سەر لە ئێوارەی پێنج شەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی جێژنی ٩٣ ساڵەی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو ڕێوڕەسمێکی لە مەڵبەندی ١ی کوردستان بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بیدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو زەکیە سدقی داوا لە بەڕێزان ماکۆ و خاتوو هانی هۆرمزی کرا کە مۆمی ڕێوڕەسمەکە هەڵکەن.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی یەکیەتیی لاوان لەلایەن پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوە پێشکەش کرا، پێشەوا عەلی پوور لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ئەسڵی سەربەخۆیی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیار کرد کە لە خەبات و تێکۆشانی دوکتور قاسملوودا ڕەنگی دابۆوە و هەتا ئێستاش ئەمە دەسکەوتێکی سیاسی و ئەخلاقییە بۆ حیزبی دێموکرات. پێشەوا عەلی پوور لە ئیدامەی وتارەکەیدا وتی: ” میراتی سیاسی و هزریی دوکتور قاسملوو بۆ ئێمە و نەسلی ئێمە ئەوەندە زۆرە کە دەتوانین شۆڕشێکی گەورەی پێ بەرپا کەین، بە مەرجێک کە ڕێبازداری ڕاستەقینەی ئەم ڕێبەرە شەهیدە بین.” عەلی پوور لە درێژەدا وتی کە: “بەخۆشییەوە ئێستاکە لە کۆمەڵگای کوردیی ڕۆژهەڵات ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو ئەوەندە نەهادینە بوون کە نەسلێکی نوێ لە لاوان بێ ئەوەی دوکتور قاسملوویان بینیبێت لەسەر شەقامەکان ناو و ڕێبازەکەی وەک درووشم دەڵێنەوە و هەروەها لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەریدا لەسەر هەستن، دژی داگیرکاری و پاکتاوی نەتەوەکەمان خاوەن هەڵوێستن و بە کردەوە بە گژ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەچنەوە.”
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێک لە ژێر ناوی “ئەستێران یەک یەک چاوەڕێن” لەلایەن کۆرسی سروودی یەلدا و بە سەرپەرەستی کاک حەمە کۆڵ پێشکەش کرا.
پاش سروود، پەخشانێک لەلایەن کاک شاڕووخ حەسەن زادە پێشکەش کرا و پاشان شانۆیەک لە ژێر ناوی “قوتابخانە و شۆڕش” لە لایەن منداڵانی دێموکرات پێشکەش کرا.
بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە تەرخانکرابوو بە پێشکەشکردنی سروودی “قاسملوو قاسملوو” کە هۆنراوەکەی لەناوخۆی وڵاتەوە نێردرابوو و لەلایەن لاوانی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.
پاشان پێشمەرگەی دێرین مام کەریم قەڵاتی حەیرانێکی پێشکەش کرد و هەروەها خاتوو ئاڵا پوورمحەممەدی شێعرێکی پێشکەش کرد.
کۆتا بڕگەی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە تابلۆی جوانی هەڵپەڕکێی لاوانی دێموکرات.