خەڵکی نیشتمانپەروەری رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەندامان و لایانگرانی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
خەڵکی خۆراگری کۆبانێ لەرۆژئاوای کوردستان ئەوە نزیک مانگێکە لەژێر گەمارۆی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بەداعشدایە کە لەلایەن بلۆکە ناوچەییەکانەوە بە نوێترین چەک و تەقەمەنی تەیارکراوە، بەڵام خۆراگری و نەبەزی خەڵکی کۆبانێ بەردەوامە و رێگەیان نەداوە پێی رەشی تیرۆریستان بەو شارە کوردستانییە بگات. گەمارۆی کۆبانێ و مەترسی داگیرکردنی ئەو بەشە لە خاکی رۆژئاوای کوردستان جارێکیتر لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستانی هێنایەوە سەر شەقامەکان و ئەوە چەند رۆژە لە سەرجەم کۆڵان و شەقامەکانی رۆژهەڵات دروشمی ئازادی بۆ کوردستان و مەرگ و نەمان بۆ داگیرکەران دەگوترێتەوە.
لاوانی نیشتمانپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان
دوێنێ پەیامی هاوخەمیتان بە هەست و بە کردەوە بۆ خوشک و براکانتان لەشەنگال لە باشووری کوردستان وەکوو هەستێکی کوردانە گەیشت، ئەمرۆش لەپێناو پشتیوانیتان بۆ خۆراگری خەڵکی کۆبانێ لەرۆژئاوای کوردستان پەیامێکی دیکەتان بەگوێی کوردستان بەگشتی و نوخبەی سیاسیی رۆژهەڵات و ئێمەی یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، پەیامێک کە زۆر بەئاشکرا بەدروشمەکانتانەوە دیارە. ئێوەی لاوانی رۆژهەڵات ئەوەتان دەرخست کە هێزێکی یەکجار گەورەی شاراوەن کە لەبچووکترین دەرفەتەکاندا حەماسەی گەورە دەخوڵقێنن و هاوکات دیسانیش شعوری نەتەوەیی و هەستی نیشتمانپەروەریتان نیشانی کوردستان و جیهان دا.
لاوانی ئازادیخوازی رۆژهەڵات
ئێوە داینەمۆی دوارۆژی رۆژهەڵات و هەڵگری داهێنانی گەورەن بۆ قۆناغی داهاتووی خەباتی رەزگاریخوازی نەتەوەیی و زۆر بەئاشکراش پەیامی “کۆبانێ رۆژهەڵاتە” بەئێمە گەیشت و ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە سیستەمی داپڵۆسێنەرو زاڵم و داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەوێنای داعشی تیرۆریست خەریکە بەشێوازی جۆراوجۆر لاوانی رۆژهەڵات تێرۆر دەکات، هەربۆیەش ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەویست و مەبەستییەتی خرۆشانی خۆڕسکی شەقامی رۆژهەڵات بە ئاراستەی سیاسەتە ناوچەییەکانی خۆیدا ببات، بەڵام ئێوەی لاوانی رۆژهەڵات بە دروشمەکانتان و بە نیشاندانی ماهییەتی نەتەوەیی خۆپێشاندانەکانتان پیلانەکانی رێژیمی کۆنەپەرەست و دیکتاتۆری ئێرانتان پووچەڵ کردەوە، هەربۆیەش وەکوو یەکێتی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان سپاسی نیشتمانپەروەریتان دەکەین و ئاماژەکانیشتان دەکەینە هەوێنی خەباتێکی بەرفراوانی داهاتوو، هەروەکوو چۆن پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەسەر خواست و ویستی ئێوەی لاوانی رۆژهەڵات پارێزگاری لە هەموو چین و توێژەکانی رۆژهەڵات دەکەن. با ئەوەش دەستپێکێکی لەبن نەهاتووبێت، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەدەست و مەچەکی ئێوەی لاوانی رۆژهەڵات لەدەست داگیرکەران و داعش سیفەتەکان رزگار بکەین.
سەرکەوێ خەباتی رزگاریخوازی کوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
١٩/٧/٢٧١٤