شەش بڕیارنامەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوڕای لاوانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست پەسەند کران
شوڕای یەکیەتیی لاوانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست بە زۆرینەی دەنگی بەشداربووان شەش بڕیارنامەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پەسەند کرد.
بڕیارنامەکان بریتی بوون لە:
1- بەفەرمی ناسینی نەورۆزی خاکیپۆشان لە ڕۆژهەڵات و ڕێزگرتن لە تێکۆشانی جەماوەری و شوناسخوازانەی کورد لە ڕۆژهەڵات و بەفەرمی ناسینی سەرجەم هێماکانی ئەم نەورۆزە وەک هەوری و جامانە و جلی خاکی، هەروەها مەحکوم کردنی ڕاشکاوانەی 800 بەناو ڕۆشنبیری فارس کە دژی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردەواریی لە ورمێ و شارەکانی دیکەی کوردستان واژۆیان کۆ کردووە.
2- داواکاری وەگەڕ خستنەوەی پەروەندەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، کە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئۆتریش دەکات فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ هەموو ئەو کەسانە جێبەجێ بکەن کە بەشدار بوون لەو تێرۆرەدا، بەبێ گوێدانە پۆستی حکومی ئێستایان یان پێشوویان.هەروەها پێشنیاری دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ بەردەامیدان بەو کەیسە و هاندانی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فشاری دیپلۆماسی لەسەر هەردوو وڵاتی ئۆتریش و ئێران بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە دادپەروەری لەم کەیسەدا ڕەچاو بکرێت.
3- پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ئەم بابەتە لەوبارەوە دەبێ سەرنجی بخرێتە سەر کە ڕەفتارەکانی ئێران لە بەکارهێنانی مووشەک دژی دانیشتوانی مەدەنی و پشتیوانیکردنی لە گروپە چەکدارە نیابەتییەکان، سەقامگیری ناوچەکەی تێک داوە، جابۆیە ئەم پێشینەیە پێمان دەلێت کە کۆی ئەو تێڕوانینەش ڕەتبکرێتەوە کە ڕێژیمێکی منداڵ کوژ بتوانێ کەڵكی ئاشتیخوازانە لە چەکی ئەتۆمی وەربگرێت.
4- لایەنە نایاسایی و ناپرۆتۆکۆڵییەکانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمانی نۆروێژ و کوڕی شای لەکارلادراوی ئێران و نمایشکردنی ئاڵای نافەرمی یان دانپێدانەنراو شانبەشانی ئاڵای نیشتمانی نۆروێژ لەسەر شوێنی فەرمی پەرلەمان. ئەمە پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی و ڕێکارە حکومییەکانی نۆروێژە و سەرۆکی پەرلەمانی نۆروێژ وەک نوێنەری دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی ئەوەی نییە بەشێوەیەکی تاکلایەنە سیاسەتەکانی دیپلۆماسی نۆروێژ چەواشە بکات. بۆیە بەکارهێنانی ئیمکانات و هێمای پەرلەمانی بۆ کۆبوونەوەکان دەکرێت وەک پشتگیریکردنی دەوڵەتێکی ئورووپایی لە فاشیزمی نوێ لە ئێران لێکبدرێتەوە.
5- بڕیارنامەی پشتیوانی لە مافی منداڵانی پەنابەرانی سیاسی، لە کاتێکدا کە منداڵانی پەنابەرە سیاسییە ئێرانییەکانی نیشتەجێ لە عێراق و وڵاتانی دیکە، ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی سیستماتیکی و ڕەتکردنەوەی مافە بنەڕەتییەکانیان لە بەڵگەنامە و ناسنامە دەبنەوە ، کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنقەست پاسپۆرت و ناسنامەی هاوڵاتی بوون بۆ منداڵانی پەنابەرانی سیاسی وەک جۆرێک لە سزای گشتی و سیاسی ڕەچاو دەکات و پێدانی پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ناسنامە بەو منداڵانەی گرێدەداتەوە بە هاوکاریی هەواڵگری و چالاکیی سیخوڕی لە دژی ئۆپۆزیسیۆن، داواکارین کە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی دەستپێبکەن بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئینکاری بەڵگەنامە وەک ئامرازێکی سەرکوتکردنی سیاسی و، هەروەها دانانی چوارچێوەیەک بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی پەرەپێدانی سیستەمی پشتڕاستکردنەوە و پێدانی پاسپۆرت و ناسنامەی تایبەت و،هەروەها بڕوانامەی بەدیل بەتایبەتی بەمەبەستی خوێندن و وەرگرتنی بورسی خوێندن بۆ ئەوپەنابەرانە.
6- دوایین بڕیارنامە تایبەت بوو بە قۆناغی نوێی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە ئەم بڕیارنامە بە هاوبەشی لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و لاوانی دەم پارتی و لاوانی یەکیەتیی نیشتمانی ئامادەکرابوو و تێیدا داواکرابوو کە گەرەنتی نێودەوڵەتی لە پشت ئەم پڕۆسەیە بێت بۆوەی چیتر کورد نەبن بە قوربانی سیاسەتگوزاری هەڵە و هەڵاواردن لە تورکیا.
شایانی باسە هەر شەش قەتعنامەکە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی بەشداربوو پەسند کران و دەنگی تەواویان هێنایەوە.
شوڕای یەکیەتیی لاوانی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست ڕۆژانی ١٦ و ١٧ی مانگی مەی ٢٠٢٥ بەبەشداری بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە و بە بەبشداری هاورێ کەمال مێحیەدینی نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە “پریشتنینا”ی پایتەختی کۆزۆڤۆ دەستی بەکارەکانی کردو پاش گەنگەشەی سیاسی قۆناغی نوێی کاری ڕێکخراوەیی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە ڕاپۆرتیێک وەک کۆبەندی کاری شۆڕا کۆتایی بەکارەکانی هێنا.