ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥/٨/٢٠١٥ی زایینی بەرامبەر بە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧١٥ی کوردی، بە بەشداری نوێنەرایەتی زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و سویدییەکان، کۆمەڵێکی زۆر لە ئەندامان، لایانگران و دۆستانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و سەدان کەس لە کوردستانیانی تاراوگە، کە بەشێکی بەرچاویان لە وڵاتانی نۆروێژ، فینلاند و دانمارکەوە، ڕوویان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کردبوو، ڕێز لە ٧٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبی دیموکراتی کوردستان گیران.
ئەو ڕێوڕەسمە پڕ شکۆیە کە لە ژێر چاوەدێری کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و هاوکاری کومیتەکانی حیزب لە وڵاتانی سوید، نۆروێژ، دانمارک و فینلاند و یەکێتییەکانی ژنان و لاوان ڕێکخرابوو، سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن کۆڕی سروودی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە وڵاتانی فینلاند و نۆروێژ ئامادە کرابوو و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
سەرەتای بەرنامەکە بە چەند وتەیەکی تێکۆشەری دێرین بەڕێز کاک حەسەن ڕەستگار، وەک بە تەمەنترین ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزب، ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژی ٧٠ ساڵە بە فەرمی کرایەوە. و بەدوای ئەو دا سروودی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٤ لە لایەن کۆڕی موسیکی لاوانەوە پێشکەش کرا.و دواتریش پەیامی کۆمیتەی ناوەندی حیزب خوێندرایەوە.پاشان پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانییەکان لە سوید پێشکەش کرا. دوابەدوای ئەو هاوڕێ تێکۆشەر کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی بە نرخی سەبارەت بە مێژووی پڕ لە شانازی حیزب پێشکەش کرد.لەو یادە پیرۆزەدا ئەندامی یەکێتی لاوان زۆر چالاکانە بەشداری مڕاسمەکەیان کرد و وێڕای خوێندنەوەی پەیامی کۆمیەتی دەرەوەی لاوان لەلایەن شاخەوان عەبدی بە ئامادەکردنی چەندی سروودی شؤڕشگێڕی یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.