده‌خا که ئه‌م جۆره بلاوکراوانه، ته‌نیا به مه‌رجی پرۆپاگاندا و په‌ره‌پێدان به روانگه‌ی ستراتێژییکی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیزنی ده‌رچوونیان پێ ده‌درێ، هاوکات هه‌ڵگری ئه‌م سیگنالهشه که هێشتا هێندێک له به‌ناو نووسه‌ر و رووناکبیرانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌رهاویشته‌کانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و پان ئێرانیزم ده‌رباز نه‌بوونه و له چوارچێوه‌ی کولتووری زاڵی داگیرکارییدا قه‌تیس ماونه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌ند به‌شێک له‌و نووسینانه ده‌کرێ وه‌ک په‌رچه‌کردارێک له‌هه‌مبه‌ر ته‌وژمی شۆڤێنیزمی ئازه‌ری له دژی کورد له‌دوای پشتیوانی نێوده‌وله‌تی له گه‌لی کورد له رووداوه‌کانی شه‌نگال و کۆبانی پۆلێن به‌ندی بکرێ، به‌ڵام له راستییدا له‌و قۆناخه‌دا کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی تێده‌کۆشن له رێگای بره‌وپێدان به‌و جۆره نووسینانه له دوو گۆشه‌نیگایه‌وه ئامانجه درێژخایه‌نه‌کانی خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن.
یه‌که‌م، له ئاستی نێوخۆیی‌دا هزر و رامانی گه‌لی کورد به‌وه پر بکه‌نه‌وه که له نێو وڵاتانی عێراق و سوریه و تورکیه و ئێران‌دا، کورد ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا به‌هۆی نه‌ژادی ئاریاییهوه خاوه‌ن ماف و غرووی نه‌ته‌وه‌ییه و له باقی ئه‌و وڵاتانه کورد به‌هۆی هاوپێوه‌ندی نه‌ژادی له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان رووبورووی سته‌م و چه‌وسانه‌وه ده‌بێته‌وه.
دووهه‌م، له ئاستی ده‌ره‌کییدا به له‌به‌رچاوگرتنی هێندێک فاکتی راست یان ناراستی مێژوویی له نێو هه‌ست و ده‌روونی تاکه‌کانی کورد له پارچه‌کانی تری کوردستان وه‌ها وێنا بکرێ که به هۆی ئاریایی بوون و ئێرانی بوونی کورده‌کان، ئه‌م گه‌له له وڵاتانی تورکیه و عێراق و سوریه ده‌که‌وێته به‌رده‌م په‌لاماری تورانی و سامی ییه‌کان.
ههلوێستهکردن له‌سه‌ر ئه‌م ئامانجانه‌ی کۆماری ئیسلامی و ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆنی پان ئێرانیست له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌ریده‌خا که عه‌قلییه‌تی خودمێحوهربینی له نێو ئه‌م سیستم و کولتوره‌دا بووته نه‌ریتێکی زاڵ که پێده‌چێت ته‌نانه‌ت هێندێک له نووسه‌ر و روناکبیرانی کوردیش تێیدا نووقم بووبێتن. ئه‌گینا کام قه‌ڵه‌می به‌ویژدان ده‌توانێ دۆخی تراژدیی کوردستانی ئێران نه‌هێنێته سه‌ر کاغه‌ز و له جیاتی ئه‌وه له پێناوی خۆش خزمه‌تی بۆ رێژیم، فرمێسک بۆ کورد له پارچه‌کانی تری کوردستان ههڵبرێژێ و ئاواتی خستنه‌سه‌ری پارچه‌کانی تر بۆ سه‌ر خاکی ئێران بخوازێ.
له کاتێکدا که زۆرینه‌ی چاودێرانی سیاسی و مافه‌کانی مرۆڤ، ولاتی ئێران به گه‌وره‌ترین زیندانی ئازادیخوازان و کوشتارگای گه‌لانی بنده‌ست پێناسه ده‌که‌ن، مه‌دحی وه‌ها وڵاتێک له لایه‌ن به‌شێک له به‌ناو نووسه‌رانی و بژارده‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ واتایه‌ک ده‌گه‌یێنێ؟! ئه‌گه‌ر ره‌هه‌نده‌کانی ئه‌م کرداره خزمه‌ته به گه‌ل و نیشتمان، بۆچی له به‌رامبه‌ر تواندنه‌وه‌ی کولتووری و ئه‌نفالی سپی و به ئه‌منییه‌تی کردنی فه‌زای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌ن رێژیم و کوشتنی رۆژانه‌ی کۆلبه‌ران و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌ی رۆله‌کانی گه‌لی کورد ده‌نگ هه‌ڵنابڕن و جارێک له جاران مۆدێلی فێدرالی له باشووری کوردستان و خۆبه‌رێوه‌به‌ری له رۆژئاوا و پهکێیجی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له باکوور بۆ کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی به نموونه ناهێننه‌وه؟!
ئه‌م به‌رێزانه ئه‌گه‌ر خۆیان له راستییه‌کان نه‌دزنه‌وه، ده‌بێ ئه‌و واقیعه‌یان ده‌رک پێکردبێ که مێکانیزمی چاره‌سه‌ری دۆزی کورد له باقیی پارچه‌کانی کوردستان به به‌راورد له گه‌ڵ ئێران به‌ره‌وپێشچوونی خێراتری به‌خۆیه‌وه دیوه، که‌چی به‌داخه‌وه ئه‌مان سازێک لێده‌ده‌ن که به مه‌زاقی “تاران” خۆشه، نه‌ک مییلهتهکهیان.