نووسینی: ژیوار رەسووڵی
لەرۆژانی رابردوودا رۆژهەڵاتی کوردستان خرۆشانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوەو خرۆشانێک کە بەلای هەندێک کەس و تێروانینەوە بەهەڵە لێکدراوەتەوە. یان ئەوەیکە لەسەر بنەمای حەماسەو سۆزی هەنووکەیی لێکدانەوەی بۆ دەکەن. ئەو تێروانینەش لەلایەک تێنەگەیشتن لە سایکۆلۆژیای تاکی رۆژهەڵاتەو لەلایەکی دیکەشەوە خۆبواردن لەمێژوو و باکگراوەندی ئەو خەڵکەیە کە بۆ پشتیوانی کۆبانێ رژانە سەرشەقام.
بۆ ئەوەی نرخی راستەقینە بە نیشتمانپەروەری ئەو خەڵکانەی سەرجەم شارەکانی رۆژهەڵات بدەین کە تاکوو ئێستا بۆ پشتیوانیکردن لەکۆبانێ نەچوونەتەوە ماڵەکانیان، دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارە سادەیە بدەینەوە، کە چی وادەکات خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شنگال و کۆبانێ هەڵوێست بگرن، بەڵام بۆ شارێکی دیکەی ئێران و لەدەرەوەی جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان بەو خۆرسکییە لەسەرپێ نەبن؟ ئەوەش دەشێ دوو هۆکاری سەرەکی هەبێت:
یەکەم: بەئاوردانەوەیەک لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین کە هەموو پراکتیکە نەتەوەییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک دەبن. پێکهێنانی یەکەم حزبی مۆدێرن کە حیزبی دیموکراتی کوردستانە، دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دیموکراتی کوردستان و بە ئاڵاهەڵگریی پێشەوای نەمر قازی محەممەد هەر لە رۆژهەڵات لەدایکبووە، و هاوکات لەگەڵ هاتنی شەپۆلی چەپی رادیکاڵ و سووننەتی بۆ ئێران کە دونیای دووکەرت کردبوو، ئەوە هەر نوخبەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگیی شەهید دوکتور عەبدوڵرەحمان قاسملوو بوو، کە خوێندنەوەیەکی لەچەپ هێنایە گۆرەپانی نوخبەوی کە نەک لەبەرامبەر مافی نەتەوەیی گەلی کورددا نەبوو، بگرە بەهەموو مانایەکەوە خستییە خزمەت پرسی نەتەوەیی کورد،و دوای ئەویش بەشێکی زۆر لە حزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش پەیرەویان لێ کرد. ئەو باکگراوەندە مێژووییە وایکردووە کە تاکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیلامەوە بگرە هەتا ماکۆ نەک کێشەی نەبوونی شوناسی نەبێت، بگرە شانازیشی پێوەدەکات،و لەو دیوەی سنوورە دەستکردەکانەوە بەئازاری هاونەتەوەییەکانییەوە دەنالێنێ،و بە سەرکەوتنەکانیشیان گەز گەز باڵا دەکات. کەواتا خەڵکی رۆژهەڵات هەڵگری شوناسێکی پتەوی نەتەوەین، هەربۆیە خۆرسک بۆ شنگال و کۆبانێ دەرژێنە سەر شەقامەکان.
دووەم: ئەگەر لەدروشم و ماهیەتی دروشمەکانی سەرجەم خەڵکی پشتیوانیکەر لە کۆبانی وردبینەوە، زۆر بەئاشکرا نەوتراوەکانمان بۆ دەردەکەوێت، زۆر کۆدی گرنگ لە دروشمەکاندا دەبینرا، کە هەموویان پەیامی ئاشکرابوون کە بەرەورووی نوخبەی سیاسیی رۆژهەڵات و لەسەروو هەمووشیانەوە حزبە سیاسییەکان کرایەوە. ئەگەر تەنیا دروشمی ” کوردستان یەک وڵاتە کۆبانی رۆژهەڵاتە” وردبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە بەنوخبەی سیاسیی کوردستان دەلێت، کە ماهیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکوو داعش وایە،و هەرچییەکی ئێستا لەکۆبانی دەکرێت، لەناوەرۆکدا وەکوو خۆی بەڵام لەشێوازدا بەجیاواز لەرۆژهەڵاتیش دەکرێت. گەنجانی خوێن گەرمی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو دروشمانە پەیامی ئەوەیان پێ داینەوە کە ئەگەر داعش ساڵێکە تیرۆریستە، ئەوا کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە ٣٥ ساڵە تیرۆر دەکات، و تیرۆر هەناردە دەکات. ئەگەر داعش بەناوی سەلەفییەتی تەکفیرییەوە هەموو ئازادییە شەخسییەکان ناهێلێت، ئەوا ٣٥ ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر ناوی ئیسلامی شیعەی ئەسنا عەشەری دا ئەو ئازادییانەی لەدار داوە. ئەگەر داعش بەناوی ئۆممەی ئیسلامییەوە نایهەوێ کیانی سیاسی دیکە هەبێت، ئەوا دەسەڵاتدارانی ئێران لە پەهلەوییەوە بگرە بەناوی میللەتی ئێران و ئیمپراتۆرییەتی شیعەوە رێگەی هەناسەدانی سیاسیش بە کورد و نەتەوەکانی دیکە نادەن. کەواتا دروشمی “کۆبانی رۆژهەڵاتە” پەیامێکی ئاشکرایە،و ئێمەش وەکوو حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیامەکەمان پێگەیشتووە،و بەرپرسیاریەتیشمان زۆرتر بووە.
بەرپرسیارییەتییەک کە دوێنێ هەڵمانگرتووە،و ئەمرۆش بەپشتیوانی جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان و حزووری پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەت و دیپلۆماسییەتی جیهانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ئەنجام دەگات، هەر ئەوەش دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەنگەتاو کردووە،و کۆبوونەوەکانی سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستان، کاک خالید عەزیزی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەمەڕ پرسی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان کاربەدەستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تووشی هیستریایەکی گەورە کردووە. ترسێک کە هەرخۆیان دەزانن چەندە راستەقینەیە. کۆماری ئیسلامی ئێران باش لەوە تێگەیشتووە پیلانەکەی بۆ نقوورچگرتن کە ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ناوچەی لەشەقامەکانی کوردستان پووچەل بووەتەوە،و ئەمرۆ دیپلۆماسییەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان هاوکات لەگەڵ خرۆشانی جەماوەری رۆژهەڵات و حزووری پارێزەرانی رۆژهەڵات هاوکێشەکەی بۆ ئێران پێچەوانە کردۆتەوە، و هەربۆیەش لەم چەند رۆژی رابردوودا خەڵکانێکی زۆری قۆڵبەست کرد،و لەئیلام و ورمێ مۆڵەتی خۆپیشاندانی نەدا.
زۆر ئاشکرایە کە هاتنی خەڵکی رۆژهەڵات بۆ شەقامەکان پشتیوانییەکی ئەخلاقی و نەتەوەییە بۆ خوشک و برا کوردەکانیان لە کۆبانی، بەڵام وەبیرهێنانەوەی هێزێکی کارامە و خوێندەواری شاراوەیە، کە دەکرێ گرەوی گەورەی لە رۆژهەڵات لەسەر بکرێت. ئەو گرەوەی کە حیزبی دیموکراتی کوردستان بەپشتیوانی خەڵکی رۆژهەڵات دەیکات، بەڵام پێویستە دوای کۆبانیش هەر لەشەقامەکان بمێننەوە، بۆ ئەوەی جیهان لەو هاتوهاوارەی ناوچەدا کوردی رۆژهەڵات لەبیر نەکات،و لەوەش دڵنیا بن کە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزگاری لە تاک تاکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، و بەدڵنیاییەوە ئێستا لەقۆناغێکی نوێی خەباتی رزگاری نەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی کوردستان داین، و ئەمجارەیان حیزبی دیموکراتی کوردستان بەکردەوە میحوەربوونی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هاوکێشەکانی ناوچە دەسەلمێنێت.