سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، میتینگی کۆمیتەی مەدیتەرانەی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست سەبارەت بە “دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای کۆڕۆنا”، لە لیسبۆن-ی پایتەختی پۆرتوگال دەستی بەکارەکانی کرد.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بەبەشداری چالاکانەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک مژار و بابەتی تایبەت بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە گۆڕێ.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە وتاری بەڕێزان میگێل کۆستا ماتۆس سکرتێری گشتیی لاوانی سوسیالیستی پورتوگال و هەروەها بروونۆ گۆنزالێس سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست وهەروەها سەیف عەقیل کۆردیناتۆری کۆمیتەی مەدیتەرانە دەستی پێکرد.
بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکە ناساندنی ڕێکخراو و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی بەشداربووان بوو کە لەم بڕگەیەدا پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای پلاتفۆرمی زوومەوە باسێکی سەبارەت بە لاوان لە کوردستان و ئێران پێشکەش کرد و هەڵسوورانی ڕێكخراوەیی یەکیەتیی لاوان بە پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بۆ بەشداران شی کردەوە.
پێشەوا عەلی پوور هەروەها سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی، دەسپێکی دۆخێکی نوێی نادێموکراتیک بوو بۆ گەلانی ئێران و داخرانی ئازادییە سەرەتاییەکان و دەرکردنی حیزبە چەپ و پێشکەوتن خوازەکان لە تێکۆشانی پاڕلەمانی و ئینتخاباتی، بەهاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی بوونە دەسمایەی دیکتاتۆریەتێکی نوێ.
لە ڕەوتی کاری میتینگدا هاوڕێ کەماڵ محیەدینی وەک نوێنەری یەکیەتیی لاوان لەم کۆبوونەویەدا، چالاکانە لە باس و بابەتەکاندا بەشداری دەکرد.




