بە دوای دەرچوونی بەیانە مێژووییەکەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا کە ئاکامی ڕێککەوتنی نێوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی مافخوازانەی باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێڕاق بوو و لەودا مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێڕاق بە ڕەسمی ناسرابوو، ئێمە کوردە ئاوارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش کە ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بووین تا ڕادەیەک دەرووی خێرمان لێ کرایەوە و «یەکێ لێرە و یەکێ لەوێ» وەسەر یەک کەوتینەوە و وردە جموجۆڵێکی ڕێکخراوەیی و سیاسی و تەبلیغاتیمان وەڕێ خست. وابوو لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٠دا لە بەغدا قەلەندەرخانەیەکمان وەک بنکەی ڕێبەریی حیزب کردەوە.
ئەمن نووسەری ئەم دێڕانە هەرچەند پتر لە ٣٢ ساڵم تەمەن بوو، تازە کەوتبوومە گاگۆڵكەی نووسین و تەنیا چەند وتارێکی کرچوکاڵم لە ڕۆژنامەی «کوردستان»دا بڵاو ببوونەوە. خۆتێهەڵقوتاندن بوو یان دەخۆڕادیوی پێم وابوو دەتوانم لە بواری وەرگێڕانیشدا شانسی خۆم تاقی بکەمەوە، بەڵام هەم کەمم خوێندبۆوە و هەم نەمدەزانی لە کوێوە دەست پێ بکەم. ئاخرەکەی وەک بۆ زۆر شتی دیکە بۆ ئەمەش پەنام بردە بەر دوکتۆر قاسملووی شەهید کە ڕێنوێنیم بکا. ناوبراو نامیلکەیەکی کورتی فارسی بە ناوی «واقعیت خلقهای ایران و افسانەی م . ماکان»ی دایە دەستم کە بیخوێنمەوە و ئەگەر تاقەتم پێی شکا بیکەمە کوردی. بە پەلە خوێندمەوە دیتم بە ناوی «سازمان روشنفکران کرد ایران در خارج از کشور» لە وەڵامی نامیلکەیەکدا بە ناوی «افسانەی خلقهای ایران» لە نووسینی ئەندامێکی «جبهەی ملی ایران» بە ناوی خوازراوی «م . ماکان» نووسراوە. نووسینەکەی م. ماکان بوونی گەلانی جۆراوجۆر لە ئێرانی بە ئەفسانە دانابوو و وەڵامەکەشی بوونی گەلانی ئێرانی بە واقیعییەت و بۆچوونەکانی م. ماکانی بە ئەفسانە زانیبوو. هەم بابەتەکەم بەردڵ کەوت و هەمیش هەستم کرد دەرەقەتی دێم. دواتریش بۆم دەرکەوت کە هەرچەند بەناوی ڕووناکبیرانەوە بڵاو بۆتەوە بەڵام نووسینەکە هی دوکتۆر قاسملوو خۆیەتی.
بە هەرحاڵ دەستم پێکرد و چونکە نۆبەرەشم بوو، زۆر بەپەلە بووم کە تەواوی بکەم، نیشانی دوکتۆری بدەمەوە و ئەگەر پەسندی کرد بدرێتە چاپ و سەرەنجام بەرهەمی ڕەنجی شانم لەسەر کاغەز بە دەستی خوێنەری کوردەوە ببینم.
خواوڕاستان بەدەستمەوە هات و دوکتۆری شەهیدیش پاش هێندێ ڕێنوێنی پەسندی کرد و درایە چاپ. سەرتان نەیەشێنم مانگی گەلاوێژی ١٣٥٠ (ئووتی ١٩٧١) لە چاپ هاتە دەر و هەر وەک ناوی نووسەری لەسەر دانەنرابوو ناوی وەرگێڕیشمان لەسەر نەنووسی و هەر بەناوی ڕێکخراوی ڕووناکبیرانی کوردی ئێرانەوە بڵاومان کردەوە و لەبیرم نیە لەبەر چی، ناوەکەشمان کورت کردەوە. خەراپ نیە ئەوەش بڵێم کە ساڵی ١٣٥٨ لە مەهاباد چاپمان کردەوە و ئەو جارەیان ناوی منی لەسەر نووسرا.
ئەو داستانەم هەر لەبیریش نەمابوو هەتا ئەم ڕۆژانە یەکیەتیی لاوانی دێموکڕاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبەریان دامێ کە دەیانەوێ ئەو نامیلکەیە چاپ بکەنەوە و داواشیان کرد شتێکی لەسەر بنووسم. زۆرم لەبەر گران بوو، چونکە هەر لەبیریشم چووبۆوە و پاشانیش بیرم دەکردەوە نووسینێکی ٥٣ ساڵ بەر لە ئێستا بۆ ئەمڕۆ چ خێرێکی پێوەیە. بەڵام پێداگریی کاک پێشەوا بەرپرسی لاوان ناچاری کردم بڵێم بۆم بنێرە چاوی لێ بکەم بزانم قسەیەکم هەیە لەسەری بکەم یان نا؟
بەڵێ، نامیلکەم بۆ هات و خوێندمەوە. بەڕاست نازانم بڵێم بە خۆشییەوە یان بەداخەوە، دیتم دەڵێی ئەمڕۆ و بۆ ئەمڕۆ نووسراوە. ئەگەر ئەو دەم دەوڵەتی فەرمانڕەوای ئاریامێهری وەڵامی هەموو داخوازێکی نەتەوایەتیی کوردی بە ئاگر و ئاسن دەدایەوە، ئێستاش دەوڵەتی «عەدڵی ئیلاهی» هەر ئەو وەڵامەی بۆ داخوازە بەر هەقەکانی کورد پێیە، تەنیا بەو جیاوازییە کە عەممامە هاتۆتە جێی تاج و مووشەکی دوور هاوێژ و دوورهەنگێو جێگەی ژ.٣ و ئێم یەکی گرتۆتەوە. لەمانەش تاڵتر، ئەگەر لە دەورانی پاشایەتیدا دژبەرانی ڕێژیم و تەنانەت بەشێک لەوانە کە خۆیان بە پێشکەوتنخوازیش دەزانی بۆ حاشا لە ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران و سەرکوتی بزووتنەوە مافخوازانەکانیشیان دەگەڵ دەربار و دەربارییان هاودەنگ بوون، ئێستاش بەشێکی زۆر لە هێزەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، کاتێک نۆرە دەگاتە سەر دابینکردنی مافە ڕەواکانی گەلانی زۆرلێکراوی ئێران، هەموو ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کۆماری «پەت و سێدارە» وەلا دەنێن و ئامادەن بچنە سەنگەری سەربازانی «ئیمامی زەمانەوە.»
بەم جۆرە ئێستا بۆخۆشم بڕیاری یەکیەتیی لاوان بۆ چاپکردنەوەی ئەو نامیلکە لەبیرچووەوە بە پەسند دەزانم و تەنانەت دەستخۆشییشیان لێدەکەم.
عەبدوڵڵا حەسەنزادە
بەفرانباری ١٤٠٣، ژانویەی ٢٠٢٥