ژیار کتابی ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان و وەرزشوانێکی سەرکەوتوو لە بواری “کۆنگفۆ وشوو” کە خاوەنی پلەی جیهانییە ، دوایین میداڵی سەرکەوتنی خۆی کە لە کێبرکێیەکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی بلژیک بە دەست هێناوە، پێشکەش بە خوڕاگری خەڵکی بانە و بە گشتی خەڵکی رۆژهەڵات کرد.
لە رۆژانی ڕابردوو لە کێبرکێی “پاڵەوانی ئورووپا” کە بە بەشداریی ١٢ تیمی ئورووپای و لە وڵاتی بلژیک و لە ژێر چاوەدێری فیدراسیۆنی جیهانیی کۆنگ فۆ” بە رێوەچوو، ئەو لاوە دێموکراتە لە کێشی ٧٥ کیلۆ ، وەکوو ئەندامی تیمی میللی بلژیک توانی پلەی دوویەم و میداڵی زێو بە دەست بهێنێ و سەرکەوتنێکی دیکە تۆمار بکا.
ژیار کتابی ئەندامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان ، لەو بارەوە بە ماڵپەڕی “کوردستان و کورد”ی ڕاگەیاند: وەکوو لاوێکی دێموکرات ، لە خزمەتی حیزبەکەم و خەڵکی رۆژهەڵاتم و ئەو میداڵەم بە شێوەی سیمبۆلێک پێشکەش دەکەم بە خۆڕاگری خەڵکی بانە و شارەکانی دیکە کوردستان کە بە شێوەی مەدەنیانە نیزیک بە مانگێک درێژەیان بە مانگرتن دا و دژی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە شێوازی جۆراجۆر لە خەبات دان.
هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ، پاڵپشتی و هاوکارییەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرزنرخاند و سپاسی هەموو لایەکی کرد کە یارمەتیدەری ئەو لاوە وەرزشوانەن، بەتایبەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بلژیک.
شیاوی باسە ژیار کتابی تەمەن ٣٤ و خەڵکی کرماشان و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و نیشتەجێی وڵاتی بلژیکە.
ناوبراو بڕوانامەی کارشناسی باڵای “تربیت بدنی” هەیە و خاوەنی پلەی جیهانییە لە وەرزشی “کۆنگ فۆ وشوو”
جێی وەبیرهێنانەوەیە دوای کردەوە تیرۆریستیەکەی شەوی یەڵدا، کە پۆلێک پێشمەرگەی حیزب شەهید کران، ژیار کتابی لە هەڵوێستێکی کوردانە و بوێرانە ، میداڵەکەی وا لە کێبەرکێی جیهانی و، لە بواری وەرزشی “ووشو- کۆنگ فۆ” بە دەستیهێنا بوو، پێشکەشی کرد بە بنەماڵەی قوربانیانی شەوی یەڵدا و بەجۆرە هاوخەمیی خۆی بە بۆنەی کارەساتی تەقینەوەکانی شەوی یەڵدا و شەهیدبوونی چەند کادر و پێشمەرگەی حیزب دەربڕی.