کوردستانیانی ئازیز
کادر و پێشمەرگە ئازیزەکان
ئەمڕۆ لە گەلاوێژێکی جیاوازدا، یادەوەری بۆنەیەکی مێژوویی دەکەینەوە کە بوو بە کانگای ناسیۆنالیزمی کوردی و لە هەناوی ویدا ئەرتەش و سروود و ئاڵا و دەوڵەتی کوردی لەدایکبوون.
جابۆیە وێرای ماندوو نەبوونیی لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، بە بۆنەی حەفتا و یەک ساڵ تێکۆشان و نەسرەوتن لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان،
پیرۆزبایی لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە چالاکانی ناوخۆ دەکەم کە بە هەموو شێوازەکان سەرەڕای زوڵم و زۆریی کۆماری ئیسلامی، تەحەمولی هەموو کێشەکانیان کردوە بەڵام هەوڵیان داوە لە هەموو دەرفەتەکان بە حەق کەڵک وەربگرن.
ئەگەر بیرۆکەی دامەزرانی حیزبەکان بۆدەستەبەرکردنی مافەکانی میللەتان و کاریگەرییان لەسەر حکومەتەکان و شێوەی ئیدارەی کۆمەڵگە لە لایەن حیزبەکانەوە، لە سەدەی هەژدەهەمەوە لە ئورووپا هاتەگۆڕێ، ئەوە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم واتا ٧١ساڵ پێش لە کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد وەک حیزبێکی مۆدێرن لە کۆمەڵگایەکی داخراو و دواکەوتوو و تەنراو بە بیری عەشیرەیی دامەزرا، ئاڵوگۆڕەکانی ئەوکات و تەداخولی زلهێزەکان لە ناوچەدا ئەوەندە خێرا بوو کە لەو هەلومەرجەدا بە دیرایەتی پێشەوا قازی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە چوارچێوی بەرنامەو پرۆژەکانی پێشەوا قازیدا دامەزرا بۆوەی بیری نەتەوایەتی و کوردایەتیی سازمان بدات و بیکا بە دامەزراوەیی، بیکا بە فەرهەنگ و بیباتە نێو کۆمەڵگا و، کۆمەڵانی خەڵکی زۆر بە هەموو جیاوازیێکەوە کە تێیدا بوو، بەشداری ئەوپرۆسەیە بکات. هەربۆیەشە کە نەتەوەی کورد بە پیر و لاو، ژن و منداڵ، هەنوکە دوای حەفتاویەک ساڵ لەسەر رێبازی پێشەوا قازی سوورن و شێلگیرانە و تامەزرۆیانە بەدوای دامەزراندنەوەی کۆماری کوردین لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبێکە کە لە ماوەی خەباتی پڕ لە شانازی خۆی، هەوراز و نشێوی زۆری دیوە و زۆر جار تووشی تێچووی قورسیش بووە، ئەوەی بۆ ئێمەی نەوەی نوێ گرنگە و دەبێ بیکەینە ئۆلگووی خەبات لە ریزەکانی ئەو حیزبەدا ئەوەیە کە لە تەنگانەدا قایم و خۆڕاگربین و لە سەرکەوتن دا لەخۆبایی نەبین. حیزبی دێموکرات پاش ئەوەی بە فۆڕمێکی نوێ و لەژیر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بە پشت بەستن بە هێزی مەزنی لاوان و ژنان درێژەی بە تێکۆشانی خۆیدا و بە قەرەبوو کردنەوەی لاوازییە تئیۆرییەکان و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە پراگماتیزمی لۆژیکی، تێکۆشاوە کە پێشەنگایەتی شەپۆلی نوێی هۆشیاری سیاسی و مەدەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکات، حزبی دێموکراتی کوردستان لەسەربنەمای پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیی خۆی، بە زیندوو کردنەوەی نەریتێکی شۆڕشگێڕانە جارێکی دیکە هێزی پێشمەرگەی ناردەوە ئامیزی نیشتمان و هەروەها بە بەهێز کردنی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی خۆی توانی قەرەبووی هەموو ئەو داکشانە بکات کە بەر لە لەتبوون تووشی هاتبوو.
حیزبی دێموکرات بە دامەزراندنی ریکخراوی تایبەت بە ژنان دەسکەوتێکی گەورەی لەمەیدانی یەکسانیخوازی جێندێریدا تۆمارکرد و هەروەها بە داڕشتنەوەی قەوارەی سازمانی جەوانان و پێدانی فۆڕمی نوێی رێکخراوەیی بەو سازمانە لە رابردوودا و هەروەها ئیستاش بە بەشداری پێکردنی لاوان و ژنان لە کایەکانی سیاسیی و بڕیاراتی حیزبیدا، هەوڵیداوە ئەو میراتەی پێشەوامان قازی محەممەد بپارێزێ و لاوان و ژنان بۆ داهاتووی حیزب و بۆداهاتووی کۆمەڵ پەروەردە بکات.
ئێستا کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بلۆکبەندییە ناوچەییەکان لەهەموو کات زەقتر دەردەکەون ئاواتەخوازین کورد بەدەرس وەرگرتن لە رابردوو خۆی نەخاتە بەشێک لەو پڕۆسەیە و ئەوەی بۆ کورد دەبێ گرنگ بێت تەنیا یەکیەتیی نەتەوەییە بێ دابەش بوون بەسەر ئەو بلۆکبەندییانە.
ئەمن هیوادارم هەموو لایەکمان بەتایبەت لاوان و ژنان، لەهەموو پارچەکانی کوردستان تێبکۆشین رێگاچارەکان و پڕۆژە نەتەوەییەکانمان نەکەونە ژێر بەرژەوەندی تەسکی حیزبی، بەو هیوایە کە لاوان و ژنان لە رۆژهەڵات لە جەریانی خەباتی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد وەک پێشوو پێشەنگ بن و هاوکار بن لە پێناو جێکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری بیر و ئاواتەکانی قازی محەممەد و هەوڵ بدەین بۆ بەدیهاتنیان.
لاوان و ژنان پێویستە لە رۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتدا ئەو پەیامە بەرنە نێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵک کە باشترین پیرۆزبایی و رێزلینان لە حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە تیبکۆشن لەهەموو شێوازە رەواکانی خەبات بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرگرن و هەروەها کۆەمڵانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان دڵنیا بکەنەوە کە ئاواتە دێرینەکەیان واتا رزگاریی نەتەوەیی نێزیکە تا گەیشتن بەم ئاواتە حیزبی دێموکرات بە پشتیوانی لاوانی خەباتکار و ژنانی تێکۆشەر درێژە بەخەبات و تێکۆشانی خۆی دەدات، ئاشکرایە لەحیزبێکدا کە فیداکاری و قوربانیدان لە ئاستی رێبەرانیدا نەهادینە کراو و بوو بە کلتوور، وەک شانازی و ئیفتخار چاوی لێدەکرێ. حیزبی ئێمە لەومەیدانەدا سەربەرزە و لەو پێناوەشدا سێ رێبەری گەورەی فیدای دەستەبەرکردنی مافی نەتەوایەتی کورد کردوە و نیشانی داوە کە خوێنی سەرکردە لە خوێنی خەڵک سوورتر نییە، ئەوەش بۆتە بەشێک لە حەماسەی مێژوویی دێموکرات.
لە کۆتاییدا بۆجارێکی دیکە یادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، حیزبی کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستانی، ئێران لەهەموو لایەک پیرۆز بێت، جارێکی دیکە بەسەرنجدان بە رەسالەتی مێژوویی حیزبی دێموکرات زۆر گرنگە کە ئیمەی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنان دەقی پەیام و بەرنامە و فەلسەفەی حیزبی دێموکرات لەناو لاوان و ژنان و خوێندکاران و مامۆستایان و جوتیاران و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتدا پەرە پێبدەین و چین و توێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەژیر رۆشنایی بڕیار و راسپاردەکانی حیزبی دێموکرات لەهەموو شێوازێکی مەدەنیانە بۆ بەگژداچوونەوەی رێژیمی ئێران کەڵک وەربگرن و هەوڵ بدەن دەرفەتەکان بە قازانجی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵات بەکار بهێنن.
ئاواتەخوازم حیزبی دێموکراتی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا وێڕای حیزب و سازمانەکانی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێو کۆمەڵانی خەڵک، لەو شوێنەی کە لێی لەدایک بووە، بە بەشداریی خەباتکاران و تێکۆشەرانی کورد و لایەنەکانی چوارپارچەی کوردستان یادی دامەزرانی بکاتەوە .
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
25ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی