کاربەدەستانی وڵاتی نیوزلەند مافی یەک ساڵ مانەوەیان بە بێهرووز بووچانی داوە و پێیان ڕاگەیاندوە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەتوانێ بە شێوەی یاسایی لەو وڵاتە بمێنێتەوە.
پێدانی مۆڵەتی مانەوە بە بووچانی لە وڵاتی نیوزلەند، ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕۆژی لەدایک بوونیدا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە، کە ٣٧ ساڵ لەمەو پێش لەو ڕۆژەدا لەدایک بووە و حەوت ساڵ لە یەکەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانییەوە لە ئوسترالیا تێدەپەڕێ.
بووچانی خەڵکی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، چەند ساڵ بوو لە دوورگەیەک لە ئوسترالیا لە نێو کەمپدا ژیانی بەسەر دەبرد، دواتر ئەو دوورگەی کە ناوی مانۆس بوو، جێهێشت و ڕووی کردە وڵاتی نیوزلەند.
بێهروز بووچانی سەرەتا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ئەدەبیی “کرایستچرچ” لە لایەن دەوڵەتی نیوزیلەندەوە بۆ ماوەی مانگێک ویزای پێ درابوو.
بێهرووز بووچانی لە کاتی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی نیوزلەند گوتی: “ئیتر قەت ناگەڕێمەوە، تەنیا شتێک کە دەمهەوێ ئەوەیە کە لەو سیستمە ڕزگار بم و لە جێیەک بم کە وەک ئینسان چاوم لێ بکرێ نەک پێم بڵێن پەنابەر.”
ئەم نووسەر و ڕۆژنامەنووسە کوردە ماوەی شەش ساڵ لە چوارچێوەی یاساکانی تایبەت بە کۆچبەرانی ئوسترالیا چاوەڕێی پەنابەریی ئوسترالیا بوو. بێهرووز لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕاپۆرت و ڤیدیۆی لە سەر ژیانی پەنابەرانی ئەو دوورگەیە بڵاو دەکردەوە.
بێهروز بووچانی لەو ماوەیەدا توانی کۆمەڵێک خەڵاتی وەک: خەڵاتی “موڵتی میدیا”ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاپۆرت لە سەر پەنابەرانی ئەو دوورگە، خەڵاتی نەتەوەیی ژیاننامەی کتێبخانەی نەتەوەیی” نیوساوت وێڵز″ وەربگرێ و، هەروەها براوەی خەڵاتی هەزاران دۆلاریی ڤیکتوریا بوو لە مێلبۆرن بە هۆی نووسینی کتێبی “هیچ دۆستێک نییە جگە لە چیاکان”.