ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە لاوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان – نۆڤەمبەری ٢٠٢٥
ئامادەکردن: کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – بەرپرسی کۆمیتە: شیوا حەسەنپوور
١- دەستبەسەرکران
لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەر تاوەکوو ئێستا، لانیکەم ٣٥ لاوی کورد لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ١٤ هەتا ٣٥ ساڵ، بە تۆمەتی جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە و هۆکاری نادیار دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە کە ناسنامەی بەشێکیان ئاشکرا بووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، یەک کەس لە بۆکان، سێ کەس لە سەقز، پێنج کەس لە سنە، یەک کەس لە شنۆ، چوار کەس لە پیرانشار، چوار کەس لە مەهاباد، دوو کەس لە کامێران، یەک کەس لە کرماشان، یەک کەس لە خوراسان (ژنێکی هونەرمەند)، یەک کەس لە بانە، سێ کەس لە دیواندەرە، دوو کەس لە ورمێ و چوار کەس لە سەوڵاوا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
شوناسی دەستبەسەرکراوان بریتییە لە: سۆران یووسفی خەڵکی شاری بۆکان؛ محەممەد عەلی وەیسی تەمەن ٣٠ ساڵ و ژینگەپارێز و سیروان خوداکەرەمی خەڵکی سەقز؛ هێرش زەندی ناگەڕان، بێهنام نووری، فەرشید مەنسووری، فواد مورادی و ئیدریس مینبەری (مامۆستای زمانی کوردی) خەڵکی سنە؛ سادق مەحموودنژاد تەمەن ٣٥ ساڵ، شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومێد خزرنژاد خەڵکی پیرانشار؛ خالید ئیلامی، سەعید فەتحینژاد، هێمن ئاوەر و پێشەوا ئارمون خەڵکی مەهاباد؛ حەمید فەرهادی خەڵکی کرماشان؛ ڕامین محەممەدی تەمەن ٣٢ ساڵ و محەممەد دەشتی خەڵکی کامێران؛ بیلال ئەحمەدی ئازەر خەڵکی شنۆ؛ ڕەفعەت سەعیدی و زانا حوسێنی مامۆستایانی ئایینیی خەڵکی شاری جوانڕۆ؛ ئەسمەر حەمیدی هونەرمەند خەڵکی خوراسان؛ هێمن خورشیدی خەڵکی بانە؛ فەرزاد گەلەبان و فەرشاد سووری خەڵکی ورمێ؛ یاسر ئەدوایی، لوقمان ساڵحیزادە، عەلی حوسێنی و سەلمان ئەدوایی خەڵکی سەوڵاوا؛ ئازاد سوبحانی، زانیار مورادی، کاوە عەبدی تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی دیواندەرە.
٢- لەسێدارەدان
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوان، لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبە کوردییەکان، جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینی، مادە هۆشبەرەکان و تۆمەتی جۆراوجۆری دیکە لەسێدارە دراون کە سێ کەسیان تەمەنیان ژێر ٣٥ ساڵ بووە.
بەپێی ئەم ئامارە، زیاتر لە ٩ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان، زیاتر لە شەش کەسیان خەڵکی پارێزگای ورمێ، دوو کەسیان خەڵکی سنە و هاووڵاتییانی دیکە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە ناسنامەی تەواویان ئاشکرا نییە.
شوناسی ئەم سێ لاوە لەسێدارەدراوە بریتییە لە: وەحید ئارمان تەمەن ٣٤ ساڵ، عەلی ئاستان تەمەن ٢٥ ساڵ و پەیمان عەزیزی تەمەن ٢١ ساڵ هاووڵاتییانی خەڵکی پارێزگای کرماشان، کە لە مانگی نۆڤەمبەردا لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون.
٣- کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقینەوەی مین و تەقەی ڕاستەوخۆ
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی نۆڤەمبەردا ٢ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بریندار بوون، هەروەها کۆڵبەرێک بە تەقینەوەی مین ئەندامێکی جەستەی لەدەست داوە.
بەپێی ئەم ئامارە شێرزاد حوسەینی خەڵکی شاری مەریوان و ئەسەد (نازناو نادیار) خەڵکی شاری نۆدشە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بەسەختی بریندار کراون، هەروەها ئیراهیم عەبدوڵڵایی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەهۆی تەقینەوەی مین قاچێکی لەدەست داوە.
بەپێی یاسا، پاسەوانانی سنوور دوای جارێک ئاگادارکردنەوە بۆیان هەیە لە کەمەر بەرەوخوار تەقە بکەن، بەڵام هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە مەبەستی کوشتن ڕاستەوخۆ تەقە لە سەر و دڵی کۆڵبەران دەکەن.
**
بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان: بە درێژایی حوکمڕانیی ڕێژیمی ئێران، ئەم ڕێژیمە هەمیشە بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ، بابەتی سیاسی، ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەروەها چالاکیی مەدەنیی وەک فێرکاریی زمانی کوردی، بەتوندی ژنانی سەرکوت کردووە و دەکات، هەر وەک نموونە ژینا ئەمینیی لە تاران بە بیانووی حیجابی زۆرەملێ شەهید کرد، هەروەها وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دوو ژنە شۆڕشگێڕی کوردن کە لە بەندیخانەدان و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە، یان زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی کە بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوو. جودا لەمانەش ژنان لە زۆر مافی سەرەتایی و سیاسی بێبەشن. ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی پرتەقاڵی یان ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تەنها یەک ڕۆژە، بەڵام سەرکوتکردن، سێدارە و بێبەشبوون لە سەرەتاییترین مافەکان لە ئێران هەموو ڕۆژێکە.
تێبینی: لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، لە زانیاریی سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان و ئەو زانیارییانەی بەدەستی یەکیەتیی لاوان گەیشتووە کەڵک وەرگیراوە.








