کورتە فیلمی (ژیانەوە، ڕابردوو ئیستایە) لە نووسین و دەرهێنانی ئەژین شێخی، سینەماکاری لاوی کورد، بەرهەم هێندرا و ئامادەی پیشاندان و ناردنە بۆ فێستیڤاڵە نێودەولەتییەکانە.
لەمبارەوە ئەژین شێخی، دەرهێنەری لاو ڕاگەیاند: “کورتە فیلمی (ژیانەوە، ئێستا رابردوویە) سیناریۆی خۆمە و خۆشم کاری دەرهێنام بۆی کردووە و بەرهەمی گرووپی (هاوبیرۆکە) کە گرووپێکی خۆبەخشییە بۆ کاری میدیایی و پڕۆداکشن و ئەم کورتە فیلمە کە زمانیی سەرەکیی ئینگلزییە، فیلمێکی درامی و خەیاڵییە و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە ماوەی سێ مانگدا جێبەجێ کراوە و زمانی سەرەکیی فیلمەکەش ئینگلیزییە، بەڵام باس پرس و دۆخی کورد لە زەمنێکی دیاریکراودا دەکات”.
ئەو هونەرمەندە لاوە لەبارەی ناوەرۆک و چیرۆکی کورتە فیلمەکەوە ڕایگەیاند: “هەڵدێر، لە ڕۆژێکی ئاسایی و لە ساڵی ١٩٩١ لە خەو هەڵدەستێت، دەبینێت کەس لە گوندەکەیاندا نەماوە، هەموو شوێنێک بە دوای خەڵکدا دەگەڕێت و کەس نادۆزێتەوە، بۆیە گوندەکە بەجێ دەهێڵێ و لەم گەڕانەیدا تووشی زۆر رووداو دەبێت”.
ستافی ئامادەکار و بەرهەمهێنانی کورتە فیلمی (ژیانەوە، ئێستا ڕابردوویە) بریتین لە:
نووسین و دەرهێنانی: ئەژین شێخی
بەرهەمهێنەر: سۆران ڕەسووڵ
بەڕێوەبەری وێنەگرتن: ڕێبین محەمەد
کاری دەنگ: زانا سەیفووری
ڕووناکی: ڕەوا کوردمان
میوزیک: گەیلان کامەران و محەمەد عومەر
تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی ۳۰۰۰ دۆلار و کارێکی خۆبەخشییە
ئەکتەرەکان بریتین لە “دڵشاد عەلی، محەمەد حەمەدئەمین، ڤێرا راسموسێن هارسبۆ و ئەحمەد تووتنچی” و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کراوە.
ئەژین شێخی، لەدایکبووی ساڵی ۱۹۹۳، لە ساڵی ۲۰۱۹وە کاری بەرهەمهێنانی یەکەم کورتە فیلمی دەست پێکردووە و لە چەندین کاری پڕۆداکشندا بەشداریی کردووە و دوایین کاری وەکوو نووسەر و دەرهێنەر فیلمی ژیانەوەیە.