یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک سێمینارێکی پێک هێنا.
سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەشەمە، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێمیناریکی بەبۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایک لە یەکێک لە هۆلەکانی بنکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.
سەرەتای سێمینارەکە خاتوو سۆلاڤ قادری وتەی کرانەوەی سێمیناری پێشکەش کرد و پاشان بەڕێز ڕەسووڵ سوڵتانی، نووسەر و وەرگێر و شارەزا لە زمان باسێکی لەژێر ناوی “ڕۆڵی زمان لە نەتەوەسازیدا” پێشکەش کرد.
کۆڕگێر لە سەرەتای باسەکەیدا لەسەر گرینگیی زمان بە گشتی دوا و لە پێوەندی لەگەڵ ڕەنگدانەوەی بابەتی هزر لە زماندا تیشکی خستە سەر ئەوە کە زمان هەم خوڵقێنەری گوتار و هەم خوڵقینەری هەڵوێستە، هاوکات بۆ نموونە هێنانەوە لەسەر کاریگەریی زمان لەسەر هزر باسی لە دەکارکردنی بیری ڕۆژئاوایی کرد و بۆ کاریگەریی هزر لەسەر زمان ئاماژەی بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک، لە نووسینی د. قاسملووی نەمر کرد.
زمان وەک سیستەمی گشتی و لاوەكی و هەروەها زمان وەک دەستنیشانكەری بەهاكان، دوو تەوەری سەرەکیی باسەکەی ڕەسووڵ سوڵتانی بوون و بەڕێزیان لە کۆتایی باسەکەیدا ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە نەتەوە تەنیا لە دەفری زماندا دەمێنێتەوە و گەشە دەكا و پێدەگا.
بەشی کۆتاییی سێمینارەکەش بۆ ڕا و سەرنج و پرسیاری بەشداران تەرخان کرابوو.