کاروان موکریانی
هەر وەک دەزانین نەورۆزی ئەمساڵ لە لایەن چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە “نەورۆزی خاکیپۆشان” ناو نرا و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش وەک تاکە حیزبی ڕۆژهەلات پشتتیوانیی لەم کەمپەینە کرد،. لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە پێشوازییەکی بەرین و بێ وێنە لەم بانگەوازە کرا و بوو بە هۆی ئەوەیکە “نەورۆزی خاکیپۆشان” لە پێناسەی مێژوویی و نەریتیی خۆی بێتە دەرێ، بیچمی “بزووتنەوەیەکی کۆمەڵاتیی نوێ” بە خۆیەوە بگرێ و لە قالبی گوتارێکی بەهێزدا خۆی دەر بخات.
بزووتنەوەی نەورۆزی خاکیپۆشان وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەلایەتی بە هۆی “زمانمەند بوون، مەکانمەند بوون و زەمانمەندی” یار و نەیاری خۆی لێ پەیدا بوو کە دەکرێ بە نەیارنی نێوخۆیی و دەرەکی ناویان لێ بنێین. لێرەدا دەکرێ “ڕاستی کورد” (ئیسلامی سیاسی) و “چەپی کورد” وەکوو ئەویتریی نێوخۆیی (دگری درونی) و کۆماری ئیسلامی و شاپەرەستەکان وەکوو ئەویتریی دەرەکیی (دگری بیرونی) ئەم بزووتنەوەیە پێناسە بکەین.
سەبارەت بە دژبەرانی دەرەکی پێویستە بوترێ کە ئەوان بە هۆی ڕوانگەی ناوەندگەرایانە و ڕەگەزپەرەستانەی خۆیان بە دوو شکڵی ڕەق و نەرم ڕووبەڕووی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە نوێیە بوونەوە؛ لە شکڵە نەرمەکەیدا، شاپەرەستان لە گوتاریی خۆیاندا ئەم بزوووتنەوەیەیان لە پەڕاوێز هاوێشتوووە و لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بە گشتی سڕیویانەتەوە. بۆ نموونە ئەم بزووتنەوە گەورەیە هیچ نواندنێکی لە تەلەفزیۆنی “ئێران ئینتڕنەشناڵ”دا نابیندرێ. ئەویتریی دەرەکیی بزووتنەوەی خاکیپۆشان، کۆماری ئیسلامییە کە سەرەتا بە شێوازی ڕەق ڕووبەڕووی بوویەوە و لەم ڕاستایەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هێندێک چالاکوانی خاکیپۆش ڕووبەڕووی لێ پرسینەوە و گرتن بوونەوە. بەڵام کۆماریی ئیسلامی هەر بەمە ڕانەوەستا و کاتێک دیتی هێزی ڕاگرتنی ئەم بزووتنەوەیەی نییە، بە شێوازی نەرمیش لەگەڵی کەوتە ململانێ. بۆ نموونە دەیهەوێ بۆخۆی کات و شوێن و یاسا و ڕێسای بەرێوەبردنی رێورەسمەکان دیاری بکات و بە هەڵدانی هێما و درووشمەکانی خۆی، واتای دڵپەسەندی خۆی پێ بدات. یان بە لکاندنی واتای بەردڵی خۆی بە نیشانەی “خاکیپۆشی”، پێکهاتەی گوتاریی “نەورۆزی خاکیپۆشان” تێک بشکێنێ. بەڵام چونکە نەیتوانی کۆدەنگی لەسەر واتای مەبەستی خۆی لە نێو کۆمەلگای کوردستان ساز بکا، لە پێناسە کردنی جلی خاکی وەکوو نیشانەی “پێشمەرگەی موسوڵمان”(جاش) بە تەواوی شکستی هێنا؛ چونکە لە گوتاریی کوردایەتیدا نیشانەی خاکیپۆشی واتای بوێری، پێشمەرگایەتی، ڕزگاریخوازی و نیشتماندۆستی دەدات نەک خاکفرۆشی. کەوابوو جلی خاکی بۆ خەڵکی کورد واتای پێشمەرگایەتی لە ڕێگای خاکدا دەدات نەک خەیانەت بە خاک.
لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەویترییەکانی نیوخۆیی بزووتنەوەی خاکیپۆشی کە بریتی بوون لە ڕاستەکان و چەپەکان، ئیسلامی سیاسی وەک باڵی ڕاستی نەریتی هەوڵی خۆی دەدا بۆ ئەوەی بە گشتی نەورۆز لە پەراوێز هاوێ؛ هەر بۆیە بە جلی خاکی و بێ جلی خاکی دژایەتی نەورۆز دەکات. بەلام لە هەمووی سەیرتر هەڵسوکەوتی چەپە کوردە لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە. چەپی کورد وەکوو دووهەمین ئەویتری نیوخۆیی “بزووتنەوەی نەورۆزی خاکیپۆشان” یان بڵێین “گوتاری خاکیپۆشی”هەوڵی خۆی دەدا کە واتای خۆی بە نیشانەی خاکیپۆشی بدات. لەم ڕاستەیادا باڵێکی چەپ وەکوو شاپەرەستەکان هەر ناوی ناهێنێ و لە راگەیاندنی خۆشیدا سڕیوێتەوە. ئەم بزووتنەوە گەورەیە نابینێ یان بڵێین نایهەوێ بیبینێ بۆیە هەر دەڵێی نە بای دیبێ و نە بۆران و سەر قاڵی خەباتی چینایەتی خۆیەتی.
باڵێکی دیکەی ئەم چەپە کە بە خەیاڵ روووەو ڕاست دەڕوا، ڕێک وەکوو کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە شێوەیەکی چەواشەکارانە واتای “جاشایەتی” وەک نووسەنەکە بە خاکیپۆشییەوە بنووسێنێت. ئەوان دەڵێن جاشەکانیش لە جلی خاکی کەڵک وەردەگرن، بۆیە هەڵبژاردنی دەستەواژەی خاکیپۆشی هەڵەیە. لە بەرسڤی ئەواندا پێویستە وەبیریان بێنینەوە کە نیشانەکان لە زاتی خۆیاندا واتایان نییە و تایبەت بە هیچ کەس و گرووپێک نین، بەڵکوو ئەوە ئێمەین کە مانا و واتایان پێ دەدەین. گرینگ ئەوەیە کە ئاخۆ گوتارێک دەتوانێ واتای مەبەستی خۆی پێ بدات و هێژمۆنیی خۆی بسەپێنێ یان نا؛ ئەویش کاتێک مسۆگەر دەبێت کە ئەم گوتارە بتوانێ لە نێو کۆمەلگادا کۆدەنگی و هاودەنگی لەسەر ساز بکات. بۆ نموونە دەستەواژەی “شەهید” لە نێو گوتاری ئیسلامیدا بە واتای کەسێکە کە لە ڕێگای خوا و ئیسلامدا ژیانی خۆی بەخت دەکات و لە ڕۆژی حەشردا دیسان زیندوو دەبێتەوە و لە نێعمەتەکانی ئیلاهی بەهرەمەند دەبێت. لە حاڵێکدا هەمان دەستەواژە لە گوتاری کوردایەتی واتای کەسێک دەدات کە لە ڕێگای کوردستاندا ژیانی خۆی بەخت دەکات و بۆ هەمیشە لە دڵ و یادی خەڵکدا دەمێنیتەوە. بۆیە خەڵکی کورد شەهیدەکانی بە درووشمی “شەهید نامرێ” بە خاک دەسپێرێ.]
گوتاری کوردایەتی بە بێ ئەوەی دەستەواژەی شەهید لە گوتاری خۆیدا وەلا نێ و بیسڕێتەوە، توانیوێتی واتای مەبەستی خۆی پێوە بچەسپێنێ؛ چونکە توانیویتی لە نێو ئاپۆڕەی خەڵکدا کۆدەنگی بۆ واتای مەبەستی خۆی ساز بکات. هەر چەند چەپی کورد زۆری هەوڵ دا کە چەمکی “گیانبەختکردوو” لە جێی دەستەواژەی “شەهید” دانێ، بەڵام چونکە لە نێو خەڵکدا لەسەر ئەم نیشانەیە کۆدەنگی بۆ ساز نەبوو، سەرکەوتوو نەبوو و تەنانەت ئێستا خۆشیان زۆر جار لەم دەستەواژەیە کەڵک وەردەگرن.
دەمهەوێ ئەوە بڵێم کە جلی خاکی ئی جاشەکان نییە و نابێ چونکە بۆ خەڵکی کورد نیشانەی پێشمەرگایەتییە و واتای بوێری و ئازایەتی و خەبات کردن بۆ نەتەوەکەی دەدات. شتێکی زۆر سەیر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ واتای ئازایەتی بوون بە خاکیپۆشی بدات و جاشەکانی پێ بڕازێنێتەوە، بەلام چەپی کورد پیی قەڵسە. لێرەدا وێکچوون و جیاوازییەک لە نێوان ئەم دوو گوتارەدا دەبیندرێ؛ وێکچوونەکە ئەوەیە کە هەر دووکیان دەیانهەوێ واتای کوردایەتی لە جلی خاکی داماڵن؛ جیاوازییەکەش ئەمەیە کە کۆماری ئیسلامی لە چەپەکان ژیرترە، چونکە چاک تێگەیشتووە کە ئەم جلە بۆ خەڵکی کورد واتادارە، بۆیە دەیهەوێ پێکهاتەی واتاکەی بشکێنێ و واتای مەبەستی خۆی پێ بدات. بەلام چەپی کورد دێ راست بە جلی جاشان پێناسەی دەکات. بەڵام نە کۆماری ئیسلامی و نە چەپی کورد ناتوانن واتای پێشمەرگایەتی، ئازایەتی، ڕزگاریخوازی و نیشتماندۆستی لە جلی خاکی وەکوو نیشانەی سەرەکی گوتاری کوردایەتی داماڵن، چونکە لە نێو خەڵکدا کۆدەنگییان بۆ ساز نابێت.
چەپی کورد هۆیەکی دیکەی دژایەتیی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی خاکیپۆشی بەوە پاساو دێنێتەوە کە نابێ نەورۆز سیاسی کرێ. ئەمە ئەستەمە، نەورۆز بۆ کورد دیاردەیەکی کۆمەلایەتی-سیاسی- مێژوویی و کولتوورییە. کەوابوو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نەورۆز ڕەهەندی سیاسی بوونێتی. لە دنیای مۆدێڕندا گشت بوارەکانی ژیانی مرۆ سیاسییە، کەوایە بۆ دەبێ نەورۆز ناسیاسی بێت؛ ئەزقەزا بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستە و کۆلۆنیکراو دەبێ تا دەتوانێ ڕەنگ و ڕووی سیاسیتری پێ بدات بۆ ئەوەی لە وەدەست هێنانی ئامانجەکانی نێزیکتر بێتەوە. جا باشە لە بۆنەی نەورۆز دەرفەتی چاکتر وەگیر دەکەوێ بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد ئاوا لە دەوری یەک کۆبێتەوە و داواکارییەکانی بەرجەستە کاتەوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە کاتێک باسی هێژمۆنی و ساز کردنی کۆدەنگی لەسەر واتاکان دەکەین بە واتای سڕینەوەی ئەوانی دیکە نییە. سەردەمی ئێستا سەردەمی فرەیی و چەنددەنگی و چەندڕەنگییە، کەوابوو نەورۆز بە هەموو ڕەنگ و دەنگێکەوە جوانە؛ بەڵام ئەوەی گوتارێک ناتوانێ لە نێو کوردستانی ڕۆژەهەڵاتدا کۆدەنگی گەورە و بەرین لەسەر نیشانەکانی خۆی ساز کات، نابێ بیهێنێتە سەر ئەو قەناعەتەی کە دژایەتی کەمپەینێکی ئاوا گەورە بکات، بە جێی ئەوەی وەکوو دەرفەتێک کەڵکی لێ وەرگرێ.
پیرۆز بێ جێژنی نەورۆز لە خەڵکی کوردستان بە هەموو بیر و بڕوا و بە هەموو دەنگ و ڕەنگێکەوە.