مستەفا شێخە
سوپاسو حەمدو سەنا بۆ پەروەردگاری ئافرێنەری هەموو کائیناتو هەسارەکان و هەڵسووڕێنەری هەموو بوونەوەرەکان بە گیاندارو بێگیانو ئینس و مرۆڤەوە. سوپاس بۆ ئەو خوایەی ئەم هەموو زمانو زاراوە جۆراو جۆرەی رۆناوە. خۆ هیچ رێی تێناچێت بەندەیەکی بێدەستەڵاتی وەک منی نووسەری ئەم هەڵیتو پەڵیتە بێ ئەمری خوای گەورە بکاتو بڵێت خوایە گیان بۆ بەم بەشی خوڵقاندنی زمانەداناچییەوە و بەناو زمانی کوردی لە ڕیزی زمانەکان لانادەی؟
دیارە خوای گەورەش هەموو دەروویەکمان لێناگرێتو دەرگایەک دادەخاتو سەتی دیکەمان بۆ دەکاتەوە. سەبارەت بەم کێشەی زمانەش وەک دەڵێن لەخوا بەزیاد بێت لەم دواییانەدا دەرگایەکمان بۆ کرایەوەو ئەم شتەی کە چل پەنجا ملیۆن کەس لەسەرئەم گۆ خڕە خۆڵاوییەدا قسەی پێدەکەنو ئەم بڕە خەڵکە کەمە پێی دەڵێن زمان، کەوتە ژێر پرسیارەوە. هەرئەم پرسیارە کە کاکی کاکان، کاکە گەورەی خۆمان، فارسی خاوەن زوبانی شەککەرین سەبارەت بە قسەکردن بە کوردی نوێی کردەوە، بوو بە هۆی ئەوە منیش لەکاری دژ بە ئاسایشی نەتەوەییو بەرژەوەندیی گشتی بکشێمەوە و تەنانەت بێمە سەر ئەم ڕایە واز لە نووسینی ئەم گۆشەیە بۆ رۆژنامەی کوردستانیش بێنم.
دوای ئەوەی نوێنەرایەتیی رەسمیی ماڵی کاکمان لە شاری سلێمانی، لە نووسراوەیەکی چڕوپڕی پڕ لە بەڵگەو مەڵگەو سەرچاوە و مەرچاوەدا فەرمووی: «کورد زمانو مێژووی نییە» و ئەم چل پەنجا ملیۆن کەسەی لەم ناوچەیەدا بەو ناوەوە دەژین، وەک هۆلۆکاستەکەی جوولەکان درۆ و دەلەسەی مێژوونووسانی درۆزنو شتی وایە، من زیاتر بەخۆم داهاتمەوە.
ئەگەر زمانی فارسی واتە زمانی کاکی کاکان لە ناوچەکەدا وەک شەلی دەست بەعەسا بە یارمەتیی وشە و ڕستەو رێکەوەندی کوردی و عەرەبیەوە بەڕێگەدا دەڕوات، بەڵام هەر زمانی یەکەمە. فارسی دەتوانێت سێحری وا بکات سەری هەموو زانایان بتەزێنێت. ئەوەتا کام زمان هەیە بتوانێت بە تاقە یەک وشە سواری رستەیەکی دووردرێژ بێت و بە دوای خۆیدا هەوساری بکات؟ ئێوە هیچ هەستتان بە وشەی «است»ی فارسی کردووە؟ بۆ ئاگاداریی خوێنەری بەڕێز تەنیا بە رستەیەک گەورەییو توانای لە ڕادەبەدەری ئەم «است»ـەتان بۆ دەستنیشان دەکەم. ئەوە فشە نییە، ئەستە ئەست! سەیری ئەم رستەیە بکەن: « مصرف دخانیات اکیدا ممنوع است.» هەی چاوی سەرم بی «است»! نەتاندیوە ئاڵای شیرورۆژ نیشانی ژیار و شارستانیەتی لە سەر شان داناوە و لە دووندی رستەکەدا دەیشەکێنێتەوە؟ دیتووتانە چۆن وشەکانی «مصرف» و «دخانیات» و «اکیدا» و «ممنوع» بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت؟
دوای خوێندنەوەی ئەم رستەیە، جارێکی دیکە دەستی نووسەری بابەتەکەی نوێنەرایەتیی کاکی کاکان لە شاری سلێمانی دەگوشم کە دەیسەلمێنیت ئەوەی کورد پێی دەڵێت زمان، هەر تۆزی زمانی خۆشبەز و خۆشڕەوی فارسی ناشکێنێت و رەنگە شوێنیشی نەدۆزێتەوە. قسەی خۆمان بێت، ئێمەش کە بە خۆمان دەڵێن کورد، بەتەواوی لە هەڵە داینو ئەم وشەو رستانەی قسەی پێدەکەین زمان نییە. هەر با پرسیارێک لە خۆمان بکەین، ئەم هەزاران وشەیەی ماوەی چەند سەد ساڵە لە ناو کێوەکانی زاگرۆس مۆزۆپۆتامیاو شتیوادا ماوەتەوە و دەر و دراوسێکانیش چەندی دەیکەن و دەکرێنن، بۆیان ناچێتەوە سەریەکو وەک زمانەکانی دیکە ناچێت، کوا ئەمە زمانە؟
هەر ئەم رۆژنامەیەی بەردەستتان ئەوە نزیکەی ٧٠ ساڵێک دەبیت بە ئەم پیت و وشە و زاراوانە دەنووسرێتو ماڵی کاکمان دەبێ بۆ تێگەشتنی بابەتەکانی وەرگێری زمانی بۆ بەکرێ بگرن. رۆژنامە هیچ لەم دواییانەدا بە ملیۆنان لاپەرە پڕکراون لەم وشە و رستانەو بەملاوئەولادا بڵاو دەبنەوە. ئەم رادیۆو تەلەفزیۆن و شتە هەر بەیەکجاری کارەکەیان تێکداوە.
بە بڕوای من کێشەکە لە زمانەکەوە نییە. من کارم بەوەیان نەداوە ئاخۆ ئەم نیشانەو پیتو دەنگ و واج و وشە و رێکەوەند و رستەو شتانەی ئەم چەند دێڕەی سەرووم لێدروست کردوون، زمانە یان زمان نییە. باشترین پێشنیاریشم بۆ چارەسەری کێشەکە ئەوەیە ئەم چەند کەسەی لەم ناوچەیەدا بەمجۆرە قسە دەکەنو دەنووسن و دەخوێننەوە، وەک ساڵی ساڵان هەر لەشوێنی خۆیاندا زیندانی بکرێن و هەوڵ بدرێت لە نێو ئەم بەندیخانە گەورەیەشدا بە زەبری زمانە شەکەرەکەی ماڵی کاکمان ببن بە خاوەن زمان.
لە کاتێکدا دوای ٧٠ساڵ تەمەنی ئەم رۆژنامەیەو نووسینی ٥٠ گۆشە لەم لاپەڕەیەدا سوپاسی ماڵی کاکمان دەکەم کە وشیاریان کردمەوە نەک هەر منی نەخوێندەوار، بەڵکوو نالیو هێمن و بێکەسەکان و پەشێو و خانی و هەموو ئەو نووسەرە کەون و نوێیانەی بە شێوەی چل پەنجا ملیۆن کەسی گۆرین دەنووسن، لاڵە پەتەینو باشتر بوو بە زمانی جەستە و ئاماژە قسەمان کردبایە.