لە درێژەی یاریەکانی ئۆلەمپیکی ڕیۆی برازیل و لە ڕۆژی حەوتەم دا پاڵەوانی بێ وێنەی کورد “کیانوش ڕۆستەمی ” توانی ببێتە پاڵەوانی دنیا و وێڕای وەدەست هێنانی میدالیای زێڕین ژمارەی پێوانەیی نوێی لە دونیادا تۆمار کرد. دوایی ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆربەی وەرزشوانانی بەشداربووی ئێران لە یاریە جۆراوجۆرەکانی ئۆلەمپیک دا ڕووبەڕووی شکست
و دۆڕانی چاوەڕوان نەکراو ببونەوە ، ئەوجارەیان پاڵەوانی کورد “کیانوش ڕۆستەمی ” لە هەڵگرتنی قورسایی دا کۆتایی
بە شکستی تیپە نیشتمانیەکانی ئێران هێنا.کیانۆش کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە بۆ کێبەرکێ لەگەڵ ١٠ وەرزشوانی دیکەی جیهان لە وڵاتانی چین ، قەزاقستان، فەڕانسە، قەتەر،بەلارۆش(٢کەس)،کوبا،ئەرمەنستان،ئۆکراین و ڕۆمانیا چۆ سەر تەختە و لە جوڵەی یەکەمی خۆیدا وەزنەی ١٧٤ کیلۆ گەرەمی هەڵبژارد و سەرکەوتووانە بەسەریدا زاڵ بوو،دوای ئەوە و بۆجاری دووەم وەزنەی ١٧٩ کیلۆگەرەمی هەڵبژارد و ئەویشی سەرکەوتوانە بەرز کردەوە و بەو بەرزکردنەوەش لە جووڵەی یەک زەرب دا بوو بە پاڵەوانی جیهان.
دوای قارەمانی لە جووڵەی یەک زەربدا ئەوجارەیان نۆبە گەیشتە جووڵەی دوو زەرب بۆ کێبەرکێ لەگەڵ ڕەقیبان و ئەوجارەیان کیانۆش ژمارەی پێوانەیی دنیایی بە سەرکەوتوویی شکاند و بوو بە پاڵەوانی جوڵەی دووزەربی دونیا.کیانۆش وەزنەی ٢١٧ کیلۆ گەرەمی خستە سەر سەری و توانی ژمارەیی پێوانەیی گشتی و ئۆلەمپێک بە ٣٩٦ کیلۆگەرەم بشکێنێ. ژمارەی پێوانەیی پێشوو لەلایەن وەرزشوانی یۆنانی پیرۆس دێیماس لە ئۆلەمپیکی ساڵی ٢٠٠٠ی سیدنی دا تۆمار کرابوو.
کیانۆش ژمارەی پێوانەیی دنیای ١ کیلۆ گەرەم زیاتر کرد و توانی سێ میدالیای زێڕی یەک زەرب،دووزەرب و کۆی گشتی یەکو زەرب و دووزەرب بباتەوە.
شایانی باسە میدالیای کیانۆش یەکەم میدالیای هەموو کاروانە وەرزشیەکانی ئێرانە.