پێشنیوەڕۆی رۆژی شەمە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ بەڕێز مستەفا مەولودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی سکرتاریای یەکیەتیی لاوانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوان بە سەرپەرەستیی پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی رێکخراو پێشوازی لێ کرا.
سەرەتای دانیشتنەکە پێشەوا عەلی پوور سکرتێری یەکیەتیی لاوان وێڕای بە گەرمی بەخێر هاتن کردنی بەڕێز مەولودی باسی لە بڕیار و راسپاردە نوێیەکانی یەکیەتیی لاوان و هاوئاهەنگی ئۆرگانیکی نێوان لاوان و حیزب کرد و راپۆرتێکی سەبارەت بە تێکۆشانی رابردوو و بەرنامە و پلانەکانی داهاتووی یەکیەتیی لاوان لە بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی لاوان و سیاسەتەکانی حیزب لەو قۆناغەدا پێشکەش کرد.
پاشان بەڕێز مستەفا مەولودی وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵ و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان لە قۆناغەجۆراوجۆرەکاندا و ئێستا بەتایبەتی، وتی کە :” لاوان هیوای ئێستا و دواڕۆژی نەتەوەکەمان و حیزبەکەمانن و حیزبی دێموکرات زۆربەی سەرکردەکانی لە یەکیەتیی لاوان پێگەیشتون ئێمە هەردەم پشتگیری تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان دەبین و پێویستە و چاوەڕوانیشمان هەیە لە داهاتووی تێکۆشانی حیزبی و کۆنگرەی داهاتووی حیزب دەوری بەرچاو بگێڕن”
بەڕێز مەولوودی لە ئیدامەی قسەکانیدا وتی ” بەخۆشیەوە میلەتی کورد میلەتێکی وەجاغ کوێر نییە و رۆڵەی ئازای لەدەست داوە بەڵام سەنگەری خەباتی رۆڵەکانی چۆل نەبوە و دڵنیام ئێوەی لاوانیش رێبازداری بەحەقی شەهیدان دەبن”
لە کۆتاییدا بەڕێز مەولودی جارێکی تر پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەملای بۆ یەکیەتیی لاوان و تێکۆشانی رێکخراوەیی دوپات کردەوە و بەڕێوەبەری یەکیەتیی لاوانیش وێڕای دەستخۆشی لە سەردانی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب لە لاوان، سپاسی هەڵوێست و پشتیوانیەکانی بەڕێزیان کرد.