بەرێز یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!
وێڕای سڵاو
بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی بەرز ڕاگرتنی خەباتی خوێندکاری کورد، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شەهید کرانی خوێندکاری دەروەست سمایلی شەریفزادە، گەرمترین سڵاومان قەبووڵ بفەرموون و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
تێکۆشانی خوێندکارانی کورد لەسەردەمی جۆراوجۆردا هەڵگری ڕەسالەت و پەیامی تایبەتی خۆی بووە و لاوانی کورد بەردەوام لە سەنگەری زانکۆدا دەنگی نەسرەوتوی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد بوون و لە زانکۆکانی ئێران بە پێکهێنانی ئاکسیۆن و کەمپینەکان کارنامەیەکی پڕ بەرهەمیان بۆخۆیان تۆمار کردوە و هەروەها سەرپەرەستی شەپۆلی نوێی هووشیاریی نەتەوەیی بوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەمەش بێ تێچوو نەبووە و گەلێک خوێندکاری بەهەڵوێستی کورد لەلایەن دەزگای سەرکوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدام و زیندانی و ئەشکەنجە و تەنانەت ئەستێرەدار کراون.
خەباتی خویندکارانی کورد لەسەردەمی کۆماری کوردستان و دوای کۆماریش خەباتێکی نەتەوەیی بوو، لە قۆناغی دیکەشدا خویندکارانی کورد هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی خوێندکاران و گەلانی ڕزگاریخوازی دیکەی جیهان، خەباتی خۆیان بۆ ڕزگاری لە ژێردەستی درێژەی داوە، لەسەردەمێکدا کە لە چیاکانی بۆلیڤیا دوکتۆرێکی ئارژانتینی (چێ گیڤارا) بۆ ئازادی مرۆڤەکان ژیانی بەخت کرد، لە هەمان ساڵدا ئەندازیارێکی کورد (سمایل شەریفزادە) لە چیاکانی کوردستان بۆ ئازادی و بەختەوەری مرۆڤ بوو بە شەهیدی گەل و وڵاتی خۆی.
لە خەباتی نەتەوەکەماندا کەم نین ئەم بژاردە و بلیمەتانەی کە مەرگی خۆیان پێش میللەتەکەیان خست و بوونە سەرمەشق بۆ جیلەکانی دوای خۆیان، شەهید سمایلی شەریفزادە نمونەی ئەو خوێندکارە بلیمەتە کوردەیە کە بە تێکۆشانی خۆی و هاوڕێیانی، گۆمی مەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە ڕێژیمی پاشایەتی هەژاند.
نەمری بۆ شەهیدان
پتەوتر بێت سەنگەری خەبات لە زانکۆکان
بەرز و پیرۆز بێت ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی خوێندکاری کورد
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٢