ئەرکی لاوان بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا
نارین ڕەسووڵ نژاد
لەم سەردەمەدا، تەکنەلۆژیای نوێ بە شێوەیەکی فراوان کاریگەریی لەسەر زمان و شێوازی پەیوەندیی مرۆڤەکان داناوە. زمانی راگەیاندنی کوردیش وەکوو زۆربەی زمانەکانی دیکەی جیهان، رووبەڕووی گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی گەورە بووەتەوە، ئەویش بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، بەتایبەتی لە بواری میدیای دیجیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بووەتە هۆی دروستبوونی دەرفەتی نوێ بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی زمانی کوردی و لە رێگای ئامرازە تەکنەلۆژییە نوێیەکانەوە، زمانی کوردی توانیویەتی سنوورەکان ببەزێنێت و بگاتە ئاستێکی جیهانی. بەگشتی زمان بە یەكێک لە بنەما و ڕەگەزە سەرەكییەكانی پێكهێنەری هەر نەتەوەیەك دادەنرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بایەخی زۆری پێ دەرێت، بۆیە ئەرکی لاوانیشە زمانی خۆیان بپاریزن و هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی بدەن.
یەکێک لە گرنگترین بنەما جەوهەری و پێکهێنەرەکانی نەتەوە، زمانە، کە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەو نەتەوەیە پێکەوە دەبەستێتەوە. سەرەڕای ئەوەی خودی زمان پرسێکی ئاڵۆز و هەستیارە، بەڵام بەهادارە و مانای پێناسەکردن و ناساندنی نەتەوەیە. زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازی و تەنانەت نیشتمانسازیشدا وەک بناغەیەکی بەهێز ڕۆڵی کارا دەگێڕێت، لە ئاستی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییشدا زۆر بایەخی پێ دەدرێت.
پرسی زمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شوناسی تاک، کۆمەڵ و کۆمەڵگەوە هەیە کە بەم هۆیەشەوە هەمیشە جێی باسێکی جددیی سیاسی بووە و سیاسەتی زمانی، یەکێک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی وڵاتان و بەتایبەت دەوڵەت و نەتەوەکان بووە. بۆیە ئەرکی هەموو کوردێکە زمانی کوردی بپارێزێت، بەتایبەتی لاوان، چونکە بەشێکی زۆری کۆمەڵگە لە لاوان پێک دێت.
ئەرکی سەرەکیی لاوان بۆ پاراستنی زمانی کوردی بریتییە لە بەکارهێنانی زمانەکە لە ژیانی ڕۆژانەدا، خوێندنەوەی بەردەوام بە کوردی، پاراستنی ڕێزمان و دروستنووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها ڕێگریکردن لە تێکەڵکردنی وشە نامۆکان. لێرەدا خاڵە هەرە گرنگەکان بە کورتی خراونەتە روو:
١- بەکارهێنانی لە سۆشیاڵ میدیا: پێویستە لاوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و تیکتۆک و…) بە کوردییەکی ڕەوان و پاراو بنووسن و دوور بکەونەوە لە بەکارهێنانی ئەلفوبێی لاتینی بە شێوەیەکی هەڵە یان تێکەڵکردنی لەگەڵ زمانەکانی دیکە.
٢- خوێندنەوە و فێربوون: هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی بەرهەمی ئەدەبی، مێژوویی و ڕۆشنبیریی کوردی بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی وشەسازیی کەسی.
٣- دروستکردنی ناوەرۆکی کوردی: دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ، پۆدکاست و نووسینی بەسوود لەسەر ئینتەرنێت بۆ ئەوەی ناوەرۆکی کوردی زیاتر دەربکەوێت.
٤- پاراستنی زاراوەکان: گرنگیدان بە زمانی ستاندارد و هاوکات پاراستن و ڕێزگرتن لە زاراوە جیاوازەکانی تری کوردی (سۆرانی، کرمانجی، هەورامی، لەکی و کەڵهوڕی).
٥- ڕێگریکردن لە بێگانەپەرستی: شانازیکردن بە قسەکردن بە زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکان و نەهێشتنی ئەو باوەڕە هەڵەیەی کە بەکارهێنانی وشەی بیانی نیشانەی پێشکەوتووییە.
هەرچەندە تەکنەلۆژیا یارمەتیی بڵاوبوونەوەی زمانی کوردی دەدات، بەڵام ئاڵنگاری گەورەش دروست دەکات بۆ پاراستنی ناسنامەی ئەم زمانە:
١- لاوازبوونی تایبەتمەندییە کەلتوورییەکان: بەهۆی جیهانگیری و کاریگەریی میدیای جیهانییەوە، هەندێک تایبەتمەندیی کەلتووری لە زمانی راگەیاندنی کوردیدا کەمڕەنگ دەبێتەوە.
٢- نەبوونی سیاسەتێکی زمانیی یەکگرتوو: نەبوونی سیاسەتێکی زمانیی یەکگرتوو بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە فەزای دیجیتاڵدا، دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی ستانداردی یەکگرتوو.
٣- نەبوونی ژێرخانی تەکنەلۆژیی پێویست: سەرەڕای پێشکەوتنەکان، هێشتا ژێرخانی تەکنەلۆژیی پێویست بۆ پشتیوانیی تەواو لە زمانی کوردی لە هەموو ئاستەکاندا
بوونی نییە.
بۆیە لاوان وەک بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگە، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە لە ڕێگریکردن لە شێواندن یان فەوتانی زمانەکە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە زمانە بیانییەکان کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر کولتوری ئێمە دروست کردووە. هەروەها لاوان وەک هێزی داینەمۆ و بزوێنەری کۆمەڵگە، ئەرکێکی قورس و گرنگیان لە ئەستۆدایە بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی؛ ئەمەش بە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە تواندنەوەی کلتووری دەبەسترێتەوە، چونکە تەکنەلۆژیا دووفاقە بۆ زمانی کوردی؛ لەلایەک هەڕەشەیە بۆ سەر تێکچوونی ڕێزمان و شێواندنی فۆنتەکان (وەک بەکارهێنانی پیتی لاتینی یان عەرەبی بە هەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا)، لەلایەکی تریشەوە هەلێکی زێڕینە بۆ پاراستن و پێشخستن و گەیاندنی بە جیهان.
بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردی دەدات و قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی و بە ئیجبار قسەکردن بە زمانی فارسی، ئەوەش دەبێتە هۆی لەبیرچوونەوە و لەناوبردنی زمانی کوردی، بەڵام بە دڵخۆشییەوە لاوانی ڕۆژهەڵات کۆڵیان نەداوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هەوڵ دەدەن بۆ فێربوونی زمانی کوردی و بەزیندووڕاگرتنی.
ئێمە وەک لاوان دەبێ گرینگی بە هەمو زاراوە کوردییەکانی زمانەکەمان بدەین و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ زیندووڕاگرتنی ئەو زاراوە و وشانە بدەین کە زمانی کوردییان دەوڵەمەند کردووە.
لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بە بایەخەوە دەڕواننە زاراوە جیاوازەکان بەدەر لە زمانی فەرمیی وڵات، چونکە ئەوە بە سەرمایەی نەتەوەیی و زمانەوانیی گەل دەزانن کە ڕێگر بوونە لە توانەوە و لەناوچوون و ئاسمیلەبوونی نەتەوە و زمانەکەیان.
زمانی هەر نەتەوەیەک گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە، بێگومان زمانی کوردیش هەر بەو شێوەیەیە. بەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستادا کە کورد خاوەن کیانی سەربەخۆی خۆی نییە، گەشەپێدانی زمان بۆ ئێمە بایەخی تایبەتی هەیە. چونکە ئەوە ئەو زمانەیە کە تاکوو ئێستا نەتەوەی کوردی بە یەکڕیزی و یەکیەتی پاراستووە. زمانی کوردی لەبەر هۆکاری ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کە ئێستا بەسەریدا سەپاوە، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی کەلتور و زمانی نەتەوەکانی باڵادەست (فارس، تورک عەرەب)، بۆیە زۆر گرینگە بۆ ئێمە کە هەنوکە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆمانمان ساز نەکردووە، بە بایەخەوە بڕوانییە زمانەکەمان و بە گیان و دڵ و هزر و مێشک پارێزگاریی لێ بکەین.







