مانگرتنی بەندییە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ پێی نایە سێیەم حەوتووی خۆیەوە. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ ٢٩ بەندیی سیاسیی کورد لە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەرەوە مانیان لە خواردن گرتوە. مانگرتنی ئەو کۆمەڵە لە بەندییە لە کاتێک دا درێژەی هەیە کە بەرپرسانی بەندیخانە بەندییە مانگرتوەکانیان خستۆتە ژێر فشارو هەڕەشەی جۆراوجۆری وەک دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی شارە دوورەکان، پێکهێنانی پەروەندەی نوێ بە تاوانی ئاژاوەنانەوەو سەرکوتکردنی مانگرتووان.
ئەم مانگرتنە لە پێناوی مافە سەرەتاییەکانی وەک جیاکردنەوەی بەندی بەندییە سیاسییەکان لە تاوانبارانی کۆمەڵایەتی کە لە نێویاندا کەسانی مەترسیدارو قاچاخچیەکانی ماددە هۆشبەرەکان بەدی دەکرێن، کۆتاییهێنان بە هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لەگەڵ بەندییە سیاسییەکانو بەگشتی دۆخی خراپی بەندیخانە وەڕ خراوە.
لە سێبەری رێژیمە سەرەڕۆو پاوانخوازەکاندا بوونی بەندیی سیاسیو بیروباوەڕ شتێکی ئاساییە. ئاسایی لەو بارەیەوە کە لە روانگەی دەسەڵاتدارانو یاساکانیانەوە تێکۆشان لە پێناوی ئازادیداو دژایەتیی سەرەڕۆیی دەسەڵاتدار تاوانێکی نەبەخشراوەو لە سەرووی قورسترین تاوانە باوەکانیشەوە پلەبەندی دەکرێ. دیاردەی بەندیی سیاسیو تاوانە دژە مرۆڤانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە بەندییە سیاسییەکان هەر لەگەڵ دامەزرانی ئەم رێژیمە سەری هەڵداوە. بۆیە دەتوانین بڵێین بەندییە سیاسییەکان هێماو رووناکیی بڵێسەی ئەو خەباتە ئازادیخوازانەیەن کە بە درێژایی تەمەنی ئەم رێژیمە لە ئێرانو بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا بوەو هەیە.
بەندییە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ بەم مانگرتنەیان کە لەگەڵ پشتیوانیی هاوچارەنووسەکانیان لە بەندیخانەکانی دیکەی ئێرانیش بەرەوڕوو بوە، پەیامێکی روونو گرنگیان گەیاندە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەلایەکو کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کورستان لەلایەکی دیکەوە. ئەوان بەم هەنگاوە خەباتکارانەیەیان جارێکی دیکە ئەم راستییەیان بە دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە سەلماندەوە، کە سیاسەتی سەرکوتو سێدارە پاش ٣٥ ساڵ نەک سەرکەوتوو نەبوە، بەڵکوو ئیرادەی خەباتکارانەی رۆڵە ئازادیخوازەکانی نەتەوەی کوردی پتەوتر کردوە. بە چەشنێک کە ئێستاش پاش ٣٥ ساڵ سەرکوتو سێدارە رۆڵەکانی ئەم نەتەوە مافخوازە لە گیانبازیو بەندیخانەو سێدارە ناپرینگێنەوە. پەیامی بەندییە مانگرتوەکان روو لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە کە کاتی ئەوەیە بە شێوازی جۆراوجۆر خۆیان لەوان، کە لە راستیدا مەشغەڵدارانی مافو ئازادییەکانی ئەوانن، بە خاوەن بکەنو بە هەر شێوەیەک لە دەستیان دێ پشتیوانییان لێبکەن. ئەوان بەم مانگرتنەی خۆیان ئەم راستییە وەبیر هەموو لایەکمان دێننەوە کە ئەگەر ئەوان لە بەندیخانەکانی سەرەڕۆیانو پاوانخوازانی دەسەڵاتداردا دەتوانن مایە لە خۆیان دانێنو شەوەزەنگی بێدادی بشکێنن، بۆیە سروشتییە کە چاوەڕوانییان لە کۆمەگەی کوردستان ئەوە بێ بە پشتیوانی لەوان دڕ بەو شەوەزەنگی سەرکوتو دمکوتکردنە بدەن کە کۆماری ئیسلامی پێی وایە توانیویەتی بە سەر کوردستاندا بیسەپێنێ.
هەر چەند بەداخەوە تێچووی تێکۆشانی سیاسی لە ژێر دەسەڵاتی رەشی کۆماری ئیسلامیدا هەمیشە قورس بوەو داکۆکی لە زیندانیانی سیاسییش دەچیتە خانەی دژایەتیی ئەم ریژیمەوە، بەلام ئەوە بەم مانایە نیە کە کۆمەڵگەی کوردستانو رۆڵەکانی نەتەوەی کورد هیچ رێگایەکیان بۆ پشتیوانی لەو رۆڵە خەباتکارانە لە بەردەمدا نەمابێتەوە. بۆیە زۆر پێویستە حیزبو رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانو چالاکانی سیاسیو مەدەنی وەک دینامیزمەکانی رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک زۆر جیدیتر لەوە کە تا ئێستا بینراوە وڵامی ئەم پەیامەی بەندییە سیاسییە مانگرتوەکانی بەندیخانەی ورمێ بدەنەوە. چونکە ئەزموونەکانی پێشوو دەریانخستوە مانگرتنی بەندییە سیاسییەکان لە نێو بەندیخانەکاندا کاتیک دەتوانێ دەسکەوتی زیاتری هەبێو لانیکەم دەسەڵاتدارانی ئەم رێژیمە ناچار بکا داخوازەکانی بەندییە سیاسییەکان قبوڵ بکەن کە کەوتبێتنە ژێر فشارەوە.
پشتیوانی لە بەندییە سیاسییە مانگرتوەکان بە تایبەت لەم هەلومەرجەدا کە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە پشتیوانی لە هاونەتەوەکانمان لە باشوورو رۆژئاوا لە خۆی نیشان داوە، دەتوانێ نیشانەی ئەم راستییە بێ کە ئەم کۆمەڵگە لەسەر وەدەستهێنانی مافو ئازادییە زەوتکراوەکانی خۆیشی هەر وا پێداگرە.
وەڕێ خستنی کەمپەینو چالاکیی مەدەنیی گونجاو لە شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی بەندییە سیاسییەکان، بە میدیایی کردنی هەرچی زیاتری پرسی بەندییە سیاسییەکان، وەڕێخستنی خۆپێشاندان لە بەردەم باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیاو گەیاندنی دەنگی بەندییە سیاسییەکان بە کۆڕو کۆمەڵەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤو وڵاتانی رۆژئاواییو میدیا جیهانییەکان بەشێک لەم چالاکییانەن کە دەکرێ بە کەلک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێک بخرێن.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین مانگرتنی بەندییە سیاسییەکانی بەندیخانەی ورمێ ئەگەر لەلایەک نیشانەیەکی بەرچاوی خۆڕاگریی بەندییە سیاسییەکانە لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا، تاقیکارییەکی دیکەشە بۆ حیزبو رێکخراوە سیاسییەکانو چالاکانی سیاسیو مەدەنیی نێوخۆی وڵات. ئەوان کاتێک دەتوانن تاقیکارییە بە سەرکەوتوویی تێپەڕ بکەن کە جیدیتر لە هەر کات ئاوڕ لە رۆژهەڵاتو خەم ئازارەکانی، کە بەندییە سیاسییەکان بەشێکی گرنگی ئەوانن، بدەنەوە. چونکە پشتیوانی لە بەندییە سیاسییەکان لە راستیدا بە واتای وەدەنگ هاتنە لە سەر مافی رەوای ئازادیی بیروڕاو تێکۆشانی سیاسی. رێکخستنی پشتیوانی مەدەنیو جەماوەریو شێوازەکانی دیکەی پشتیوانیی هەمەلایەنە تەنیا رێگای سەرکەوتنە لەم ئەزموونەدا.