خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە هونەرمەندی ناوداری خەڵکی کرماشان “محەممەدڕەزا دارابی” بەخشرا.
شەوی ٢٥ی ڕێبەندان، لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداری ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ بە نوێنەرایەتی لە ” مەڵبەندی هونەری ماملێ” کە لە تاران بەڕێوەچوو،خەڵاتی هونەری ئەمساڵی ماملێ درایە هونەرمەندی کرماشانی “محەممەد دارابی”.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەندی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان “ناسر ڕەزازی” لە دوورەوە بە کورتە ڤیدیۆیەک لە ڕێوڕەسمەکەدا بەشدار بوو، کە دواتر هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش کرا.
خەڵاتی ماملێ، کە ماوەی ١١ ساڵە لە لایەن “مەڵبەندی هونەری ماملێ” وەک هێمایەکی ڕێزلێنان دەبەخشرێتە ئەو هونەرمەندە کوردانەی کە خزمەتێکی زۆریان بە هونەری کوردی کردووەو جێ پەنجەیان لە هونەری کوردیدا دیارو بەرچاوە.
جێی ئاماژەیە، ئەو مەڵبەندە لە ١٩ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٧٨، لە دەیەمین ساڵوەگەری کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی کورد محەممەدی ماملێ لە وڵاتی نۆروێژ دامەزراوەو ئامانجیشی گرینگی پێدان بە بواری هونەرو ڕێزگرتن لە ئەرک و زەحمەتی هونەرمەندانە لە بواری هونەریدا.
شایانی باسە ئەو مەڵبەندە کە بۆ ماوێ چەند ساڵێکە کار دەکا، تا ئێستا ئەو خەڵاتەی بە چەند هونەرمەندی وەک،”قادر عەبدوڵڵازادە” ناسراو بە “قالە مەڕە” ، “ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ”، “عەباس کەمەندی” ، “عەزیز شارۆخ” ، ” حوسێن سەفامەنش” و “ناسر ڕەزازی” بەخشیوە.
ڤیدیۆ و وێنە: ماڵپەڕ www.mamle.net