کێیەتی یان هەمان هوڤییەت دەستبەرنابێت هەتا وەکوو باوەڕمەندی نەچێتە ناخ بە ناخی تاکی کۆمەڵگەوەو، لە بیرۆکەوە نەبێتە بیرێکی هزری و جەماوەری.
گەلی کوردی چەوساوەش کە لە مێژە و بە شێوازی جۆراجۆر هەوڵی سڕینەوەی لە باری ناسنامەوە دراوەو، تەنانەت لە ئەوپەڕی بێدەرەتانی نەیارانی ویستوویانە گەر شەڕی دەستەوەیەخەیان پێ ناکرێ ، ڕێگایەکی دیکە بدۆزنەوە ئەویش بەتاڵکردنی نەتەوەیەک لە ناسنامەی خۆی.
لەم بەربەرەکانیەدا ئەمە توێژی ئاکتیڤ و کارامەو هەردەم قوربانیی لاوان بوون کە پێشەنگ بوون چ وەکوو ئاوەدان هێشتنەوەی سەنگەری خەبات کە بە هەق ڕەوا بووە، چ وەکوو شان وە ژێر ئەرکەکانی دیکەدان و تەسلیم نەبوون لە بەرانبەر ئەو هەموو هەڕەشە سیاسی و فەرهەنگییە.
کاتێک یادی ٢٢ی خاکەلێوە دەکەینەوە کە دەبێ بەڕێزەوە سەری ڕێز دابنوێنین لە هەمبەر سەرجەم ئەو تازە لاو و، لاوانەی وا بە هەست پێکردن بە مەسئولییەت و ئەرک وەخۆ گرتن هاتنە مەیدان و تەنانەت تووشی دوو لەمپەر بوون، یەکەم دڕدۆنگی چینی بە ئەزموون کە ئاخۆ ئەمانە بۆ متمانە کردن دەبن؟ یان سەودا سەرییان ڕەنگە خەساری هەبێ! بەڵام تەمەنی لاویەتی و بەتایبەتری هەست بە دەرکی مەوجوود کردن لە لاوی کورد وای کرد کە لە کاڵفامییەوە پێ بنە قوناخێکی دیکە لە ژیان و، بەرفەروان و فرە ڕەهەند چاو لە هاوکێشە سیاسییەکان بکەن و هەر بۆیە لاوی کورد، لە ئێستاکەی ئێران و کوردستان ، لاوێکی دۆگم و داخراو و بێ جیهانبینی نیە.
بەڵکوو ژیرانەو بوێرانە خەریکە پێکەوە لکاندنی سەنگەرەکانە کە کاتی خۆی بەهەر هۆکارێک تووشی لێکتەرازان بووە، ژیرییەتی لاوی کورد لەوە دایە بە باوەڕمەندبوونی بە ئایین، قازی محەممەد و مەڵا گەورەی کۆیە و مەڵامحەممەد ڕەبیعی دەکاتە تابلۆ خۆی کە میحرابی ذیکری خوا نەکاتە بیانوویەک کە لە خەمی میللەتەکەی غافڵ بێ، چۆن بە دەیان ڕێبەری نەتەوەیی کوردیش باوەڕمەند بە ئایینی ئیسلام بوون و بەڵام “حب اڵاوطان و من الایمان” یان لە پێش چاو گرتوو هەم ژیرانە جووڵانەوە و هەمیش سەری خۆیانیان لە پێناو میللەتەکەیاندا بەخشی.
لاوانی کورد لە مێژە سەلماندویانەوە کە خوازیاری دادپەروەری و یەکسانیخوازی و ئازادین، بەڵام هەموو ئەو چەمکانە کاتێک بۆ تاکی کورد مانای هەیە کە سەرەتا پرسی گرینگی”کێیەتی” و ناسنامەخوازی خۆی چارەسەر بکات.
بۆیە لە ساڵڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوە دیسان دەخوازێت سپاسێکی تایبەتی ئاراستەی داهێنەران و دامەزرێنەران و تێکۆشەرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین و ئاواتەخواز بین کە درێژەدەرانی ئەم ڕێبازە هەستیار و گرینگ و خوێناوییە دڵگەرمتر و بوێرتر بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە دەبێ بوون و تێکۆشانیان لە ئاستی مێژووی زیاتر لە ٧٠ ساڵەیان بێ و، هەروەها سێبەرانی بە تەدبیری ئەم گوڵزارە نەخشینە هەردەم بەرامەی نوێبوونەوە لە جیلی لاوان دەریغ نەکەن.
بەرز و بەڕێز بێت یادی بە ڕێکخراوە هاتنە مەیدانی لاوانی کورد، واتە ٢٢ی خاکەلێوە کە خاڵێکی وەرچەرخانە لە بزاڤی مەدەنی و سیاسی خەڵکی کوردستان.
عەلی لەیلاخ
٢٢/١/١٣٩٨