لاوانی شۆڕشگێڕی کورد، لەنێوان خەبات و خوێندندا
مانی هۆرمۆزی؛ خوێندکار
لە مێژووی هەموو نەتەوەکانی جیهاندا لاوان بوونەتە داینەمۆی سەرەکیی گۆڕانکاری و ئازادیخوازی، لاوانی کوردیش لە مێژوودا بە ڕێگەیەکی درێژ و خوێناویدا تێپەڕیون، نەک بەهۆی توندڕەوی و شەڕخوازییەوە، بەڵکوو بەهۆی دڵسۆزیی بێ سنوور بۆ نەتەوە و خاکێک کە سەدان ساڵە داگیر کراوە. هەنووکە زیاتر لە هەموو کات پێویستە کە لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوو ڕەهەندی کەسایەتییەوە، ببنە نموونەی ڕاستەقینەی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ.
شۆڕش، پێداویستییەک نەک هەڵبژاردەیەک
بۆ خەڵکانێکی زۆر لە جیهان، وشەی “شۆڕش” دەنگێکی توند و ترسێنەرە. بەڵام بۆ گەلێک کە زمانی لە دەمی وەستێنراوە و فەرهەنگی قەدەغە کراوە، خاک و دەستکەوتەکانی دزراوە، شۆڕش تاکە ڕێگایە لە بەردەمیدا ماوەتەوە. ئێمە وەک گەلی کورد هەرگیز توندڕەو نەبووین، بەڵکوو سەدان ساڵە شەڕ بەسەر ئێمەدا سەپێنراوە. لە بەرامبەر ڕژێمێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە زەبری چەک و بەندیخانە و سێدارە هەوڵی سڕینەوەی کورد و کوردایەتیی داوە، چ ڕێگەیەکی دیکە ماوەتەوە لە پێش لاوانی کورد؟
بە ڕای من دانوستان لەگەڵ داگیرکەر سوودی نییە. مێژوو ئەمەی سەلماندووە، هەموو هەوڵێک بۆ ڕێککەوتن، هەموو دەنگێک بۆ مافەکانمان، بە کوشتن و سەرکوتکردن وڵام دراوەتەوە. کاتێک دەرگاکانی دیالۆگ بەڕووی گەلێکدا دادەخرێت، تەنها زمانی قبوڵکراو، زمانی هێزە، ئایا شۆڕش تاوانە؟ نەخێر! شۆڕش ئەرکە. شۆڕش پێداویستییە. شۆڕش یەکەم هەنگاوە بۆ بونیاتنانەوەی نیشتمانی کوردانە.
دوو ڕووی یەک دراوی لاویەتی
لاوی شۆڕشگێڕی کورد پێویستە دوو کەسایەتی لە خۆیدا کۆ بکاتەوە، وەک دوو ڕووی یەک دراو کە هیچ کامیان بێ ئەوی دیکە نابێتە دراوێکی تەواو.
یەکەم، کەسایەتیی خەباتکار؛ لاوی کورد پێویستە وەک کێوەکانی نیشتمانەکەی بووەستێت: بەرز، پتەو، نەشکێنراو. پێویستە دڵ و زەینی پڕ بێت لە بوێری و تۆڵە، ئامادە بێت بۆ قوربانیدان و لەسەر باوەڕێکی پۆڵایین بێت کە ئازادی بەبێ نرخ بەدەست نایەت. لاوی شۆڕشگێڕ دەزانێت کە مافەکانی نەتەوەکەی بە شۆڕش دەگەڕێنرێتەوە، نەک بە وەستان و چاوەڕوانی. ئەم کەسایەتییە، ئەو خوێنە گەرمەیە کە لە ڕەگی مێژوومان بۆمان ماوەتەوە، لە شۆڕشی سمکۆوە تا ئەمڕۆ.
دووەم، کەسایەتیی سیاسی و خوێندەوار؛ لاوی شۆڕشگێڕی کورد تەنها بە چەک و بوێری ناگات بە ئامانج. ئەگەر داگیرکەر بە چەک پێشمان کەوێت، ئێمە پێویستە بە خوێندن و زانست پێشی بکەوین. لاوی ئەمڕۆی کورد پێویستە خوێندەوار بێت، سیاسەتمەدار بێت، تواناکانی بەڕێوەبردنی وڵات و نەتەوەی تێدا بێت. چونکە شۆڕش تەنها وێرانکردن نییە، شۆڕش بونیاتنانەوەشە. دوای ڕووخانی داگیرکەرەکان، پێویستە دەستێکی توانا و مێشکێکی بیرمەند هەبێت بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی ڕووناک. کەسایەتیی سیاسی واتە هەبوونی شارەزایی لە زانستی ئەکادیمی و بیری سیاسی و فێربوون لە ئەزموونەکانی مێژوو. واتە گوێگرتن لە دەنگی گەل، نەتەنها دەنگی ئیدیۆلۆژیا. لاوی خوێندەوار لاوێکە کە دەزانێت چۆن ڕۆژێک دەبێتە ڕابەری وڵاتێکی ئازاد، نەک تەنها جەنگاوەرێک لە چیا.
ئەم دوو کەسایەتییە، کاتێک لە یەک لاودا کۆ دەبنەوە، دەبێتە هێزێکی کۆڵنەدەر. بوێری و خەبات بێ زانست، بێ ئامانج دەگەڕێتەوە. زانست بێ خەبات، هەرگیز بەرهەم نادات. بەڵام کاتێک هەردووکیان پێکەوە بن، نەتەوەیەک لە بەندیەوە بەرەو ئازادی دەبات.
هەوڵی ئێمە بۆ بونیاتنانەوەیە، نەک لەنێوبردن
با ئەوەش ڕوون بێتەوە: ئێمە نەتەوەیەکی توندڕەو و شەڕخواز نین. ئێمە خەونی کوشتن و وێرانکاریمان نییە. خەونی ئێمە بونیاتنانە. خەونی ئێمە ئازادییە، خەونی ئێمە منداڵانێکن کە بە زمانی دایکییان قسە بکەن، بنووسن، بخوێننەوە و فێر بن. خەونی ئێمە بەیانییەکە کە تێیدا هیچ کوردێک نەترسێت لە دەنگی تەقە و تۆپ و هاواری سێدارە.
بەڵام باشیش لەو ڕاستییە تێگەیشتووین: تا دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی لەنێو نەچێت، شتێک بە ناوی مافی کورد و دەوڵەتی کوردی بوونی نابێت. ئەم ڕژێمە، کە بناغەی خۆی لەسەر ستەمکاری و نەتەوەکوژی دامەزراوە، هەرگیز بە خواستی ئازادیخوازیی کورد ڕازی نابێت. بۆیە، تا دوا هەناسە، ئەرکە و لەسەرشانمانە کە شۆڕش بکەین بۆ بەدەستهێنانەوەی هەموو ئەو مافانەی لەگەڵمان هاتنە دونیا و لێمان زەوت کران.
هاواری شۆڕش، هاواری نەوەیەک
لاوانی شۆڕشگێڕی کورد لە ڕۆژهەڵات پێویستە بزانن ئێمە بەرەوڕووی بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویین، ئێمە میراتگری “سمکۆ و قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی”ین، میراتگری هەموو ئەو خوێنانەین کە بۆ ئازادی ڕژاون. ئەمڕۆ نۆرەی ئێمەیە کە ئەو مەشخەڵە بگرین و بەرەو پێشی ببەین. جەنگ درێژە و ڕێگە سەختە. بەڵام ئەگەر ئێمە تەسلیم بین، ئایندەی نەوەی داهاتوو چی لێ دێت؟ ئەگەر ئێمە ڕابوەستین، کێ بەردەوام دەبێت؟ دەنگی شۆڕش و خەبات گەر خۆشترین دەنگیش نەبێت، لە ئیستادا تاکە دەنگە بۆ چارەسەریی زامە لە مێژینەییەکانی کورد. با هەموو لاوێکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانێت: ئازادی بەبێ نرخ بەدەست نایەت. هەروەها ئەگەر ئێمە هەردوو کەسایەتییەکەمان – خەباتکار و خوێندکار- پێکەوە گرێ بدەین، هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری لە گەشەکردنی داری ئازادیی ڕۆژهەڵاتمان بکات. شۆڕش ئەرکە، ئازادیش حەقە، نەوەی نوێی کورد، نەوەی بونیاتنانەوەیە.









