٣٤مین کۆنگرەی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیستی جیهان لەژێر ناوی “دیجیتاڵی بوون، ئاڵەنگاری یان هەڕەشە” بە بەشداری ١٥٠ ڕێکخراوی لاوانی سەد وڵاتی جیاواز لە وڵاتی پاناما بەڕێوەچوو
لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی ژوئەنی ٢٠٢١ کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست بە بەشداری دەیان کەسایەتی و ئەندام پاڕلەمانی ئورووپا و هەروەها ڕێکخراوە دیارەکانی ئورووپا، چالاکییەکانی خۆی بە هەردوو شێوەی حزووری لە وڵاتی پاناما و هەروەها ئانلاین بۆ ئەندامانی بەڕێوەبرد.
سەرەتای کۆنگرە بە وتاری سکرتێری پێشووی ڕێکخراو، خاتوو ئانا پریست خالاڤا دەستی پێکرد، پاشان کورتە ویدیۆیەک سەبارەت بە جوغرافیا و مێژووی وڵاتی پاناما وەک خانەخوێی کۆنگرە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆنگرەدا وتاری خاتوو جوانا ئۆرتێگا، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراو پێشکەش کرا، بڕگەی ناوئاخنی کۆنگرە کە تەرخان کرابوو بە پێشکەش کردنی بابەت و قەتعنامەکان کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی بەشدار لە کۆنگرەدا پێشکەش و گەنگەشەکران، کە ئەمەش هۆکار بوو بۆ ناسینی زیاتری سیاسەت و ڕەوشی وڵاتان و نەتەوە جۆراوجۆرەکان.
شایانی باسە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی ئەم ڕێکخراوە جیهانییە بە قەتعنامەیەکی پوخت سەبارەت بە ڕەوشی ئێران و پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم ڕێژیمە لە ناوچەکەدا، بەشداری تایبەتی ئەم کۆنگرە جیهانییە بوو و نزیک بە سەرجەم ئەندامانی کۆنگرە بە سەرنج و کامێنتی تایبەت، هاوکار بوون لە بەپەسەند گەیاندنی ئەم قەتعنامە جیهانییە کە دەبێتە سەنەدێکی نێونەتەوەیی.
لە بڕگەی کۆتاییدا کە تەرخانکرابوو بە هەڵبژاردنی سکرتاریەتی نوێی ڕێکخراو، بەڕێز برۆنۆ گۆنزالێس بە سکرتێری گشتی و هەروەها بەڕێز ژێزوس تاپیا بە سەرۆکی نوێی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیالیست هەڵبژێردران.