ئامادەبوانی خۆشەویست!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان!
کادر و پێشمەرگە خۆشەویستەکان و تێکۆشەرانی دێرینی ریزەکانی یەکیەتیی لاوان!
لێرە کۆبوینەتەوە تا رێز لە تێکٶشانی ئەو لاوانە بگرین کە ٧٣ ساڵ لەوەپێش لە ناوچەیەکی پڕ کێشەی جیهان پڕ لە شەڕ و ئاڵۆزی، لە رۆژهەڵاتی نێوەراست و لە شاری مەهاباد رێکخراوێکی تایبەت بە توێژی لاویان دامەزران.
تێکٶشانی سازمانی جەوانی کورد سێرف نەتەوەیی بوو و کاریان دەکرد بۆبردنە سەری ئاستی هوشیاری نەتەوەییو لە ئیدامەی خۆیدا ئاکامیان رزگاری نەتەوەیی بوو، فەزای داخراوی سیاسی ئێران لەو سەردەمەدا کە مەجالی دامەزرانی حیزبی سیاسی نەبووە، لاوان بە هەست کردن بەو بەرپرسایەتییە مێژووییەی لەسەریانە و بەتەبیعەتی شۆڕشگێڕی و رادیکاڵ بوونیان رێکخراوێکی سێنفی و سیاسی تایبەت بە توێژی لاوان یان دامەزراند و پاشان دوای سالێک دامەزرانی کۆمەڵەی ژێ کاف لە ژوورە نەهێنییەکاندا، سازمانی جەوانانی کورد تێکۆشانی خۆی تێکەڵ بە کۆمەڵەی ژێ کاف کرد و پاشان لە جەریانی دامەزرانی کۆماری کوردستان لاوان دەوری بەرچاویان گێرا و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی پێشەوای حیزبی دێموکرات، سەرۆک کۆماری کوردستان ئەو بیرۆکەیەی لا بە هیز بێت کە رێکخراوی لاوان پێویستە بە شێوازێکی مۆدێرنتر و دێموکراتیک بەڕێوە بچێت، هەر بۆیە لە ژیر ناوی ئیتحادیەی جەوانانی دێموکرات جارێکی تر رێکخراوی لاوان دەبووژێتەوە و پۆل پۆل لاوان لەدەوری ئەم رێکخراوە کۆ دەبنەوە و ئەمەش بوو بە سەرەتایەک کە رێبەری هەڵکەوتووی کورد دکتوور قاسملوو وەک بەرپرسی لاوان لە ناوچەی ورمێ و لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا دەست بە تێکۆشانی سیاسی خۆی دەکات.
ئەمە سەلمێنەری ئەم راستییەیە کە پێشوامان قازی محەمەد بیری لە داهاتووی حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد کۆماری کوردستان کردۆتەوە بۆ داهاتوو، هەر بۆیەش بە گرنگیدان بە لاوانی ئەو سەردەم دڵنیا بوو کە دوای ئەویش رێبازی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ دامەزرانی حکومەتی کوردی کوێر نابێتەوە و هەر واش بوو کە قاسملووی لاو و بەرپرسی لاوانی ئەو سەردەم لە پاش ماوەیەک دەبێتە رێبەری حیزبی دێموکرات و ئەم شێوازە لە پەروەردەی لاو نەریتێکە لەناو دێموکرات کە لە پێشەوامان بە میرات ماوە.
رێبەرانی ئێستای حیزبی دێموکرات، لاوانی دێنێی کۆمەڵگای کوردی بوون، رێبەرانی داهاتووی حیزبی دێموکرات و ئەوانەی لە داهاتوو قانوون دەنووسن و وڵات ئیدارە دەکەن لاوانی ئێستان. هەر بۆیەش حیزبی دێموکرات پەروەردەکردنی لاوی لەسەرووی دەستووری کار و بەرنامەی خۆی داناوە.
تێکۆشانی قۆناغیی نوێی خەباتی یەکیەتیی لاوان: چالاکی دیپلۆماسی و سیاسی ، راگەیاندن و پەروەردە و تەنانەت ئەوەی کە دووژمن بەسەری دا سەپاندووین بەرگری چەکدارانە.
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا یەکیەتیی لاوان وەک رێکخراوێکی خاوەن مێژوو و موعتەبەر، لە زۆر کۆڕ و کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی بەشدار بووە و لەهەموو ئەمانەشدا هەوڵمانداوە بە وردی باس لە کێشە و گیر و گرفتەکانی لاوانی کورد بە گشتی و لاوانی رۆژهەڵات بەتایبەتی بکەین. لاوانی رۆژهەڵات کە هەمیشە ئامادە و لە مەیداندان و لەهەموو دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ویست و داخوازییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرن، زۆر هێما و ئاماژەیان بۆ ئێمە نارد و ئێمەش وێڕای وەرگرتنی ئەو سیگناڵانە ، لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵەکاندا نوێنەرایەتی خواست و ویستەکانی ئەوانمان کردووە، دەمهەوێ ئاوڕ لە دوازدە سال لەوەپێش بدەمەوە، ئەو سەردەمەی کە رێکراوی تایبەت بە مافی مرۆڤی کوردستان لەلایەن بەڕێز کەبود وەند و هاوڕێیانی دامەزرا، دوازدە ساڵ لەمەوپێش بە هەڵگرتنی ئاخێوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و رێزگرتن لە کەرامەتی ئینسانەکان و ئازادی و هەموو چەمکە مۆدێرنەکانی ئاوێتە لەگەڵ دێموکراسی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ دامەزرا کە هێشتاش بە تاوانی داکۆکیکردن لە بنەما ئینسانییەکان، سەرۆکەکەی لە زیندان دایە.
پرسی گۆلی ورمێ و دارستانەکانی مەریوان بەشێکن لەو پرسانەی کە لە رۆژهەڵات بۆ چالاکوانانی لاو هەمیشە مەوزوعیەتی هەبووە و خەمیان لێ خواردوون، هەر بۆیە ئیمەی نوێنەرانی خەبات و تێکۆشانی لاوانی رۆژهەڵات لەهەمبەر ئەم پرسانە سەرسارد و بێ خەم نەبووین.
یەکیەتیی لاوان لە جەریانی تێکۆشانی دیپلۆماسی و سیاسی خۆیدا لەماوەی رابردوو کۆمەلێک هاوپەیمانی لەگەڵ کۆمەڵێک رێکخراوی گەورەی وڵاتانی دنیا پێک هێناوە کە هەموویان بە قەناعەتەوە ئاوڕ لە جوڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد له ئیران دەدەنەوە و دەیانهەوێ شانبەشانی ئێمە بۆ دهستهبهر کردنی ئهو ئامانجانهی که باوهرهکانی خۆشیانن هاوکارمان بن.
سەبارەت بە پەروەردە و راگەیاندن، یەکیەتیی لاوان بەردەوام هەوڵی داوە لە سەردووبنەمای نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازی لاوان پەروەردە بکات و لەم پێناوەشدا کۆمەڵێک کۆرس و دەورەی لە رابردوودا هەبووە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا بەردەوامتر دەبین.
بۆ ئەوەی خەباتی ئێمە و پەیامی تێکٶشانی ئێمەی یەکیەتیی لاوان بە گوێی جیهانیان بگات هەوڵمان داوە لە هەموو ئامرازەکانی راگەیاندن کەڵک وەربگرین و هەر لە کۆنەوە لاوان بە چاپ گۆڤار و بڵاوکردنەوەی بەرنامەی رادیۆیی و هەنووکە لە رێگای ماڵپەڕ و بەرنامەی تەلەفزیۆنی هەوڵمانداوە تێکۆشانی خۆمان بە میدیایی بکەین و راگەیاندن بکەینە پردێکی بەهێزی پیوەندی نیوانمان.
تەنانەت لەم سەردەمەدا کە دونیای مەجازی بۆتە مەیدانێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و پەیام و ئایدیاکان یەکیەتیی لاوان لەمەش غافڵ نەبووە و وێڕای ئەوەی پێمان وایە کە دنیای مەجازی مەیدانێکە بۆ تەبلیغات نەک چالاکی و سیاسەت، هەوڵمانداوە کە لە رێگای فەیسبوک و یوتیوب و تێلیگرام و ڤایبێر و واتس ئاپ پەیامی خۆمان و کار و تیکۆشانی خۆمان بڵاوبکەینەوە و روو بە دەرەوە لەم مەیدانەش غائیب نەبووین.
یەکیەتیی لاوان و حیزبی دێموکرات و پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەم حیزبە
لەم سەردەمەدا حیزبی سیاسی مۆدێرن بە کۆمەلێک درووشمی مۆدێرن و کرداری نوێ پێناسە دەکرێت و ئاوڕدانەوە لە لاوان و ژنان لەناو ئەم حیزبانەدا لە ئەولەویەتدایە. هەر حیزبێکی سیاسی مافی خۆیەتی رێکخراوی تایبەت بە توێژێکی تایبەتی هەبێ بۆ وەل لەناو ئەو توێژە لایەنگر و دۆست بۆ سیاسەتەکانی حیزبەکەی کۆبکاتەوە، بە خۆشییەوە لەدوای ئەوەیکە تێکۆشانی سازمانی جەوانانی کورد تێکەڵ بە ژێکاف بوو و پاشان لە کۆماری کوردستان نوێبونەوەیەکی تایبەتی بە خۆیەوە دیت هەر لەو رۆژەوە بە بەشداری لە سیاسەتگوزاری و دیفاع لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات، یەکیەتیی لاوان هێزێکی مرۆیی گەورەیان بە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵات بەخشی. هەر بۆیە ئێستاش بە مافی خۆمانی دەزانین کە داکۆکیکاری حیزبەکەمان بین .
حیزبی دێموکرات ئەگەرچی لە دۆخێکی سیاسی تایبەتدا و لەسەر ئەساسی زەرورەتیکی مێژوویی دامەزرا بەڵام نابی لەبیری بکەین کە ئەم حیزبە لەناو چەرگەی شار و لەهەناوی کۆمەڵانی خەڵک لەدایک بوو، هەربۆیە حیزبێکە باوەڕی بە ئاشتی و ئاسایش هەیە و هەرگیز هێزێکی سیاسی شەڕخواز نەبووە، لەهەمانکاتدا دەرگای بەرگری لە نەتەوەکەشی دانەخستووە و هەمیشە بە بوونی هەر هێرش و مەترسییەک بۆسەر نەتەوەکەی خەباتی چەکداری وەک مافێکی رەوا بۆ بەرگریکردن لە نەتەوەی کورد هێشتۆتەوە.
لەساڵانی ئەخیردا حزووری ئەکتیڤ وبەردەوامی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەت هاوینی ٩٤، بە بەشداری لاوان لە رۆژهەڵات لەگەڵ پێشوازی گەرمی خەڵک بەرەو روو بۆوە. ئامێزی گەرم و ئاوەڵەی خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە بەرووی یپێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و، پێشوازییان لە پێشمەرگە بەدرووشمی “قاسملوو قاسملوو رێگات درێژەی هەیە” جارێکی دیکە حاکمیەت ودەسەڵاتی داگیرکەریان لە رۆژهەڵات هێنایە ژێرپرسیار و جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان ئەو پەیامەیان دایەوە بە کۆماری ئیسلامی کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانی لە رۆژهەڵات پرسی کورد بەلاڕێداببات وپرسی کورد چەواشە بکات.
پێشمەرگەی دێموکرات لە جەریانی تێکۆشانی چەند ساڵی ئەخیریدا گوندی کۆنتڕۆڵ کردوە، جادەی گرتووە، گەڕەکی شاری کۆنتڕۆڵ کردوە و سەلماندوویەتی کە توانای کۆنتڕۆڵی ناوچەی هەیە، بەڵام راگرتنی ئەم ناوچانە بۆ هەتاهەتایە بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەری وەک هەلومەرجی ناوچە، ویستی جەماوەر و یەکگرتوویی هێزە کوردییەکان.
ئەو نەتەوانەی کە رزگار بوون و دەوڵەتی خۆیان هەیەو سنووریان هەیەو ئەرتەشیان هەیەو ناسنامەیان هەیەو وەک دەوڵەت جێ کەوتوون، کێشەی ئەحزاب رقابەتی ئەحزاب تەنیا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە چۆن ئیدارەی وڵات بکەنو چۆن لە پاڕلەمان دا کورسییان زۆربێو پرۆژەکانی خۆیان ببهنە پێشێ. بەڵام چارەنووسی کورد ئێستاش رەبتی بە چارەنووسی حیزبەکانەوە هەیە لە کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکە ئەگەر حیزبەکان وەحدەتیان نەبێ و یەکگرتوویییان نەبێ و لە پرۆژەکانی سیاسیو میللی خۆیان لە یەک نزیک نەبنەوە، کوردستان مەترسی لەسەرە. هەربۆیەش حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی باوەڕمەند بە بنەماکانی پلۆڕالیزم پێی وایە تاکوو هێزە سیاسییەکان یەکگرتوو نەبن، ئەوە مەحاڵە هیچ هێزێک بتوانێ پڕۆژەکانی خۆی بە تەنیا بباتە پێشێ.
هەنووکە رۆژهەڵاتی نێوەراست لەدۆخێکدایە کەکۆماری ئیسلامی بە پێشێل کردنی مافی نەتەوەکان و هەروەها بە دروست کردنی بەرەی ئایینی لە ناوچەکەدا دەیهەوێ یەکیەتیی نەتەوەییمان لەناو ببات و بەسەر بەرەی ئایینیدا دابەشمان بکات، هەر بۆیەش ئێمەی کورد جیاواز لەوەی سەر بە چ ئاینێکین، بەڵام زۆر بە هووشیارییەوە لەگەڵ ئم پرسە مامەڵەمان کردوە و پێویستە هەموومان بە یارسان و سوونە و شیعە زەردەشتی و مەسیحی و یەهودی و … کورد بوون بکەینە بنەمای یەکیەتییمان و بەرەنگاری ئەم پلانە ببینەوە.
لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان!
ئێوە کە شێوازێکی نوێی بەربەرەکانی و خەباتتان لەناوجەرگەی دوژمن داهێناوە و هەرگیز لە هیچ دۆخێکدا بە بوونی هەر گووشارێک سەرشۆڕیتان قەبووڵ نەکردووە، دەبێ شانازی بە خۆتانەوە بکەن، ئێوە کەلەبەرامبەر وەزعی مەجود بیتەفاوت نەبوون و دۆخی بێتەفاوەتیتان هەڵنەبژاردوە، نیشان لە سەربەرزیتان بووە و ئێستاش هەرسەربەرزن. ئێوە بە ژینگەپارێزیتان سەلماندووتانە نیشتماپەروەرن، ئێوە بە زمان و کلتووری کوردی پارستنتان سەربەرزی و میدلیای ئیفتخارتان بۆخۆتان مسۆگەر کردوە، ئێوە لە زانکۆکاندا نوێنەرایەتی لاوانی کورد دەکەن و هەوڵ دەدەن نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە پرسەکانی کورد و مافخوازی نەتەوەکەتان تێبگەیەنن و لە ئیدامەی خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەی لێ چاوەڕوان دەکرێ.
ئێوە لاوانی رۆژهەڵات لەھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئێراندا سەڵماندتان كە قسەو داوا و رووگەتان لەگەڵ تاران جیاوازییەكی زۆری ھەیە، پێناسەیەكی كوردیتان بە خواستە مەدەنی و سیاسییەكانتان لەكاتی بانگەشەكان دا، ئێوە لەھەڵبژاردنەكاندا دەنگتان دابێت یان نا، نە ئیسڵاحتەلەب بوون، نە ئوسولگەرا، ئێوە كورد بوون، بەھەموو ویست و تایبەتمەندییەكانەوە. بەردەوامیتان لە گوشارھێنان بۆ دیكتاتۆر خەوی لێ زراندبووو بەردەوام ترسی نفووز لەھەڵبژاردنەكاندا تووشی ھیستریای كردبوون.
لە رۆژی دامەزرانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگەی خۆیەتی پڕ بە دڵ سڵاو بنێرم بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو کیژ و کوڕە جوانانە، ئەو لاوە ژیرانە، کە لێو بە بزە و بە جلوبەرگی کوردی و بە حەماسەتی پێشمەرگانەوە بەرەوپیلی نەورۆز چوون و لە نەورۆزیشدا پەیامێکی دیکەیان دا بە کۆماری ئیسلامیدا، ئەویش ئەوەیە کە “داگیرکەری دڵ پڕ لە قین ئێمەت پێ ناوتوێتەوە، ناوتوێتەوە و ناتوێینەوە”، ئێوە لەنەورۆزیش دووپاتتان كردەوە، كە نەتەوەییترین و ھوشیارترین كوردی سەر گۆی زەوین، ھێما و دروشمە نەتەوەییەكانتان نەورۆزی كردەوە نەورۆزی خۆراگری و سەرهەڵدان. ھەربۆیە یەكێتی لاوانی دیموكراتی رۆژھەڵاتی كوردستان و سەرجەم لایەن و رێكخراوەكانی دیكەی رۆژھەڵات پشتئەستوورن بە توانایی و خۆراگری ئێوە.
جارێکی دیکە بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی رێکخراوەکەی خۆیان، پڕ بە دڵ سڵاو دەنێرم بۆ لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پیرۆزبایی دەڵێم بەو ئەندامانەی یەکیەتیی لاوان کە ئێستاکە لەسەر سنوورەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان خەریکی بەجێ گەیاندنی ئەرکی نەتەوەیی و حیزبین.
ئارەزوو دەکەم رۆژێک لە رۆژان لە ئیلام و سنە و کرماشان و مەهاباد و ورمێی ئازاد دا یادی دامەزرانی یەکیەتیی لاوان بکەینەوە
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان
هەیئەتی ئیجرایی
٢١/٠١/١٣٩٥ / ٠٩/٠٤/٢٠١٦