ڕۆژی سێشەممە ٣/٦/٢٠٢٦، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەڕێزان “مستەفا قازیزادە و نەرمین عوسمانی”، هاوکات لەگەڵ شاندێکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی کەماڵ محێدینی و لەنیا ڕەسووڵی، لە شاری بێرلین لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (SPD) کۆبوونەوەیەکی سیاسییان ئەنجامدا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، “کەماڵ محێدینی” بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات، سپاسی تایبەتی بەرپرسانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی کرد بۆ ئەم کۆبوونەوەیە و باسێکی کورتی سەبارەت بە پەیوەندییە چڕوپڕەکانی لاوانی دێموکرات و لاوانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان لەم چەند ساڵەدا کرد و لەسەر بەردەوامیی هاوکاریی نێوانیان جەختی کردەوە.
پاشان “مستەفا قازیزادە” بەوردی جەختی لەسەر دۆخ و هەلومەرجی ئێستای حیزب و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە، هەروەها ژمارەیەک داواکاری و پێشنیاری پەیوەندیدار بە گەشەپێدانی کاری هاوبەش لەگەڵ حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمانی خستە بەرباس.
لەلایەن خۆیەوە، “فیلیپ فینک” ڕاوێژکاری سکرتاریەتی نێودەوڵەتیی SPD، پێشوازیی لە داواکارییەکان و ئاستی هاوکاریی نێوان دوو لایەن کرد و بە ئاماژەدان بە زانیارییەکانی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بارودۆخی کەمپەکانی حدکا، باسەکەی زیاتر فراوان و قووڵ کردەوە.
لە بەشی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، “لەنیا ڕەسووڵی” باسێکی وردی لەسەر کێشە و ئاستەنگەکانی لاوان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، پێشکەش کرد. ئاماژەی بەوە دا کە لاوانی کورد نەتەنها لەنێو وڵات، بەڵکوو لە دەرەوەش تووشی چەندین کێشەی جۆراوجۆر دەبن، بەتایبەتی لە بواری خوێندن، کار و پاراستن و سەلماندنی ناسنامە و پرسە نەتەوەییەکەیان.
هەروەها “نەرمین عوسمانی” باسێکی وردی لەسەر دۆخی ئێستای نێوخۆی کەمپەکانی حدکا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو بارودۆخە تەنها زیانیی مادیی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکوو کاریگەرییەکی مەعنەوی و دەروونیی قورسیشی لەسەر ئەندامان و خێزانەکانیان داناوە. لەو بارەیەوە، تایبەت بە دۆخی منداڵان و ژنان، ئاماژەی بە کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکان کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دوو لایەن جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوکاریی نێوانیان کردەوە و هەموو بابەت و خاڵە گرنگەکان بە شێوەیەکی چڕ و بەرپرسانە باس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا.
شایانی باسە، ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێک خرابوو.








