بەرێز یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!
وێڕای سڵاو
بەبۆنەی ١٢ی بانەمەڕ ڕۆژی بەرز ڕاگرتنی هێمای خەباتی خوێندکاریی کورد شەهید سمایل شەریفزادە، پڕ بە دڵ هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هیوای بەردەوامی لە تێکۆشانتان بۆ ئاواتەخوازین.
شەهید سمایل شەریفزادە نمونەی ئەو خوێندکارە دەروەست و کۆڵنەدەرانە بوو کە لە دژی سیاسەتی فاشیزمی پەهلەوی، سەنگەری خەبات لە زانکۆی ئاوێتەی سەنگەری خەباتی چریکی کرد و لەپێناو باوەرەکانیدا شەهید بوو.
مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان تەژییە لە تێکۆشانی خوێندکارانی دەروەست کە لە زانکۆکاندا دەنگی دلێری مافخوازی نەتەوەیی بوون و لەپێناو مافە نەتەوەییەکانیاندا بۆ ساتێکیش نەسرەوتن.
ئەو دەنگەی هەنووکە لە شەقامەکان دەزرینگێتەوە، زایەڵەی دەنگی لاوان و خوێندکارانی کوردە کە لە ئەستەمترین ساڵەکانی دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە زانکۆکانی تاران و ئیسفەهان و تەورێز، لە چالاکییە خوێندکارییەکانی خۆیان گەشەیان پێدا و بۆ یەکەم جار سروودەکانی ئەی شەهیدان و ئەی ڕەقیبیان لە ناو هەناوی داگیرکەردا دەگوتەوە.
ئازیزان!
هەنووکە ئەرکی خویندکاران لە جاران سەختترە، لەسەردەمی ئێستادا کە نەزمی جیهانی لە گرێژەنە دەرچووە و دەسەڵاتە ملهوڕەکان خەریکی چەوساندنەوەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکانن، ئەوە ئەرکی لاون و خوێندکارانی کوردە کە پێشەنگ بن لە هاوتەریب کردنی خەباتی خۆیان لەگەڵ بایەخە ئینسانییەکانی سەردەم و پشتیوانی کردن لە مافی نەتەوە چەوساوەکانی دیکەی جیهان، هەروەها پێویستە کە لاوان و خوێندکارانی کورد تێبکۆشن بۆ ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەر خەبات و مافەکانی نەتەوەی کورد.
جارێکی دیکە یادی شەهید سمایلی شەریفزادە و سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی خوێندکاری بەرز بێت و هەر شەکاوە بێت ئاڵای زانست لە دژی سپای جەهل و تاریکی
یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سکرتاریا
١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣