پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی یەکەمین ڕێکخراوی لاوانی کورد
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی لاوان!
٢٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٨١ ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکەمین ڕێکخراوی لاوانی کورددا تێپەڕ دەبێت. ئەو سەردەم پۆلێک لە لاوانی کورد بە بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و لەژێر سێبەری کۆمەڵەی ژیانەوەی کورددا بڕیاریان دا لەپێناو ڕێکخستن و پەروەردەی نەتەوەیی لاوان، خەباتی خۆیان لەژێر ناوی “سازمانی جەوانانی کورد” دەست پێ بکەن و نەریتی کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراوەیی بەهێز بکەن. هەر لەو سۆنگەیەوە پیرۆزبایی دامەزرانی ئەم ڕۆژە مێژووییە بە هەموو لاوانی کورد دەڵێین و هیوادارین یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێلگیرتر لە جاران بۆ خزمەت بە لاوانی کورد تێبکۆشێ.
لاوانی شۆڕشگێڕی کورد!
دامەزرانی حیزبی دێموکراتی كوردستان لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێ- کاف و هەروەها دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەلێکی باش بوو بۆ تێکەڵبوونی لاوان بە کاری سیاسی و نەتەوەیی کە بتوانن زیاتر لە خزمەت ئامانجە نەتەوەییەکانی کورددا بن.
بنیاتنانەوە ڕێکخراوی لاوان لە سەردەمی کۆماری کوردستان لەژێر ناوی “یەکیەتیی لاوان” (ئیتحادیەی جەوانان) و فراوانکردنی بازنەی تێکۆشانی ئەو ڕێکخراوەیە لە بەشێکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها متمانەکردن بە توێژی لاو لە بەڕێوەبردنی ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات و دامەزراوەکانی کۆماری کوردستاندا، لەلایەک دەرفەتێکی نوێی کاری ڕێکخراوەیی و هەستی بەرپرسیاریەتیی لەناو توێژی لاواندا پێک هێنا و، لەلایەکیش سەلمێنەری دووربینیی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و شەخسی پێشەوا قازی بوو بۆ پەروەردەکردنی لاوان و نەوەی نوێ بە مەبەستی بەڕێوەبەردنی وڵات.
حاشاهەڵنەگرە کە یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لەو سەردەمەوە تا ئێستا سەرچاوەیەکی گرینگ بووە بۆ دابینکردنی هێزی مرۆیی و کادری سیاسی و شۆڕشگێڕ بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و حیزبی دێموکرات. شەهید دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشێکی زۆر لە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە، خەباتی خۆیان لە ڕیزەکانی یەکیەتیی لاوانەوە دەست پێ کردوە و هەر لەوێوە پێگەیشتوون، هەر بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بە گرنگییەوە دەڕواننە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی ئەو ڕێکخراوەیە لە پێناو ماف و ئازادییەکانی لاوانی کوردستان.
لاوانی تێكۆشەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان!
بەشداریی دیار و بەرفراوانی ئێوه لە بزووتنەوەی ژن-ژیان-ئازادی و هەڵمەتی بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان و هەروەها گڕو تینتان لە بزووتنەوەی نەورۆزی ئەمساڵ، گەلێک دەسکەوتی نوێی خستە سەر خەرمانی تێکۆشانی لاوانی کورد کە سەرەڕای هەموو گووشارە ئەمنیەتییەکان هەر لە تێرۆر و کوشتن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام لەلایەن سپا و ئیتلاعاتەوە، ئازایانە شەقامی شارەکانتان بە پێشەنگایەتیی کچان و ژنانی خەباتکار کردە مەیدانی مافویستی نەتەوەیی و هەروەها، لە ڕەوتی هەڵمەتی بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بە بەشدارینەکردنتان “نا”تان بە ڕێژیمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی گوتەوە. تێکۆشانی ئێوەی لاوان بە پشتیوانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری و بەرزکردنەوەی هێما و سیمبوولە نەتەوەییەکان، جارێکی دیکە لە شار و گوندەکانی کوردستانەوە پەیامی هوشیاری نەتەوەیی و شوناسخوازی ی ئێوەی گەیاند. هوشیاری بەرزی نەتەوەیی ئێوە لە دەی خاکەلێوەدا گەیشتە لووتکە و سەلماندتان كە خەبات و قوربانیدانی پێشەوا قازی و لاوانی کورد بەفیڕۆ نەچووە و ڕاگرتنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژوویی و خەباتی شوناسخوازانەیە کە ٨١ ساڵ لەمەوبەر لاوانی کورد چەخماخەکەیان لێدا و ئێستا ئێوە بە گڕ و تینەوە درێژەی دەدەن.
ئاشکرایە کە سیاسەتی سەرکوت و زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی بەچۆکداهێنان و بێهیواکردن لە ڕێگای جێخستنی دیاردە کۆمەڵایەتییە زیانبارەکان و ڕەشبگیری و ئێعدامی بەکۆمەڵ و کوشتاری بەکۆمەڵ لەسەر شەقامەکان، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم ڕێژیمەوە تا ئێستا سیاسەتێکی نەگۆڕ بووە لەهەمبەر ئێوەی لاوان. بەخۆشیەوە دەبینین کە کۆماری ئیسلامی لەم سیاسەتەیدا نەکهەر سەرکەوتوو نەبووە و ئامانجی خۆی نەپێکاوە، بەڵکوو خەبات و تێکۆشانی ئێوەی لاوان بەوپەڕی هوشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد چڕتر بۆتەوە و، بە تێکۆشانی هەمەلایەنە و شوناسخوازانەی خۆتان بەرەنگاری هەرچەشنە پاوانخوازی و خۆسەپێنییەک بوونەتەوە کە دەیانهەوێ مان و مەوجودییەتی نەتەوەکەمان بخەنە مەترسییەوە.
لاوانی کوردستان!
ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران وێڕای بەرزنرخاندنی تێكۆشانی توێژی لاوان لە ڕۆژهەڵات و خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات، پشتیوانی خۆی لە یەكیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وەک یەكەم ڕێكخراوی لاوانی كورد دووپات دەکاتەوە و پیرۆزبایی ٢٢ی خاکەلێوە لەسەرجەم بەڕێوەبەریی و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە دەکات کە لە قۆناغە سەختەکانی خەباتدا پشتیوان و هاوکاری حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بوون و لە قۆناغی جۆراوجۆردا دەنگی لاوانی کورد بوون لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوە جیهانییەکان. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لاوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دڵنیا دەكاتەوه کە خەبات و تێکۆ شانیان بە فیڕۆ ناچێت و ئاواتی لەمێژینەی لاوانی کورد کە ئازادی و سەربەستیی کوردستانە وەدی دێت.
حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران
ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی
٢١ی خاكەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی