سمکۆ
دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ئێران لە رۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە سەرجەم شەر و شارۆچکەکانی ئێران بەمەستی هەڵبژاردنی ٢٩٩ نوێنەر بە ڕێوە دەچێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی دوایین ئامار کە لە لایەن “شۆرای نیگابانەوە” ڕاگەیەندراوە، بەشی زۆری کاندیدەکانی ڕێفۆرمخوازەکان و میانڕەوەکان ڕەدی سەلاحییەت کراون کە ئەوەش جۆرێک بێ هیوایی لە نێو ئەو دوو تەیفەدا بەتایبەت لەناو ڕێفۆرمخوازەکاندا دروست کردووە و ناڕەزایەتیان لەو بارەوە دەربریوە کە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەو بارەوە دەڵێ:ئەو چاوەڕوانییەم لە شۆرای نیگابان نەبوو و ئەم کارەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕادەی بەشداری خەڵک کەم بکاتەوە.
هەرچەندە ئەم قسەیەی حەسە رۆحانی لە ئێستاوە دەتوانێ پاساوێک بێ بۆ بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان و بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس، چونکە بە پێی کارنامەی ڕابردووی، مەجلیس لە خولەکانی پێشووش نەیتوانیوە نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران بکات و تەنیا بە پێی ویست و داخوازەکانی حکومەت هەڵسووکەوتی کردوە و قازانج و بەرژەوەندییەکانی نیزامی پاراستووە.
لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ، ئازادی و بەرین بوونەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئیران، حکومەت بە شێوەیەکی دیکە دەڕوانێتە پێکهاتەی مەجلیس و دەیهەوێ بە هەموو شێوەیەک مەجلیس یەک دەست بکاتەوە و زیاتر بتوانێ لەو ڕێگایەوە سیاسەتەکانی خۆی بەرێتە پێش.
لە هەموو خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکانی ئێران، دەسەڵات بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵی داوەکە خەڵکێکی زیاتر بکیشێتە پای سەندوقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی لە بیروڕای خەڵکی جیهاندا وا بنوینێ کە ڕەوایی ئەم ڕژیمە لە هەڵبژاردنی خەڵکە و لەو بارەوە بۆ شەرعیەت وەرگرتن و ئیدامەی سیاسەتە چەوتەکانی خۆی کەڵکی لێ وەردەگرێ.
ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوتە بۆ ئەوەی خەڵک فریو بدات و ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە کاتی دیاریکراو بۆ دەنگدان بکێشیتە شوێنەکانی دەنگدان، لە هەموو جۆرە فرت و فێڵێک کەڵک وەردەگرێ .
کەڵک وەرگرتن لە هەستی ئایینی و مەزهەبی خەڵک لە رێگای مینبەری مزگەوتەکان و هەروەها کەسایەتییە ئایینییەکانی خۆی وەکوو ئەوەی “دەنگ نەدان حەرامە” یان ” شەهیدان چاوەڕێی ئێمەن کە دەنگ بدەین” یان ئەوەی کە” دەنگدان ڕاسپاردەی شەهیدان و ئیمامی موسوڵمانانە” و جۆرەها ریکلامی دیکە بۆ بزواندنی هەست و سۆزی ئایینی خەڵک و خەڵک بە ساویلکە زانین بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتر خەڵک هان بدەن بۆ دەنگدان.
ئەم خولەی هەڵبژاردنی فەرمایشی نوێنەرانی مەجلیس و مەجلیسی خێبرەگانی رێبەری، دەسەڵات زیاتر لە ٢٠٠ کاناڵی تەلەویزیونی بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بۆ نوێنەرە تەئید کراوەکان و جێگای متمانەی خۆی داناوە کە لەو ڕێگایەوە بتوانن زیاتر خەڵکی ناڕازی ئێران فریو بدەن و بیانهێنن بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان. هەموو ئەم هەوڵانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە بە پێی دوایین ڕاپرسی کە کراوە، لەم خولەی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئێران بە پێی ئامارەکانی خودی ڕژیم، کەمتر لە ٣٠ لەسەدی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن کە ئەم ڕادەیە بە تەئکید زۆر کەمترە و خەڵک بە ڕادەیەکی بەرچاوتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەشداری ناکەن.
سەرەڕای ئەو هەموو تەرفەندانەی ڕژیم لە هەر کام لە خولەکانی رابردوو و ئیستاش، دەسەڵات بەردەوام لە فکری ئەوەدایە کە ڕێکارێکی نوێ و ئیدەیەکی نوێ بۆ ڕاکێشانی خەڵکی زیاتر لە ڕۆژی دەنگداندا بدۆزێتەوە کە نوێترینی ئەم فێڵەی ڕژیم کە بۆ یەکەمین بارە بەڕێوەدەچێ و ئامانجیان ئەوەیە کە ڕادەی دەنگەکانی ئەو کەسانەی وا خۆیان لەبەرچاویان گرتوون و لە ئێستاوە وەکوو نوێنەری داهاتووی مەجلیس دیاری کراون، زیاد بکات و بە ڕای گشتی وا نیشان بدەن کە ئاماری بەشداری لە هەڵبژاردن زۆر بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕژیم لەم بارەوە دەڵێن کە ئێمە بۆ ئەوەی بە ڕاگەیاندنە هەڵگەڕاوەکانی دەرەوە نیشان بدەین کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا لە ئێران ئیجبار نەماوە و خەڵک ئازادن لە دەنگدان یان دەنگ نەدان.
ئەم هەموو فێڵ و تەڵەکانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد و هەزارن کاری ناڕەوای وەک هەموو کارەکانی دیکەی بەرانبەر بە خەڵکی خۆی بۆ ئەوەیە کە لە ڕۆژی دەنگداندا خەڵکێکی زیاتر یان ئەوەی بە چەواشەکاری و درۆ ڕادەی دەنگەکانی نوێنەرانی دەسنیشانکراوی خۆی بەرز بکاتەوە و لە لای خەڵک و دونیا وا نیشان بدات کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو قەیرانەکان و گرفتەکانی هێشتا لە ناوخۆی ئێران ڕەوایی هەیە و خەڵک ئەو ڕژیمەیان قەبوڵە.
لێرەدایە کە خەڵکی هوشیار و بەئەزموون و تێگەیشتوو لە درۆ و چەواشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، چیدیکە فریوی ئەو ساختەکارییانە ناخۆن و لەوبارەیەوە دەبێ زیاتر ئاگادار بن و بە نەچوونیان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان و بایکۆتی بەرچاوی هەڵبژاردنەکان، وەک چۆن لە ڕاپەڕینەکانی ژینادا مەشرووعییەت و ڕەوایی ئەو ڕژیمەیان بە تەواوەتی ڕەت کردەوە و بەدونیایان نیشاندا کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک مافی خەڵکی لەبەرچاو نییە و تەنیا ئامانجی بەڕێوەبردنی سیاسەتە چەوتەکانی خۆیەتی و ئەم خولەی مەجلیسیش کە ئێستا دەسەڵاتی گەندەڵ بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵ دەدات خەڵک هان بدات و بەشداری لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیاندا بکەن، بۆ جارێکیش لە سەر مافی ڕەوای خەڵک نەهاتۆتە دەنگ و تەنانەت لە کاتی بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداراندا هەموویان جلی ئەو سپا تیرۆریستەیان لەبەر کرد و بوون بە پشتیوانی هەموو جینایەتەکانی ئەو نەهادە ئەمنییەتیە لە ناوخۆی ئێران و ناوچەکەشدا.
پێویستە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بە چاوکراوەییەکی زیاترەوە بڕواننە هەموو درۆ و چەواشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە هیچ مافێکی ڕەوای ئەو خەڵکە بە ڕەوا نازانێ و تەنیا لە فکری پەرەپێدانی سیاسەتە نگریسەکانی خۆیەتی لە ناوچەکەدا و هەموو قوتی خەڵکی کردووە بە فیدای ئەو سیاسەتە شەڕانگێزانەی خۆی و هەروەها پشتیوانیکردن لە هێزە تیرۆریستیە نیابەتییەکانی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست.
دەبێ هەمووان بزانن کە بەشداری لە هەڵبژاردن واتە درێژ کردنەوەی تەمەنی ئەو ڕژیمە گەندەڵە و بەردەوام بوونی، کەواتە نەچوون و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن “نا”یەکی بەهێزە بەو ڕژیمە تێرۆریست و تیرۆریست پەروەرە و ئەمەش واتە بەردەوامی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تا سەرکەوتن و شۆڕشی کۆتایی.