کۆمەڵێک لە چالاکانیی باشووری کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی و هاوپێوەندی خۆیان لە چالاکوانانی مەدەنی و دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە و ئەم کردەوە جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیان مەحکوم کردووە.
وێرای دەسخۆشی لەم ئەرکە نەتەوەییە، لەم قۆناغەدا کە دوژمن بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەتبوون و هێدی هێدی سڕینەوەمان دەدا، بەردەوامیی هاوپشتی و وەستانی هەموو پارچەکانی کوردستان لە گەڵ یەکتر تەنیا زامنی سەرکەوتنی تێکۆشان و شکستی دوژمنانمانە.
دەقی ئەم بەیاننامەیە بەم شێوەیە:
“ماوەی مانگێکە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی ھێزە چەکدارەکان ھەڵمەتی تۆقاندن، دەستگیرکردن و ڕاوەدونانیان لەبەرامبەر چالاکانی مەدەنی، مامۆستایانی زمانی کوردی، شانۆکار، نووسەر و ڕۆژنامەنوسانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستپێکردوە و بەپێی دوایین ئامار، زیاتر لە ١٠٠ کەسی خستۆتە زیندانەکانەوە، و ژمارەیەکی بەرچاویش لەترسی گرتن، بنەماڵەکانییان جێھێشتووە و پەنایان بردۆتە بەر وڵاتانی دیکە .
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو ھێزە چەکدار و داپلۆسێنەرانە، لە نیوەشەودا ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەو گەنجانە و جگە لەدەستگیرکردن، بێحورمەتی بە بنەماڵەکانیشیان دەکەن، سەرباری ئەمەش ھۆکار و شوێنی زیندانییەکان بەھیچ کەس ناڵێن و ڕەوشێکی دەروونی خراپیان بۆ کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروستکردوە.
ئەم ڕەفتارانەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، پێشێلکارییەکی ئاشکرای رێککەوتننامە و پەیماننامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤە، بەتایبەتیش مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی چالاکیی سیاسی و پاراستنی شکۆی مرۆڤ.
ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی، ئەکادێمیست، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و ھاوسۆزی ئازادیی لە باشووری کوردستان ، بە دەنگێکی بەرز، ئەو ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکەین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی برا و خوشکانمان لە زیندانەکان دەکەین و لەو باوەڕەش داین ئەم ڕەفتارەی حکومەتی ئێران ناتوانێت تا کۆتایی دەنگی ناڕەزایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کپ بکات.”