دوێنێ ئێوارێ ڕادیۆی کوردستان موژدەیەکی خۆشی بڵاوکردەوە و گوتی بەم زووانە یەکیەتی لاوانی دێموکرات لە سەرتاسەری کوردستانی ئازاد تەشکیل دەدرێ، بەبیستنی ئەو خەبەرە گەورە خۆشە زۆر دڵخۆش بووم و گەز گەز باڵام کرد.
ئێستا دەمەوێ بە هۆی ئەو نووسراوە هێندێک دەگەڵ لاوانی تازە گەیشتوو و کوڕگەلی لەخۆبردووی کورد بدوێم، پێیان ڕابگەیەنم کە میللەتی کورد چی لە ئەوان دەوێ و چاوەنۆڕی چییە؟
ئەگەر لە خۆمان نەگۆڕین دەزانین کە میللەتی ئێمە یەکجار زۆر لە تەمەدون و شارستانی دوورن و هێشتا هەنگاوێکی بەرو تەرەقی و پێشکەوتن هەڵنەهێناوەتەوە،وە، هەوڵ و تەقالا و ماندوو بوون و فیداکاریەکی زۆری دەوێ تا بگاتە ڕیزی گەلە پێشکەوتووەکانی جیهان، ئەو ئەرکە گرانەش لەسەرشانی لاوانی بیر ڕوون و خوێندەوارە، کەوابوو دەبێ هەموو لاوێکی خوێنگەرمی نیشتمان پەوروەر، هەموو لاوێکی پاک و میللەت پەرەست و هەموو لاوێکی بیر ڕوون و خوێندەوار بێ وەی چاوەڕوانی هیچ چەشنە پاداشتێک بێ.
بێوەی دەربەندی ماڵ و مەقام بێ، بێ وەی خەریکی دراو کۆکردنەوە و بەرتیل وەرگرتن بێ، واجیباتی میللی و ئیجتماعی خۆی پێکبێنێ و لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە موقەدەسە کە کەوتووەتە سەرشانی دەرێغی نەکا.
ئەی لاوانی بیر ڕوون، ئەی جەوانانی خوێندەوار و تێگەیشتووی کورد، ئێوەن مایەی هیوای دوا ڕۆژی ئەو گەلە، ئێوەن چرا هەڵگر و مەشعەلداری ڕێگای تەرەقی و پێشکەوتن، ئێوە بوون لە عەسری نەبەزی وئازادی خۆتاندا توانیتان چەڵەمەی دیلی و زنجیری نۆکەری لە ئەستۆی هاوخوێنە هەژارەکانتان داڕنن.
ئێوە بوون ماوەیەکی دوور و درێژ دەگەڵ ئێڕتجاع و ئێستعمار، دە گەڵ زۆردار و ئێستبداد مبارەزەتان کرد و بە نیروی یەکیەتی و برایەتی بەسەر هەموو ناڕێکی وموانیعێکدا زاڵبوون و لە سایەی کووشش و هەوڵدانی ئێوەدایە کوردستانە ئازادە، ئەوکوردستانە پڕسەعادەتە ئەو کورستانە خۆشە کە ئێستا هەموو دنیا ئیرەیی پێدەبا هاتووەتە بەرهەم.
بەڵام میللەتی کورد بەوەندە وەنەدانە لە ئێوە قایل نابێ وهێشتا کاری زۆر گەورەی پێتان ماوە، ئێوە دەبێ ئەو کەم وکوڕیەی کە لە کوردستاندا ماوە نەهێڵن، ئێوە دەبێ دەردەکانی ئیجتماع چارە بکەن .
ئێوە دەبێ لە گەڵ خۆڕافات و کۆنەپەرەستی موبارزە بکەن، بۆ بە سەوادکردنی میللەتی کورد هەوڵبدەن. ئەی جەوانانی کورد، سستی خەیانەتە میللەتی کورد چاوە نووڕی فیداکاری ئێوەیە.
م.هێمن
ئەم بابەتە لە ژمارە ٦٧ی ڕۆژنامەی کوردستان دەرچووی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٢٥ لە سەردەمی کۆماری کوردستان، بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەشکیلی ڕێکخستنەکانی یەکیەتیی لاوان لە سەرتاسەری کوردستاندا، چاپ و بڵاو بۆتەوە