لاوانی سەربەرزی رۆژهەڵاتی کوردستان !
ئەمساڵ لەکاتێکدا رۆژی جیهانی لاوان بەرز رادەگرین، کە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچە بەگشتی، بە دۆخێکی هەستیارو زۆر تایبەتدا تێدەپەرێت. قەیراناوی بوونی ناوچە و جیهان، رۆڵ و کاریگەرییەکانی لاوان زۆر بەرجەستە و بەرچاو دەکات، هەر بۆیە بەخوێندنەوەیەکی ئاکەزایی دەردەکەوێت کە ئەوە تەنیا لاوانن کەدەتوانن وێنای جیهانێکی دادپەروەرانە و دوور لە تووندوتیژی بۆ دوای قەیرانەکان بکەن.
بەڕێزان !
کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی داگیرکەری ئاخوندی دوای ماراسۆنێکی دوورودرێژ لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک رێککەوت، رێکەوتنێک کە ئامادەبوون بەهەموو نرخێک بیکەن بۆ ئەوەی یەکەم: رای گشتی جیهان بەو پرسەوە سەرقاڵ بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە بە خواردنی ژەهری ئەتۆمی، بە نیەتی خۆیان پرسەکانی دیکەی ناوخۆ لەبیر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ببەنەوە. بەهەرحال رێکەوتنی ڤییەن ئێرانی بردە قۆناغێکی گرنگی دیکەوە، چونکە دەوڵەتی تەدبیری روحانی هاوکات لەگەڵ بردنە پێشی گفتوگۆکان، لاوانی رۆژهەڵاتی لەسێدارەدا و ژینگەی سیاسی و مەدەنی کوردستانی زۆرتر داخست، ئێستاش دەبێ چاوەڕوانی داخرانی زۆرتر بکەین. دڵنیام لاوانی رۆژههڵات ئهو ئەزموون و قۆناغەش بەسەرکەوتوویی تێپهڕ دهکهن.
لاوانی تێکۆشەری رۆژهەڵات !
هەردوو دەسەڵاتی پەهلەوی و ئیسلامی له ئێران، لە کوشتوبڕ و دەستبەسەرکردنی لاوانی رۆژهەڵات سڵیان نەکردۆتەوە، هەردوو دەسەڵاتە داگیرکەرەکە گرەویان لەسەر لەخشتەبردنی روحیەتی نەتەوەیی و شۆرشگێڕانەی لاوانی کوردستان کردووە. لەسەردەمی پەهلەوی بە برسی راگرتن و بێسەواد هێشتنەوە و کۆتوبەندکردنی لاوان و لەسەردەمی ئاخوندەکانیش و زیاتر لەوانەش بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر وەکوو ئەنفالێکی سپی و لەسێدارەدانی لاوانی چالاکی رۆژهەڵات، ویستیان لاوان چاوترسێن بکەن. بەڵام لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داگیرکردنی زانکۆکان و قۆڵ هەڵمالین لەخوێندن و دەستکردن بەچالاکی مەدەنی و ژینگەیی وەڵامی داگیرکەرانیان دایەوە.
خۆشەویستان و ئامادەبووانی بەڕێز !
یەکێتی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، پلان و بەرنامەی گونجاوی بۆ بەرپەچدانەوەی پیلانەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر لاوان هەبووەو هەیە. لاوان لە یەکێتی لاواندا لەسەر دوو بنەمای نیشتمانپەروەری و ئەخلاقی ئینسانی و نەتەوەیی پەروەردە دەکرێن، هەر ئەو دوو بنەمایەش وادەکات کە لاوانی رۆژهەڵات بەهەموو وجودیانەوە رێز لەخاکی کوردستان و خەڵکی سەر ئەو خاکە پیرۆزە بگرن. ئەخلاقی ئینسانی و نەتەوەیی کە بنەمای سەرەکی پەروەردەی یەکیەتی لاوانە، وادەکات خەبات بکهین لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و بێزاربین لەهەموو دابڕانێکی سیاسیی ناوخۆیی و، رێگە بگرین لە دابەشبوونی کۆمەڵگای کوردی لەسەر بنەمای حەز و ئایدیۆلۆژیای جیاواز و لاوی کورد وهکوو ئینسانێک دەبێ ئەو دوو چەمکە لەژیانی رۆژانەیدا جێبەجێ بکات.
بەڕێزان !
حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبی پێشەوامان قازی محەمەد، هەرگیزهێزێکی سیاسی شەرانگێز نەبووە، هەرگزیش خۆسەپاندن و زوڵم و زۆرداری داگیرکەری بەسەر گەلەکەیەوە قبووڵ نەکردووە، هەربۆیەش بەردەوام حیزبی دێموکرات دەرگای بەرگری لەنیشتمانی لەخۆی دانەخستووە. یەکێتی لاوانی دیموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستانیش وەکوو رێبواری رێبازی ئەو حیزبە لەهەموو قۆناغ و پلانە رەواکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداربووە و بەشانازییەوە بەشدار دەبێت. لاوانی رۆژهەڵات وەکوو بەشێک لەپارێزەرانی رۆژهەڵات لەناوخۆی وڵات و ئەندامانی رێکخراوەکەمان لە سنوورەکانی رۆژهەڵات بۆ بەرگری لەنیشتمان و خەڵکەکەی ئامادەییان هەیە و بەفەرمانی حیزبی دێموکرات ئامادەیی هەموو گیانفیداییەکش دەمێننەوە.
لاوانی چوارپارچەی کوردستان !
هاوڕێیان! دۆخی ناوچەکە بەشێویەکە کەدەرفەت و قەیرانی گەورەی بۆ کورد تێدایە، ئەگەر هەموومان هوشیاربین پشکی شێری گۆرانکارییەکان بۆ کوردە، بەڵام هەڵەیەکی بچووک ئەوەی هەشمانە لێمان دەستێنێت. هەر بۆیە ئێمەی لاوانی چوارپارچەی کوردستان لەدەرەوەی سیاسەتی باوی حیزبەکان و ئەو بلۆکبهندیانهی دوژمنان دایانناون، دەبێ کار بۆ یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستی کوردەکان بکەین، دەبێ گوشار بهێنین بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی لە ژینگە و مەودایەکی هاوبەش و وەکوو یەک پێکبێت، دەبێ وابکەین لاوان لەئیسلامی سیاسیی و تووندڕەوی ئایینی و مەزهەبی دوور بکەونەوە، دەبێ هەموو لاوانی کورد بنەمایەکی قایمی سیاسیی وکۆمەڵایەتی و کلتووریی هاوبەش دابڕێژین بۆ ئەوەی لەدەرەوەی سیاسەتی رووتی ئاراستەکراو، لەسەر هاوبەشییەکانمان کار بکەین. دڵنیابن ئاوا نەبێت کوردستان تا ئەبەد ناگاتە مەقسەد.
لەکۆتاییدا هەموو لاوانی رۆژهەڵات دڵنیا دەکەینەوە کە لەگەیاندنی پرسی کورد و لاوان بە نێوەندە نێونهتهوهییهکان بەردەوام دەبین و لەخەباتی رەوای سیاسی و مەدەنی دژی داگیرکەران بەردەوام دەبین و بە ورەیەکی زۆرتر و بە ئیرادەیەکی قایمتر لەپێناو هوشیاری لاوان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان کار دەکەین و تا دوا ئاواتی پێشەوامان لە راپەراندنی ئەرکەکانمان کۆڵ نادەین.
پێشهوا عهلی پوور
سکرتێری گشتیی یهکیهتیی لاوانی دێموکراتی رۆژههڵاتی کوردستان
12/08/2015