هیوا سەلیمی
لە مێژووی هەموو دەسەڵاتێکی پاوانخوازدا، ساتگەلێک دێتە ئاراوە کە حکومت لە لێواری داڕمان نزیک دەبێتەوە، نەک بەهۆی هەڕەشەی دەرەکییەوە، بەڵکو بە هۆی وەرینی ناوخۆیی شەرعیەتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا لە یەکێک لەو ساتانەدایە. ئەو دەسەڵاتەی کە سەردەمانێک بە دروشمی کۆماریخوازی و بەڵێنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، ئەمڕۆ نەک هەر لە نێو زۆرینەی کۆمەڵگادا شەرعیەتی تێدا نییە، بەڵکو بە هێمای قەیران و سەرکوت و ناسەقامگیریش دادەنرێت. ئەوەی لە دەیەکانی ڕابردوودا لە کوردستان، بەلوچستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکەدا ئەزموون کراوە، ئەمڕۆ بووەتە واقیعێکی سەرتاسەری لە ئێراندا. کەڵەکەبوونی توندوتیژیی سیاسی، سەرکوتی سیستماتیک، گەندەڵی پێکهاتەیی و دابڕانی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامیی کردووە بە پێکهاتەیەکی بێکاریگەر و ناشەرعی و بێ توانا لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
بۆ نەتەوەی کورد قەیرانی شەرعیەتی کۆماری ئیسلامی دیاردەیەکی نوێ نییە. هەر لە ڕۆژانی دوای شۆڕشی 57ەوە لە ماڵ و شاخەکانماندا ڕووبەڕووی زمانی گولە و فەتوای کۆنەپەرستانە و هەڵمەتی سەربازی بووینەوە. ڕێژیمی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە کوردستانی بە بەشێک لە نەتەوەی ئێران نەدەزانی، بەڵکو وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی دەزانی و لە ڕێگەی سەربازییەوە هەوڵی دەدا دەنگی دادپەروەری گەلی کورد بێدەنگ بکات. به ڵام ئه مڕۆ ئه م واقیعه تاڵه بووه ته ئه زموونی باوی همۆ گەلانی ئێران. ناڕەزایەتییە بەربڵاو و هاوکاتەکانی سنە، زاهیدان، ئەهواز، تاران و تەورێز، ئاماژەن بۆ پێکهێنانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری دژ بە شەرعییەتی کۆماری ئیسلامی؛ و ئەم چارەنووسە هاوبەشە لە کاتێکدا کە تاڵە، دەبیێتە سەکۆیەک بۆ لێکنزیکبوونەوەی دێموکراتیکی گەلانی ستەملێکراوی ئێران.
لەم قۆناغە گرینگەدا، بزووتنەوەی دیموکراسی کوردستان ناتوانێت بە سادەیی چاودێری ئەم پرۆسەیە بکات. ئەزموونی مێژوویی خەباتەکانی کوردستان توانای دروستکردنی گوتارێکی ئەڵتەرناتیڤی بۆ ڕەخساندووین کە دەبێ بە بوێری و وردبینییەوە بەکاری بهێنین. لە هەلومەرجێکدا کە فەزای سیاسی ئێران لە نێوان بەرهەمهێنانەوەی هێزە پاشەکشەگەرەکانی وەک پاشایەتیخوازەکان، ڕیفۆرمخوازانی سازشکاران و بزووتنەوە ناسیاسیەکاندا دەلەرزێت، دەبێ هەڵگری گوتارێک بین کە جەخت لەسەر فیدراڵیزمی دێموکراتیک و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و جیابوونەوەی ئایین لە دەوڵەت و یەکسانی نەتەوەیی و جێندەری بکاتەوە. ئەم گوتارە ڕێگەیەکی نوێ بۆ دەربازبوون لە دۆخی کارەساتباری ئێستا نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ بەشەکانی دیکەی ئێرانیش پێشکەش دەکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم گوتارە، ڕۆڵی نەوەی گەنجیش زۆر گرنگە. نەوەی ئەمڕۆ دەبێت لە قاڵبی کاردانەوەی سۆزداری تێپەڕێت و ببێتە هێزێک کە بە شیکاری سیاسی و شارەزایی لە ئامرازەکانی میدیا و توانای ڕێکخستن، خەبات لە ئاستی شەقامەوە بۆ ئاستی ستراتیژی بەرز بکاتەوە. خەباتی ئەمڕۆ پێویستی بە نەوەیەک هەیە کە تەنیا بەکارهێنەری گوتار نییە، بەڵکو بەرهەمهێنەری گێڕانەوەی سیاسیش بێت. بزووتنەوەکەمان کاتێک دەمێنێتەوە کە بتوانێت ئەم نەوەیە لەناو خۆیدا پەروەردە بکات؛ نەوەیەک خاۆن بێروکە و چالاک، بۆیر لە کردەوی سیاسی بێت.
ئێمە بە چەکی شەرعیەت شەڕ دەکەین نەک تەنها فیشەک. پێشمەرگەبوون تەنها هەڵگرتنی چەک نییە؛ هەڵگری پەیامێکە. پەیامی ئێمە ڕوونە: کۆماری ئیسلامی نە شەرعییە و نە چاکسازی دەکرێت؛ و ئێمە وەک نەوەیەکی هۆشیار و بە دیسیپلین و پابەند، خۆمان بە میراتگری مێژوویی خەباتێک دەزانین کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. داهاتوو هی ئێمەیە- ئەگەر ئەمڕۆ بە هۆشیاری و بوێرانە هەنگاو بنێین.
لەهەمانکاتدا پێویستە هەوڵبدرێت دەنگی بەرخۆدان لە ئاستی ناوخۆیی و ناوخۆ تێپەڕێت و بگوازرێتەوە بۆ جیهان. ئەمڕۆ فەزای نێودەوڵەتی لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ بیستنی دەنگی ناڕازی و نەتەوە چەوساوەکان و هێزە دێموکراتەکان لە ئێراندا. نابێ ڕێگا بدرێت کۆماری ئیسلامی تاکە وێنەی ئێران بێت لە میدیا و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان. پێویستە لەگەڵ دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ، پەرلەمانەکانی جیهان، میدیای ئازاد، و زانکۆکان خەریکبین و وێنەیەکی ڕاستەقینە و بەڵگەدار و سیاسی لە خەباتەکانی خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران بخەینەڕوو.
لە وەها هەلومەرجێکدا دەتوانێ بزووتنەوەی دیموکراسی کوردی یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی ئەڵتەرناتیڤێکی جەماوەری و شەرعی و پێشکەوتوو بێت. شەرعیەتی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هات، بەڵام سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکراتیک پێویستی بە هێزێکی ستراکتۆرکراو هەیە، کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی هەبێت. داهاتوو هی ئەو کەسانەیە کە بە سادەیی ئێستا شیکاری ناکەن، بەڵکو بە ئاگادارییەوە دروستی دەکەن