هێزی نەرم (سۆفت پاوەر)
شیوا حەسەنپوور
کاتێک باس لە هێز دەکرێت، ڕاستەوخۆ دوو هێزی سەرەکیی سەربازی و ئابووری دێتە فکرمان، بەڵام لە ڕاستیدا هێزێکی دیکەش هەیە کە پێی دەگوترێت هێزی نەرم، هێزێکی نادیار کە لە هێندێک بارودۆخدا لە دوو هێزەکەی دیکە کاریگەرترە. شێوەیەکی سەرنجڕاکێشی هەیە و پێویستی بە زەبری چەک نییە بۆ ئەوەی کار بکات، مەترسیدارتریشە چونکە بە شێوەیەکی گشتی کاریگری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت.
بەتایبەت لە کاتی داگیرکردنی وڵاتێکدا بۆ تواندنەوەی نەتەوەی ئەو وڵاتە و سڕینەوەی مێژووەکەی بەکار دەهێندرێت، بە شێوەیەک کاتێک هێزی نەرم دەکەوێتە کار، کۆمەڵگە بەبێ ئەوەی هەست پێ بکات دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکەی.
“جۆسێف نای” مامۆستای زانکۆی “هارڤارد” و یەکێک لە تیۆریستەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هێزی نەرمی بەسەر سێ لایەندا دابەش کردووە: “یەکەم سەرنجڕاکێشیی کولتوری، دووەم بەها سیاسییەکان و سێیەم سیاسەتی دەرەوە.” ئەگەر لێی وردتر ببینەوە، ئەوانە دەگرێتەوە: “فەرهەنگ، دیپلۆماسی، زمان، کولتور، موزیک، سینەما، فاشیۆن، پەروەردە، کەسایەتیی ناودار، چالاکوانان و کۆمپانیاکان و هتد.”
دەکرێت بڵێین “سۆفت پاوەر” زیاتر بە دوو مەبەست بەکار دێت: “یەکەم بۆ تواندنەوەی نەتەوەیەک، دووەم بۆ ناساندنی نەتەوەکەت بە وڵاتان.”
هێزی نەرم بەردەوام بەشێک بووە لە سیاسەت، هێندێک جار لە چەک و هێزی سەربازیش کاریگەریی زیاتر بووە، لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ نموونەیەکی کلاسیکی هێزی نەرم، کە بزانین چۆن کاری کردووە لە مێژوودا. کۆماری ڕۆم لە ساڵی ١٤٦ی پێش زایین، توانیی دەست بەسەر بەشێکی یۆناندا بگرێت، بەڵام یۆنانییەکانیش بە فەرهەنگ، زانست و فەلسەفە بەبێ بەکارهێنانی زەبر و زۆر، کاریگەرییان لەسەر رۆما دانا، بە شێوەیەک کە ڕۆم یۆنانی بە هێزی سەربازی داگیر کرد و یۆنانیش رۆمای بە هیزی نەرم داگیر کرد. رۆما سەرسام بوو بە کولتور و ئەندازیاریی یۆنانییەکان، لێرەدا هێزی نەرم بەسەر هێزی سەربازیدا سەرکەوت. لەمبارەوە شاعیری بەناوبانگی ڕۆمی “هوراس” لە رستەیەکدا نووسیویەتی: “یۆنانی داگیرکراو، داگیرکەرە دڕندەکەی خۆی داگیرکردەوە.”
کاتێک کە باس لە هێزی نەرم دەکرێت، نابێ باس لە ئەمریکا نەکرێت. لە سەدەی بیستەمدا و دوای جەنگی جیهانیی دووەم، بە هێزی نەرم کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆری دانیشتوانی جیهان دانا، بەتایبەت بە “هالیوود، موزیک (راک، پاپ و…)، پانتۆڵی جینی شین، شێوازی ژیانی ئەمریکی، زمان، کۆمپانیای ئەپڵ و فەست فود و… هەمووی هێزی نەرمی ئەمریکا بوو و توانیی کاریگەری لەسەر وڵاتان دابنێت و ناڕاستەوخۆ بیانکاتە بەشێک لە کولتوری خۆی.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کوردستان کە چۆن سێ نەتەوەی تورک، فارس و عەرەب هێزی نەرم بەکار دەهێنن و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان نەتەوەی کورد لەنێو خۆیاندا بتوێننەوە، هەرسێکیان کولتور، زمان، ئایین، موزیک، دراما و پەروەردە بەکار دەهێنن. بۆ ئەم مەبەستە بەتایبەت عەرەب لەڕووی ئایینەوە زۆر کار دەکات.
کەواتە لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمەی لاوی کورد چۆن دەتوانین هێزی نەرم بەکار بهێنین کە کولتور، هونەر و نەتەوەکەمان جیهانگیر بکەین و لە هەمان کاتیشدا چۆن هۆشیار بین لەبەرانبەر دوژمندا کە ئەم هێزە بەکار دەهێنێت؟!
بەکارهێنانی پارادیپلۆماسی وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و هێنانە بەرباسی مافەکانمان و وەرگرتنی پشتیوانیی لایەنەکان، هەروەها نیشاندانی کولتور و مێژووی نەتەوەکەمان چ لە سۆشیالمیدیا و چ لە دنیای ڕاستی، لایەنێکی گرینگی هێزی نەرمە.
پەروەردەش بەشێکی دیکە لە هێزی نەرمە و کاریگەرییەکی زۆری هەیە، چونکە توێژی خوێندەوار و زانای کۆمەڵگە دروست دەکات. بەتایبەت خوێندن بە زمانی دایکی، قسەکردن و نووسین بە زمانی دایکی بناغەی باوەڕبەخۆبوون، هۆشیاری و داهێنانە.
جیهانگیرکردنی کولتور
بڵاوکردنەوەی کولتور لە جیهاندا چ لە ڕێگەی میدیاکانەوە یان فیلم، موزیک و فیستیڤاڵەکانەوە، ناساندنی جلوبەرگ و خواردن بە نەتەوەکانی دیکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش، هەروەک ئەوەی ئەمریکا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم کردی.
کەسایەتیی ناودار وەک فەیلەسووف، سیاسەتوان و نووسەر، ئەگەر بە سادەیی باسی ئەم لایەنە بکەین کاتێک باس لە یۆنان دەکرێت سێ گەورە فەیلەسووف ئەرستوو، سۆقرات و ئەفڵاتوون دێتە بیرمان. لە ئیتاڵیا سیاسەتوان نیکۆلۆ ماکیاڤێلی، لە هیندوستان گاندی، لە ئاڵمان ئەنیشتاین ئەو کەسایەتییانەن کە کاریگەرییان لەسەر چەندین وڵات داناوە، بە بەکارهێنانی هێزی نەرم ژیرانە بەڵام ناڕاستەوخۆ ناوی وڵات و کولتوری خۆیان بڵاو کردۆتەوە و لاینگرێکی زۆریان هەیە، بە شێوەیەک کە ئەو کەسانەی ناوم هێناون هیچیان لە ژیاندا نەماون بەڵام ئایدۆلۆژییەکەیان هەر زیندووە و کاریگەرییان ماوە، هێشتاش کتێبەکانیان و گوتەکانیان دەست بە دەست دەکرێت.
دروستکردنی برەندی نەتەوەییش یەکێکی دیکە لە ڕێگاکانە، هەروەک باسمان کرد کۆمپانیاکانیش بەشێکن لە هێزی نەرم چونکە بە ناڕاستەوخۆ کولتوری وڵاتەکەی لە بازاڕی جیهانیدا بڵاو دەکاتەوە، ئابووریی وڵاتەکەش بەهێز دەکات، بۆ نموونە ئێستا بەشێک لە لاوان برەندی کوردییان دروست کردووە کە لە وڵاتان دەیفرۆشن، هەر وەک جلوبەرگ بە لۆگۆی هەوری و خۆر. هەر ئەوانە بۆتە هۆی ئەوەیکە کاتێک ناوی کورد دێت، چیا و خۆر، هەوری و جامانە دێنە بەرچاوی هەر تاکێک کە ناوی کورد و کوردستان بیستبێت.
ئەوانەی باسم کردن چەند ڕێگایەک بوون بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم و هەروەها بەپێچەوانەش ئاگادار بوونە لە دوژمن کە ئەم ڕێگایانە بۆ تواندنەوە و سڕێنەوەی کولتور و مێژوو بەکار دەهێنرێت.
هێزی سەربازی وڵاتەکان داگیر دەکەن، بەڵام سۆفت پاوەر یا هەمان هێزی نەرم، چوارچێوەیەک بۆ بیرکردنەوە دیاری دەکات و کار دەکاتە سەر بیر و ڕوانگەی تاکەکانی کۆمەڵگە، دەسەڵاتی سیاسی لەوانەیە ڕۆژێک کۆتایی پێ بێت بەڵام کاریگەریی کولتوور چەندین سەدە دەمێنێتەوە.







