ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، بە دەسپێشخەریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە شاری هەولێر بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.
ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب و هەروەها ڕێژەیەکی زۆر کادر و پێشمەرگە و ئەندامی حیزب بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن کۆرسی هونەریی یەکیەتیی لاوان و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧٩یەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن بەڕێز کاک محەممەدساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب لە شاری هەولێر پێشکەش کرا.
پاشان سروودی “ئافەرین قازی محەممەد ئافەرین” لەلایەن کۆرسی هونەرییەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیامی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی حیزب (لاوان، خوێندکاران و ژنان) لەلایەن بەڕێز پێشەوا عەلیپوور سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمەکەدا، شێعری “ژوانگەی خەمڵیو” لەلایەن مامۆستا “بێبەش پیرۆتیـ”ـیەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
پاشان سروودی بەنێوبانگی “هاتەوە ٢ی ڕێبەندان” لەلایەن بەڕێزان کاک عوسمان ڕەحمانی و واحید موهاجیرەوە پێشکەش کرا.
دواتر شێعرێک بە ناوی “پێشەوا قازی” لەلایەن شاعیری تازەلاوی شاری کۆیە بەڕێز “بەدرخان کۆیی”یەوە پێشکەش کرا.
بە دوای ئەوەدا سروودی “دێنەوە هەر دێنەوە” لەلایەن پێشمەرگەی دەنگخۆش بەڕێز کاک عوسمان ڕەحمانییەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا چەند تابلۆ هەڵپەڕکێ لەلایەن کۆڕی هەڵپەڕکێی یەڵدا بە سەرپەرەستیی پێشەوا شۆڕش قازی پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە چەند گۆرانییەکی شاد لەلایەن هونەرمەندی خۆشەویست ڕزگار شەرەفکەندی و بە هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.