ئاگادار بووینەوە کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێورەسمیکی تایبەتی بۆ رێزگرتن لە هەژار قاسمی نوێترین شەهیدی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتووە.
رێگامان بدەن لە نیوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەو سەر زەوی و نیشتمانەوە کە درێژەدەرانی رێگا و هاوسەنگەرانی شەهید هەژار قاسمی خەبات و تێکۆشانی تێدا دەکەن، گەرمترین سڵاو و دەستخۆشی بۆ ئیوە بنێرین.
بۆ ئێمە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جێگای سەربەرزی و شانازییە کەلەگەڵ رۆڵەی پێشمەرگە و تێکۆشەری بەتوانای وەک هەژار قاسمی، لە قووڵایی خاکی رۆژهەڵات و لەباوەشی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا، بۆ ماوەیەک هاو ئەرک و هاوسەنگەر بووین.
رێزگرتنی ئیوە لاوانی دێموکرات لە هەژاری قاسمی، پێشمەرگەی شەهید، مانایەکی بەرز و پیرۆزی هەیە. ئەم رێزگرتنە نیشان دەدا کە لاوانی کوردستان رێگای شەهیدەکان ون ناکەن، بەتایبەتی ئەو شەهیدانەی کە لە چەشنی راخوشینی ئەستێرە لە تاریکە شەودا هەرێمیک روون دەکەنەوە.
دڵنیاتان دەکەینەوە ئێمە و هەموو لاوانی بەهەڵوێست و راپەڕیو لەنێوخۆی رۆژهەڵاتیش، لەسەر رێگای هەژار قاسمی و هەموو ئەو رۆڵانەی کە لەم چەند ساڵەدا شههید بوون وەک: شێخ غەریبی حەسەنی، هەمزە سارتکەیی، محەممەد نەدیمی، بێهرووز رەزا نژاد، قادر قادری و قادر نەزمی، بەردەوام دەبین.
ئێمە کە ناوی پڕ شانازی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانمان لەسەرە، هەروەک لە یەک مانگی رابردوودا نیشانمانداوە، لە سەرکوت و تاوان و راورووتی هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ و بی هەڵوێست نابین، بەڵێن دەدەین لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشمەرگە و پاسەوانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان بین و هەرکات پێویست بوو، بەگژ دووژمنانی سەربەرزی و ئازادیی نەتەوەکەماندا بچینەوە.
ئێمە چاوەڕوان و هیوادارین ئێوە لاوانی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانمان بن . ئێمەش دڵنیاتان دەکەینەوە کە لە جێبەجێکردنی ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆماندا بەتایبەتی لە هاوکاریی هێزی پێشمەرگە و بەرهەڵست بوونەوەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا درێغی ناکەین.
هەر لێرشەوە رایدەگەیەنین کە لەناوخۆی وڵات، بەخۆشییەوە ژمارەی ئەو لاوانەی ئامادەن بەڕیزەکانمانەوە پەیوەست بن رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ. هەروەها دیسان بە خۆشییەوە، بە پشتیوانی و دڵگەرمی ئێمە، خەڵک ئێستا بۆخۆیان بەرگری لە خۆیان دەکەن و چیدیکە دەستدرێژی و تاوانکاری لە هێزەکانی رێژیم قەبووڵ ناکەن.
ئێمە دڵنیاین پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لە پارێزەرانی رۆژهەڵات لە ناوخۆی وڵات، ئاکامی زۆر لەوانە گرنگتری بەدواوە دەبێ.
بەڕێزان!
جارێکی دیکە، دەستخۆشی بە ئێوە دەڵێین بۆ رێزگرتنتان لە پێشمەرگەی شەهید، هەژار قاسمی
سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهید هەژار و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەرکەوتن بۆ خەباتی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
مردن و سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی رزگاری کوردستان
پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان