کوردستانیانی ئازیز!
لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری کوردستان!
هەروەک ئاگادارن سەرلەبەیانی رۆژی شەمە ١٧ی خەرمانان سپای تێرۆریستی پاسداران هێرشی مووشەکی کردە سەر قەڵای دێموکرات و پلینیۆمی کۆمیتەی مەرکەزی حیزبی کردە ئامانج.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تەجروبەی زیاتر لە حەوت دەیە تێکۆشان لەگەڵ هەردوو رێژیمی پاشایەتی و ئیسلامی بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی کورد فیداکاری زۆری کردوە و زۆر سەرکردەی لەوپێناوەدا لەدەستداوە. کەلتووری فیداکاری لەناو ئێمەدا میراتی پێشەوا قازی و دکتوور قاسملوو و دکتوور شەرەفکەندییە و ئێستاش بە شەهید بوونی هاوڕێیانی رێبەری و کادر و پێشمەرگە دڵسۆزەکانمان، نەتەنیا لە خەبات و تێکۆشان دژی ئەو رێژیمە سارد نابینەوە، بەڵکوو شێلگیرتر لەجاران خەباتی خۆمان دژی رێژیمێک کە باوەڕی بە کۆنوانسیۆنەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت شەڕیش نییە بە گوڕتر دەکەین.
رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە پەلەقاژەی مەرگدایە و بە تیرۆر و شەڕ دەیهەوێ ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆیی و تەریککەوتنی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبیرخەڵک بباتەوە، بەڵام خەڵک ئەو رێژیمەی ناسیوە و چارەنووسی ئەو رێژیمە وەک هەموو رێژیمە دیکتاتۆرەکانی دیکە دەبێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لە کۆتاییدا سەرکەوتنی ئیرادەی مافویستانەی میلەتانە
لەوەها دۆخێکدا کە رێژیم گەیشتۆتە بۆنبەسی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پێویستە لاوانی کورد بە پشتکردنی هەرچی زیاتر لە بەرنامە و پلانە گڵاوەکانی، ئەو رێژیمە بێهیوا بکەن لە داگیرکاری خاکی کوردستان. ئەوانەی کە لەدام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیمدا تا ئێستا هاوکاری رێژیم بوون کاتی ئەوە هاتوە کە وەخۆیان بێنەوە و بێنەوە باوەشی نەتەوەی خۆیان. ئەوانەش کە خزمەتکردن بە رێژیم درێژە دەدەن و خەیانەت بە نەتەوەکەیان دەکەن، بزانن کە راستەوخۆ لەو جەنایەتەدا بەشدار بوون کەبەسەر بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبدا هات و تێکۆشەرانی حیزب و خەڵکی مەدەنیش بوونە ئامانج. ئێمە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە رۆڵەکانی دێموکرات ئەو جینایەتە بێ وەڵام ناهێڵن و لە کاتی خۆیدا وەڵامی گورچووبڕیان دەدەینەوە.
لاوانی رۆژهەڵات! ئێوە کە هەمیشە لەمەیداندابوون و دژی ئەو رێژیمە بە بیانووی جۆراوجۆر خەبات و تێکۆشانتان هەبوە، دڵنیام کە ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامی لەبیر ناکەن و رق ئەستوورتر لە جاران بەرەورووی ئەو رێژیمە دەبنەوە.
داوام لە لاوانی کورد هەرلەخۆڕاسان و ماکۆ تا کرماشان و ئیلام ئەوەیە کە لەم دۆخە نالەبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە رێژیم بەسەرتانی داسەپاندوە، رووبکەنە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پۆشینی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە سەنگەری شەهیدان ئاوەدانتر بکەنەوە.
سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە
بژی کورد، بژی کوردستان
بژی هێزی پێشمەرگە، پارێزەری ماف و کەرامەتی میللەتی کورد
سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوان