(پێناسەی چەمکە سەرەکییەکان ٥-١)
فواد خاکیبەیگی
پێشەكى
لە سەردەمی هاوچەرخدا، یەکێک لە گرینگترین ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و تۆڕی پەیوەندییەكانە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە ئامرازە گرینگەکانى پەیوەندیکردن بە تاکەکانە لە هەر کۆمەڵگە و وڵاتێکدا.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلايەن شارەزايان و پسپۆرانى زانستە كۆمەڵايەتييەكان بە گرینگ دادەنرێن بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا. لە دەیەی ڕابردوودا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار ڕۆڵێکی گرینگیان گێڕاوە لە چۆنیەتیی ڕێکخستنی خەڵک و بەشداریکردن لە ڕاپەڕین و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها شۆڕشەکاندا. ئەمە لە شۆڕشەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی لە بەهاری عەرەبیدا بەدى كرا. لە ئەنجامدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاسانکاریی زۆریان بۆ خەڵک کردوە بۆ بەشداریکردن لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی چالاکیی جۆراوجۆر، بۆ ئەو مەبەستە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو پرسیارە دەخاتە ڕوو کە ئایا دەبێت وەک بزوینەر یان ئامرازێکی ئاسانکاریی ڕاپەڕین لە رۆژهەڵاتى كوردستان سەیر بکرێن؟
لەم توێژينەوەيەدا هەوڵ دەدرێت توێژينەوە لەسەر پەيوەنديى نێوان ڕێژەى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و ئاستى متمانەى بەكارهێنەران بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بە بەشدارى خەڵك لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان تاوتوێ بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە لەم توێژينەوەيەدا لەلايەن توێژەرەوە پێداچوونەوەيەكى تێئۆری بە توێژينەوەكانى پێشوو و ئەدەبياتى توێژينەوەكە كراوە، پاشان بە وەرگرتنى داتا لە کۆمەڵگەی توێژينەوەكە بەشێوەيەكى مەيدانى شيكردنەوە بۆ دۆخى کۆمەڵگەی توێژينەوەكە كراوە و ئەنجامەكانى خراونەتە ڕوو.
ڕەگەز و چەمكە سەرەكييەكانى توێژينەوەكە
ئەمڕۆ یەکێک لە گرینگترین ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ و تۆڕەکانی پەیوندیگرتنە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان يارمەتيدەرن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکان بتوانن بە ئاسانترین شێوە و بە کەمترین تێچوو لەگەڵ تاکەکانی دیکە لە هەر کۆمەڵگە و نەتەوەیەک بن پەیوەندی دروست بکەن و تاکەکان لە هەر کوێ بن تەنها بە هۆی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن لە کەمترین ماوەدا ئاگاداری ڕووداوەکان بن و تەنانەت کاریگەریی بەرچاویان هەبێت.
لە جيهانى ئەمرۆدا بە بۆچوونى توێژەران و شارەزايان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامرازێكى يارمەتيدەر دادەنرێن لە بەشداریی خەڵک لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە، یەک لەوان بەشداری لە چالاکییە مەدەنییەکان و ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە. هەر وەک لە ساڵانی ڕابردوودا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی کاریگەرییان هەبوو لە سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و شۆڕشەکان، بە تایبەتی شۆڕشەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەرچاوترینیان شۆڕشی بەهاری عەرەبی بوو.
لە ئێرانى ئەمرۆدا، سەرهەڵدانى بزووتنەوەى كۆمەڵايەتى ورد (سێنفى، ژنان و خوێندكاران) و كەڵان (بزووتنەوەى ناسراو بە ژن، ژيان، ئازادى) لە پەرەسەندندان، هاوكات بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانيش لە دوو دەيەى ڕابردوودا گەشەیسەندوە و وا دەردەكەوێ كە پەيوەندييەكى ڕاستەوخۆ لە نێوان تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكاندا هەبێت. بۆيە لەم توێژينەوەيەدا هەوڵ دەدرێت وەڵامى چەند پرسيارێك بدرێتەوە كە بريتين لە: ئاستى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان لە کۆمەڵگەی توێژينەوەكەدا لە چ ئاستێكدايە؟ تا چ ڕادەيەك كۆمەڵگەى توێژينەوەكە ئامادەن بەشدارى بكەن لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكاندا؟ چ پەيوەندیيەك هەيە لە نێوان بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و ئامادەيى خەڵك بۆ بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان؟ و گۆڕاوە دێمۆگرافييەكانى وەكو (ڕەگەز، تەمەن، و بڕوانامە) چ كاريگەرييەكى لەسەر ئەنجامەكانى توێژينەوەكە دەبێت؟
گرينگیی توێژينەوەكە
ئەم توێژينەوەيە وەكو هەموو توێژينەوەيەكى ديكە لە دوو لايەنى تێئۆری و مەيداني گرينگیی تايبەت بەخۆى هەيە كە بە شێوەى خوارەوەيە:
يەكەم گرينگیی تێئۆری
لەڕووى تێئۆرييەوە ئەم توێژينەوەيە دەبێتە هۆى زيادبوون و كەڵەكەبوونى زانيارى لە بوارى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان كە بابەتگەلێكى گرينگ و هەنووكەیی کۆمەڵگەی ئێران و رۆژهەڵاتى كوردستانە و توێژينەوەى كەمى لەسەر كراوە.
دووهەم لەڕووى پراكتيكييەوە
لەڕووى پراكتيكييەوە ئەم توێژينەوەيە بەسوودە بۆ ئەم لايەنانەى خوارەوە:
١. ئۆپۆزيسيونى دێمۆكرات كە خوازيارى بەشدارى خەڵكن لە بزووتنەوەكاندا.
٢. ناوەندەكانى توێژينەوەى كۆمەڵايەتى كە خوازيارى تێگەيشتنن لە دۆخى بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكانن لە كوردستان و ئێران و ڕۆڵى سۆشيال ميديا لەم بوارەدا.
ئامانجەكانى توێژينەوەكە
ئامانجى سەرەكى ئەم توێژينەوەيە بریتييە لە دەرخستنى پەيوەنديى نێوان بەكارهێنانى سۆشيال ميديا و بەشداریی خەڵك لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان كە دەتوانين لە چەند ئامانجێكى بچوكتردا وردى بكەينەوە:
١. پێوانەكردنى ئاستى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان لاى بەشدارانى نموونەكە.
٢. پێوانەكردنى ئاستى ئامادەيى بەشدارانى نموونەكە بۆ بەشدارىكردن لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان.
٣. دەرخستنى ئاستى پەيوەنديى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بە بەشدارى لە بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكاندا.
٤. دەستنيشان كردنى ڕۆڵى گۆڕاوە دێمۆگرافييەكانى (رەگەز، تەمەن و بڕوانامە) لەسەر ئەنجامەكانى توێژينەوەكە.
پێناسەی چەمکە سەرەکییەکانی توێژینەوەکە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (Social Media)
لە فەرهەنگی میریام_ وێبستەر ( Merriam-Webster) تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەم شێوەیە پێناسە کراون کە بریتییە لە: جۆرەکانی پەیوەندیکردن وەک (ماڵپەڕ، تۆڕە کۆمەڵایەتییە مەجازییەکان و وێبلاگ) لەم ڕێگایەوە بەکارهێنەران کۆمەڵگەیەکی ئۆنلاین دروست دەکەن بەمەبەستی هاوبەشی کردنی زانیاری، بیرۆکە، پەیامی کەسی یا وێنە و ڤیدیۆ.
ڕۆن جۆنیز (Ron Jones) نووسەر و مێدیاکاری ئەمریکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەم شێوە پێناسەی کردوە؛ “کۆمەڵێک لە مێدیای ئۆنلاین کە تاکەکان بەشدارن، پێکەوە قسە و گفتوگۆ دەکەن، زانیارییەکانیان هاوبەشی پێ دەکەن و بە هۆیەوە تۆڕی پەیوەندی نێوانیان دروست دەکەن. زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاندەرن بۆ گفتوگۆ، دەربڕینی بیروڕا لە سەر یەکتر و کەسانی دیکە و هاوبەشی کردنی زانیارییە دڵخوازەکانیان”. وەک جۆنیز ئاماژەی پێ دەکات “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گفتوگۆیەکی دوو لایەنەیە، ڕێگە بە خەڵک دەدات بە دروست کردنی پەیوەندی یا پەیوەست بوون بە ماڵپەڕ و سەرچاوەکانی زانیاری”.
لەم توێژينەوەيەدا، مەبەست لە توڕە كۆمەڵايەتييەكان بريتييە لە كۆى ئەو ئامرازە ئەلكترۆنيانەى كە تاكەكان بەكارى دێنن بە مەبەستى دروستكردنى پەيوەنديى سەرهێڵ.
بەشداریی خەڵک (people’s participation):
بەشداری هاوواتای وشەی ئينگليسى (Participation)ــە لە دەیەی ٧٠ی سەدەی بیستەم وەکوو چەمکێکی سەرەکی لە توێژینەوەی زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر گرینگی پێدرا و توێژینەوەی لەبارەوە کرا. بانکی جیهانی لە ساڵی ١٩٩٦ لە دووتوێی کتێبێک سەبارەت بە سەرچاوەکانی بەشداری بڵاوی کردۆتەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە بەشداری چەمکێکی فراوانە و بەم شێوەیە پێناسەی کردووە:” پڕۆسەیەکە تاکەکان یا لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریگەرییان لە سەر دەستپێشخەرییەکانی پەرەسەندن، بڕیارەکان و سەرچاوەکان هەیە و بە هاوبەشی هەوڵی کونترۆڵی ئەو بارودۆخە دەدەن و لێی سودمەند دەبن.
بەشداری کردەیەکی بە کۆمەڵ، هۆشیارانە و خوازیارانەیە کە هەڵگری چالاکیی هاووڵاتییانە لە بابەتە گشتییەکان و ئاستە جیاوازەکانی بڕیاردان لە پڕۆسەکانی کارگێڕی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەو ناوەندانەی کە ژیانی تاکەکان پێوەی پەیوەستە. هەروەها چەمکی بەشداری بریتییە لە پێوە خەریک بوونی خەڵک لە ڕێکخراوە ئایینیەکان، ئەنجومەنەکان و ئەو بزووتنەوانەی کە کاریگەرييان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵک هەیە، بەڵام ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دابەشبوونی هێز و دەسەڵات نییە. هەروەها ئەو بزووتنەوانەی کە کاریگەری لە سەر ژیانی تایبەتیی هاووڵاتیان هەیە.
ئەكاديميست “منوچهر محسنی” پێناسەی کردووە بەوەی؛ بەشداری خەڵک بە واتای بەکارهێنانی سەرچاوە کەسییەکانە بە مەبەستی بەشداربوون لە کردەیەکی بەکۆمەڵ.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان (Social Movement)
لە ڕوانگەی “ئانتۆنی گیدێنز” بزووتنەوە کۆمەڵایەتی هەوڵێکە بە مەبەستی بەرەوپێش بردنی ئامانجێکی هاوبەش یا گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش بە ڕێگای چالاکی لە دەرەوەی ناوەندە فەرمییەکان.
ئینسکلۆپیدیای ئاکسفۆرد بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕەوت یا کۆمەڵێک کردە و هەوڵ دەزانێت لە لایەن کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراو کە بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک بەردەوام بەرەو ئامانجێکی تایبەت هەنگاو دەنێن یا ئینتمایان بۆی هەیە.
“ديليا و ديانى” بەم شێوەیە پێناسەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە کە: ” بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئەکتەرێکی گرینگ لە ژیانی ڕۆژانەماندا، لەبەر ئەوەی هەم دەستپێشخەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دەکەن و هەم بە هۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبن. هەروەها لە لای (تیلی) بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان شەڕێکی درێژخایەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە نێوان نەیاران و خاوەن دەسەڵاتەکان پێک دێنن.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵێکی کەم یان زۆر، بەردەوام و ڕێکخراو لە لایەن ژمارەیەکی تا ڕادەیەک زۆری خەڵک، بە مەبەستی بەدیهێنانی گۆڕانکاری یا بەرگری کردن لە ڕوودانی گۆڕانکارییە.
لەم روانگەى توێژەرەوە لەم توێژينەوەيەدا، بزووتنەوە كۆمەڵايەتييەكان بريتييە لە هەوڵێكى بە كۆمەڵ بە مەبەستى گەيشتن بە ئامانجێكى گشتى لە دەرەوەى دامەزراوە فەرمييەكان.