ئامادەبوانی خۆشەویست!
کادر و پێشمەرگە ئازیزەکان!
بەخێربێن بۆ ڕێوڕەسمیی یادی لەدایکبوونی ڕێبەری هەڵکەوتوومان دوکتور قاسملوو
خەباتی دوکتور قاسملوو لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە جێگای تێڕامان و لێ فێربوونە، هەر لە تافی لاویەتیدا دێتە ناو گۆڕەپانی خەبات و بەرپرسایەتی ڕێکخراوەیی لە یەکیەتیی لاواندا وەستۆ دەگرێت، دواتر قۆناغ بە قۆناغ بە تێکۆشانی بێ وچان لەپێناو مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورددا خەبات دەکات و لەو ڕێیەشدا گیانی دەبەخشێت و شەهید دەکرێت.
دوکتور قاسملوو نمونەی ئەو دەگمەن ڕێبەرانەی جیهان بوو کە ئەو سەردەم خوێندنەوەی وردی بۆ ڕووداو و پێشهاتە سیاسییەکان دەکرد و هەوڵیدەدا کە داوا ڕەواکانی کورد لەگەڵ بەها و نۆڕمە جیهانییەکان یەک بخات و هەروەها تێدەکۆشا کە پاراستنی سەربەخۆیی و باوەڕمەندی بە دێموکراسی بکاتە بنەما و، لە ناخی تاکی کورد لە پێشمەرگایەتی و حیزبی دێموکرات لە خەبات و نەتەوەی کورد لەمافخوازیدا نەهادینەیان بکات.
بوێری و سەربەخۆیی سیاسی پڕەنسیپێکی نەگۆڕی دوکتور قاسملوو بوو لە خەبات، بۆ نمونە ئەو سەردەم کە بۆ خوێندنی ئاکادێمی دەچێتە فەڕانسە، دێموکراسی و بیری ئازادیخوازی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی دەکاتە سەرلەوحەی تێکۆشانی خۆی و لە پاریس بە وتارێکی ئاگرین لە ئاکسیۆنی ئێعترازیی لاوان و خوێندکارانی ئێرانی لە دژی ڕێژیمی شا، بۆ دیفاع لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین کە بە بیانووی هەوڵی تێرۆری شا بەرتەسک کرابوونەوە- دێتە مەیدان و ئەم هەڵوێستەی دوکتور قاسملوو دەبێتە هۆی ئەوەیکە لە لایەن سەفیری ئێران لە فەڕانسە داوای دەرکردنی بکرێ و بە ناچار بۆ ئیدامەی خوێندن دەچێتە پراگی پێتەختی چێکۆسلۆڤاکی و پاشان هەر لەوێ دەبێتە مامۆستای زانکۆ.
ئەو سەردەم دۆخی سیاسی لە چێکۆسلۆڤاکی ئاڵوگۆڕێکی نوێی بەخۆیەوە دەدی و بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە و کرانەوەیەکی سیاسی بە دەستپیشخەریی ئەلێکساندێر دۆبچێک، کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی گرتەوە و دەستی حیزبی کۆمۆنیستی لە کۆنترۆڵی کۆمەڵگە کورت کرد و ترسێکی خستە هەناوی سۆڤیەت و وڵاتانی دیکەی کۆمۆنیستی کە لە ئیدارەی کۆمەڵگەکانیاندا ماهییەتێکی تۆتالیتێریان هەبوو. هەر بۆیە تەحەمولیان نەکرد و هێرشیان کردە سەر چێکۆسلۆڤاکی و، ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٨ پێی دەگوترا “بەهاری پراگ”یان خستە ژێر غەزەبی زنجیری تانکەکانیان و ئەمەش دوکتور قاسملووی دێموکراتی هان دا کە بە جورئەتەوە ئەم حەرەکەتەی سۆڤیەت مەحکووم بکا. دیارە ئەم هەڵوێستەی دوکتور قاسملوو کە لە سۆنگەی واقعبینی سیاسی و باوەڕمەند بوون بە دێموکراسی و ئازادی گەلان سەرچاوەی دەگرت، بە پێچەوانەی ئەو ڕەوتە ڕۆشنبیرییە کۆمۆنیستییە زاڵەی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردی بوو.
ئەم بوێرییەی دوکتور قاسملوو لە هەڵوێست و هەروەها پاراستنی ئەسڵی سەربەخۆیی سیاسی، جارێکی تر دوکتور قاسملووی تووشی کێشە کردەوە و لە چێکۆسلۆڤاکیی ژێر دەسەڵاتی سۆڤییەتیش دەر دەکرێ.
ئازیزان!
سەربەخۆیی لە تێکۆشانی سیاسی و سەربەخۆیی بڕیار لەناو حیزبی دێموکراتدا میراتی پێشەوا قازی بوو و دوکتور قاسملوو ئیدامەی دا،پێشەوا قازی لە سەردەمێکدا کە هەوڵی دەدا بنەماکانی بە دەوڵەتبوونی نەتەوەکەمان بەقوەت بکات، فشاری زۆری لەسەر بوو کە کۆماری کوردستان بکرێتە لقێک لە جمهوری ئازەربایجان، بەڵام هەرگیز قەبووڵی نەکرد. لەسەردەمی دوکتور قاسملووش کە حیزبی توودە خۆی لە بنەڕەتڕا هەڵوەشابوو بەڵام هەوڵی دەدا سەربەخۆیی تێکۆشانی حیزب بباتە ژێر پرسیار، ئەوە دوکتور قاسملوو بوو کە هێڵی حیزبی دێموکرات و ئیدارەی ئەو حیزبەی لە حیزبی توودە جیا دەکاتەوە، تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لە عێراقیش هەڵوێست و ڕوانگەکانی دوکتور قاسملوو وحیزبی دێموکرات بە حەدێک جدی و سەربەخۆ بوون کە زۆر جار بەرپرسانی عێراقی توڕە کردوە و بۆ ئەمەشیان حیزب باجی زۆری داوە. هەوڵدان بۆ سەرخستنی دیالۆگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی باشوور لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا و مەحکوم کردنی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە نموونەی دیاری هەڵوێستی بوێرانە و سەربەخۆی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوون.
تایبەتمەندییەکی دیکەی دوکتور قاسملوو کە تا ئێستاش بۆ گەلانی ڕزگاریخواز دەتوانێ ببێتە ئۆلگوو، ئەوەیە کە چەپەرێکی بەدەوری خەباتی کوردی ڕۆژهەڵاتدا کێشا و لە هەموو بزووتنەوە چەکدارییەکانی ناوچەی جیا کردەوە. تێرۆر و بۆمب دانان و فڕۆکە ڕفاندن و مرۆڤ ڕفاندن و بەبارمتەگرتنی مرۆڤی مەحکوم کرد و هەروەها مافی دەیلەکانی لە جەنگەی هێرشی سپای پاسداران بۆسەر کوردستان جێخست، بەمەش شۆڕشێکی لە شۆڕشی کورددا پێک هێنا و فۆڕمێکی پێشکەوتنخوازانەی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا و سنوور بەندییەکی لەنێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و هێزە چەکدار و میلیشیا و توندئاژۆکانی ئەوکات درووست کرد کە ئێستاکەش ئەمە دەسکەوتێکی ئینسانی و ئەخلاقییە بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد.
دکتور قاسملوو بە خوێندنەوەی ورد و واقیعی لە فرەیی ڕەهەندەکانی خەبات، پشت ئەستوور بوو بە هێزی جەماوەر و خەڵک، هەربۆیە هەوڵی دەدا کە ویست و داخوازییە ڕەواکانی نەتەوەکەمان لە گوتار و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتدا ڕەنگ بداتەوە، تایبەتمەند کردنی خەباتی نەتەوەییمان بەم ئەسڵە وایکرد کە خەڵکی کوردستان بزووتنەوەکە بە هی خۆیان بزانن و تا ئەمڕۆکەش بە دابینکردنی هێزی مرۆیی بۆ پێشمەرگایەتی و خەبات پەرەی پێبدەن.
دوکتور قاسملوودا لە وتارەکانیدا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردوە کە ڕێکخراو چەکی هەرە گرنگی ئێمەیە، ئەمەش ئەسڵی بە ڕێکخستن کردنی جەماوەرە و لە زۆربەی پەیامە ڕادیۆییەکانیدا ئەرک بۆ ژنان و لاوان و چین و توێژەکانی کوردستان دیاری دەکات و نەفسی ئەم ئەرک دیاریکردنە چوونە ناو بازنەی ڕیکخستنە لە هێڵێکی سیاسییدا. دوکتور قاسملوو لەهەمانکاتدا کە ئەرک بۆ کۆمەڵانی خەڵک دیاری دەکات مافەکانیشیان لەبەرچاو دەگرێت و لەسەر ئەم باوەڕەیە کە مرۆڤ دەبێ ئازاد و سەربەخۆ و خاوەن کەرامەت بێ، هەر بۆیە لەبەرامبەر سوسیالیزمی مەوجوددا کە نادێموکراتیک بوو، بە هێنانە گۆڕی سوسیالیزمی دێموکراتیک و بە خۆمالی کردن و دێموکراتیزە کردنی سوسیالیزم تێکۆشا سێبەری هەرچەشنە دیکتاتۆریەتێک لەسەر کۆمەڵگا بسڕێتەوە و ئازادی و دێموکراسی تێدا نەهادینە بکات.
لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!
میراتی سیاسی و هزریی دوکتوور قاسملوو بۆ ئێمە و نەسلی ئێمە ئەوەندە زۆرە کە دەتوانین شۆڕشێکی گەورەی پێ بەرپا کەین، بە مەرجێک کە ڕێبازداری ڕاستەقینەی ئەم ڕێبەرە شەهیدە بین.
بەخۆشییەوە ئێستاکە لە کۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵات ڕوانگە و بۆچوونەکانی دوکتور قاسملوو ئەوەندە نەهادینە بوون کە نەسلێکی نوێ لە لاوان بێ ئەوەی دوکتور قاسملوویان بینیبێت، لەسەر شەقامەکان ناو و ڕێبازەکەی وەک درووشم دەڵێنەوە و هەروەها لە تێکۆشانی سیاسی و جەماوەریدا لەسەر هەستن، دژی داگیرکاری و پاکتاوی نەتەوەکەمان خاوەن هەڵوێستن و بە کردەوە بە گژ ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەچنەوە.
نەسلی نوێ نەسلێکە کە لەسەربەخۆیی کەمتری ناوێت و ئەوە ئێمەین کە لە دامەزرانی کۆماری کوردستانەوە تا ئێستاش نوێنەرایەتی ئەم بیرە دەکەین. درووشم و نیشانەکانی ڕاپەڕینی ژینا ئەو ڕاستییەی دووپاتکردەوە کە چەندی پاکتاوکردن و تواندەوە لە ناوەندەوە زیاتر بێت، خەبات لە کوردستان لەلایەن ژنان و لاوان بە گوڕتر دەبێت.
ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا بە جینایەتەکانی سەر شەقامەکان و مووشەکبارانی نوێنەرانی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵات نەک نەیتوانی پێگەی خۆی لە کوردستان بەهێز بکات، بەڵکوو بە ئاوێتە کردنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دیکتاتۆریەتی دینی و زاڵکردنی تاقمێکی مافیایی سپای پاسداران، زیاتر لە هەموو کات شەرعیەتی چۆتە ژێر پرسیار و دڵنیاین کە لاوان لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە و لە شکڵێکی دیکەدا و لە نزیکترین بەهاردا بە گەردەلولێکی نافەرمانی مەدەنی بناغەکانی ئەو ڕێژیمە جارێکی دیکە هەڵدەتەکێنن و ناچنە ناو هیچ بازییەکی دەوڵەتی بۆ شەرعیەتدان بە کوشتن و بڕینی هاو زمان و هاوخوێنەکانیان.
جێی خۆیەتی هەر لێرەوە سڵاو بنێرین بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و هەروەها ئەو پۆلە نەمرەی کە لە یەلدای خوێناوی دێموکراتدا شەهید کران و دڵنیابن کە ئامانجەکانیان وەدی دێ.
لە کۆتاییدا دەڵێم”
بەپیرۆز بەپیرۆز بێ، جەژنی لەدایکبوونت
خەبات بە تۆوە خۆشە، کە مانای هەیە بوونت
٣٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی