سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، شاندێکی لاوانی باشووری کوردستان لە ژێر ناوی ئەنجومەنی لاوانی کوردستان سەردانی بنکەی سەرەکی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد و لەلایەن شاندی هاوبەشی لاوانی دێموکرات پێشوازییان لێکرا.
سەرەتای دیدارەکە وێڕای بەخێرهاتن کردنی شاندی میوان، پێشەوا عەلی پوور سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسێکی سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی لاوانی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی پێشکەش کرد. پێشەوا عەلی پوور بە ئاماژەدان بە یەکگرتوویی دوژمنانی کورد و هەروەها پەرتەوازە بوونی گوتاری کوردی و بێ هیوایی لاوانی کورد لە یەکنەگرتوویی لایەنە سیاسییەکان، بەستنی کۆنفڕانسی چوارەمی لاوانی چوارپارچەی کوردستانی بە زەروورەتێکی هەنووکەیی ناوزەد کرد و هەروەها بە پشت بەستن بە بڕیارنامەی کۆنفڕانسی سێهەمی لاوانی چوارپارچە، پێشەوا عەلی پوور بەستنی کۆنفڕانسی چوارەمی بە ئەرکی لاوانی ڕۆژهەڵات زانی کە پێشەنگایەتی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە بکەن.
لەمیانەی دانیشتنەکەدا بەشداربوان ڕا و سەرنجی خۆیان سەبارەت بە کاری ڕێکخراوەیی و ئاستی ئیستانداردی ڕێکخراوەیی لاوان خستە ڕوو و هەموو لایەنەکان کۆک بوون کە پێویستە ڕێکخراوەکانی لاوان لە تێکۆشانی خۆیاندا ڕەچاوی پێوەرەکانی بەڕێکخراو بوون بکەن.
بەڕێز مەیسەر نهێلی سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە ڕا و سەرنجی لاوانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بە کۆنفڕانسی لاوان هێنایە گۆڕێ کە جێگای سەرنج و لێ وردبوونەوە بوون.
پاشان بەڕێز پێژمان شەریعەتی سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی لە شێواز و مێکانیزمەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس کرد و بەشداری سەرجەم لایەنەکانی بەگرنگ هەژمار کرد و دەرچوونی بڕیاراتی نەتەوەیی و یەکگرتوانەی کۆنفڕانسی بە گرنگ وەسف کرد.
لە ئیدامەدا بەڕێز ڕێبین عەلی لێپرسراوی سکرتاریەتی ڕێکخراوی ئازادی لاوان وێڕای تەئکید کردنەوە لە قسە و باسەکانی هاوڕێیان، ئیستانداردەکانی کاری ڕێکخراوەیی بەگرنگ و زەروور وەسف کرد.
شایانی باسە شاندی ئەنجومەنی لاوانی باشووری کوردستان پێکهاتبوو لە هەریەک لە بەڕێزان:
مەیسەر نهێلی سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان
ڕێبین عەلی لێپرسراوی سکرتاریەتی ڕێکخراوی ئازادی لاوان
ناجیع حەمە فەرەج لە لاوانی کۆمەڵی دادگەری